ئەڵمانیا: ئۆپراسیۆنەكەی توركیا یارمەتی دەركەوتنەوەی داعش دەدات

:: PM:06:57:09/10/2019 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەم توركیا دەستی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكی لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ سەر ناوچە كوردییەكان كرد، ناڕەزایی و سەركۆنەی نێودەوڵەتی بەردەوامە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رای گەیاند كە ئەو هێرشە سەقامگیری ناوچەكە تێكدەدات و داعش دەگەڕێنێتەوە.

ناوچەكە دەشێوێت و جموجۆڵی داعش دەگەڕێتەوە
هایكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە توركیا ناوچەكە دەخاتە ناو مەترسی شێوانی سەقامگیری و گەڕانەوەی جموجۆڵەكانی رێكخراوی داعش، هاوكات هێرشەكەی توركیا كارەسانێكی گەورەی مرۆیی نوێ دروست دەكات و وا دەكات لێشاوی زیاتری ئاوارەبوون دروست ببێت.

توركیا ئۆپراسیۆنەكە بوەستێنێت
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە توركیا كرد كە ئۆپراسیۆنەكەی بوەستێنێت و هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییە تەناهییەكانی بە رێگەچارەی ئاشتیانە بدات.

ئەمڕۆ فڕەنسا بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكەی توركیای كرد بۆ سەر باكوری سووریا و گەیاندییە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئیمیلی دو مۆنشالان، وەزیری كاروباری ئەوروپای فڕەنسی گوتی، فڕەنسا بەتوندی سەركۆنەی ئەو ئۆپراسیۆنەی توركیا دەكات و داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ باسكردنی ئەو بابەتە كردووە. 

زیاتر گوتی، هەریەك لە فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا خەریكی ئامادەكردنی راگەیاندنی هاوبەشن كە تیایدا دووپاتی سەركۆنەكردنی توندی ئەوەی لە سووریا روودەدات دەكەنەوە و داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەین.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل