سه‌رێ كانی كوێیه؟‌.. ئه‌و شاره‌ی توركیا بۆردومانی ده‌كات

:: PM:06:39:09/10/2019 ‌

وێڕای هه‌موو ده‌نگێكی ناڕه‌زایی نێوده‌وڵه‌تی، سه‌رۆكی توركیا واده‌كه‌ی خۆی هێنایه‌ دی و ده‌ستی به‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان كرد و یه‌كه‌م بۆردومانیش شاری سه‌رێ كانی گرته‌وه‌. ئایا گرنگیی ئه‌و شوێنه‌ چییە و بۆچی سوپای تورکیا لەوێوە دەستی بە داگیرکارییەکانی کرد؟

بەپێی ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم (نۆی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر) سوپای تورکیا بۆردومانی زەمینیی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی نزیک شاری سەرێ کانی کردووە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتایییەکان تا ئێستە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئه‌ردۆغان گوێی به‌ كه‌س نه‌دا


ڕەجەب تەییب  ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکەم بۆمبی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەرێ کانی، لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تویتەر" رای گەیاند، مەبەستیان لەو کردەوەگەلە سەربازییە كە بەناوی "كانی ئاشتی" ناوی دەبات، نەهێشتنی هەڕەشەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) و یەكینەكانی پاراستنی گەلە (یەپەگە) لەو ناوچەیە و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمڕۆ دەستیان پێ كردووە.

زیاتر گوتی، مەبەستمان لەناوبردنی ئەو رێڕەوەیە كە لەنزیك سنوورەكانی باشوور دروست بووە و دروستكردنی ئاشتییە لەو ناوچانە، بۆیە لە رێگەی کردەوەگەلی "كانی ئاشتی"یەوە هەڕەشە تیرۆریستییەكان لەناو دەبەین و مسۆگەری گەڕانەوەی ئاوارەكانی سووریا بۆ وڵاتیان دەكەین لە رێگەی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام بۆیان بەهۆی ئەو ئۆپراسیۆنەوە.  
تا ئێستە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هێزی تورکیا و هێزەکانی یەپەگە دروست نەبووە کە ماوەیەکی درێژە ئەو ناوچەیە بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا دەپارێزن. بەپێی سەرچاوەکانی ناو یەپەگەش، دوای ئەوەی چەند یەکەیەکی سوپای ئەمەریکا ئەو ناوچەیەی چۆڵ کردووە، گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵکراوە و هێزەکانی ئەوانیش لە ئێستەدا لە مۆڵگەکانیاندا ماونەتەوە و هیچ چالاکییەکی بەرگرییان نەکردووە.

سه‌رێ كانی له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ زۆر گرنگه‌


سەرێ کانی، شارێکی مێژوویی ڕۆژئاوای کوردستانە، دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگەی حەسەکە و سنووری بە باکوری کوردستانەوەیە. واتە سنووری لەگەڵ تورکیایە و هەر لە ناو شارەکە سوپای تورک لەسەر سنوور دەبینی. مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە.
لە سەردەمی ئارامیدا پێی دەگوترا: کابارا، لە سەردەمی ئاشووریشدا پێی دەگوترا: گۆزانا، لە سەردەمی ڕۆمانیی کۆنیشدا ناوەکەی بۆ: رەسین و تیۆدسلیۆس گۆڕا، دواتر ئاشوورییەکان ناوەکەیان کرد بە: ڕەش عەیناو، کە بە کوردی دەبێتە سەرێ کانی. لە سەردەمی دەوڵەتی ئیسلامیی عەباسیدا سەنتەرێکی بازرگانیی گرنگ بووە و وێستگەیەکی گەورەی هاتوچۆی کاروانە بازرگانییەکان بووە. سەڵاحەدینی ئەیبووبی ماوەی ساڵێک کردوویەتی بە شوێنی حەوانەوەی خۆی. کۆنترین شوێنەواری لەو شارە کە ئێستە مابێتەوە، بۆ سێ هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

شارێكی فره‌نه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌دان ساڵه‌ به‌ ئاشتی پێكه‌وه‌ ده‌ژین


لە شاری سەرێ کانی نزیکی 100 هەزار کەس نیشتەجێن کە تێکەڵەیەکە لە نەتەوەکانی کورد، عەرەب، ئاشووری، سریانی، ئەرمەن، چیچانی و کەمێکیش تورکمانی لێیە و زۆرینەکەی کوردن. بەشێکی زۆری کوردی شارەکە لە کۆچڕەوێکی سەردەمانی پێشوو لە شاری ماردینی باکوری کوردستانەوە لەوێ نیشتەجێ بوون، بۆیە تا ئێستەیش پێوەندیی خزمایەتی لە نێوانیاندا بەردەوامە.

گرنگییه‌ ستراتیجییه‌كه‌ی توركیا هێناوه‌ته‌ هه‌له‌كه‌ سه‌ما


سەرێ کانی، بەهۆی هەڵکەوتە جیۆگرافییەکەیەوە، گرنگییەکی گەورەی ستراتیجی و سیاسیشی بۆ پەیدا بووە، چونکە ڕاستەوخۆ لەسەر سنووری نێوان باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە دەربڕینە سییایییەکەی بەسەریدا سەپاوە پێی دەگوترێ سنووری نێوان باشووری تورکیا و باکوری ڕۆهەڵاتی سووریا.

لە ڕووی جوگرافییەوە ٨٥ کیلۆ مەتر لە حەسەکە و ٩٠ کیلۆمەتر لە قامیشلۆ دوورە و سەرچاوەی ڕژانی ئاوی خابوورە لە باکوری کوردستانەوە بۆ ڕۆژهەڵات، هەر لەبەر ئەوەیشە پێی دەگوترێ سەرێ کانی. کاتێکیش سەرچاوەی ئاو بە ناوچەیەکدا پێپەڕ بێت، گرنگییە ستراتیجییەکەی هێندەی تر گەورە دەکات. چونکە لەو شوێنە دەکرێ بە بەنداوێک شەڕی سیاسیی گەورەی پێ بکرێ. 
تورکیا کە هاوشانی ئێران، ساڵانێکە بۆ شەڕی داهاتووی ناوچەکە خۆیان ئامادە کردووە کە ئەویش شەڕی ئاوە، بۆیە لەو ڕووەوە زیاتر گرنگیی بە داگیرکردنی ئەو ناوچەیە پێش هەر شوێنێکی تر دەدات، ئەمە جیا لە بیانووی بوونی هێزی چەکداریی یەپەگە.
هەڵبەت جیا لە ڕووباری خابوور، چەند کانیاوێکی گەڕاوی لێیە کە ئەویش بەهۆی زۆریی کانزای کبریت دروست دەبێ و خۆی لەخۆیدا گەنجینەیەکی دیکەی خاکەکەیەتی.

ئەگەر زلهێزانی دنیا سنوورێک بۆ ئەم هێرشانەی ئێستەی تورکیا دانەنێن، ئەوا چاوەڕێ دەکرێ گوژمێکی تری ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان دروست ببێتەوە و یەکەم شوێنیشیان کە هانای بۆ دەبەن، باشووری کوردستانە. 
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو، سەرۆک بارزانی لەڕێگەی ڕووسیا و ئەوروپا و ئەمەریکاوە هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر کۆچی کوردان لەو بەشەی کوردستان دروست نەبێتەوە.




وشە - كوردۆ شابان