سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان: هەرچی زووە ئۆپراسیۆنەكەی توركیا بوەستێنرێت

:: PM:11:23:09/10/2019 ‌

ئەمڕۆ سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە ناو خاكی سووریا بۆ سەر ناوچە كوردنشینەكانی رۆژهەلاتی فورات دەست پێ كرد و ناڕەزایی زۆری نێودەوڵەتی لێ كەوتەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان راگەیندراوێكی بەو بۆنەیەوە بڵاو كردەوە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی، داوای وەستانی ئەو ئۆپراسیۆنە و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكانی كرد. 


لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: 

پەرلەمانی  هەریمی كوردستان، بە نیگەرانییەكی قوڵەوە لە لەشكركیشی سوپای توركیا بۆ چەند ناوچەیەكی جیاجیای رۆژئاوای كوردستان دەروانێت و داوا دەكەین هەرچی زووە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێنرین و لە ریگای دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەوە كێشەكان چارەسەر بكرین.

ناوچەكە هیشتا لە قۆناغیكی هەستیار و ناجێگیردایە
دۆخی ناوچەكە هیشتا لە قۆناغیكی هەستیار و ناجێگیردایە و شەری تیرۆر كۆتایی نەهاتووە و گەلانی ناوچەكە لە نەهامەتی و ناسەقامگیریدا دەژین و پیمان وایە ئەم لەشكركیشیە نەك چارەسەری كیشەكان ناكات، بەڵكو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتی دوورتر دەخاتەوە.

داوا لە كۆمەڵگای نیوەدەڵەتی دەكەین، بە تایبەتی ئەمەریكا و روسیا و بەریتانیا و فڕەنسا ، هەموو هیزو توانایان بخەنە گەڕ بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەو ریگرتن لە ناسەقامگیری زیاتر و هەوڵدان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی نوێ بۆ دانوستاندن.

بە توندی ئیدانەی هەر جۆرە پەلامارێك دەكەین
بە توندی ئیدانەی هەر جۆرە پەلامارێك دەكەین كە هاووڵاتییانی سیڤیل بە ئامانج بگریت لەهەر لایەكەوە بیت. پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی تەواو لە بوونی دیالۆگ و گفتوگۆ دەكات لە سەر ئاستی هەریمایەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی كیشەكانی ناوچەكە.

گەلی كوردستان، بە شانازییەكی زۆرەوە پیشەنگی خەبات و قوربانی بووە لە شكست پیهێنانی تیرۆریستانی داعش و هینانەدی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی. بەردەوامی ئەم دۆخە نەخوازراوە سەربازییەی سەر رۆژئاوای كوردستان ، زەمینەی زیاتر بۆ تیرۆرسیتان دینیتە ئاراو دەستكەوتەكانی شەری تیرۆر لە ناو دەبات و بەوەش ئاشتی هەریمایەتی و جیهانی دەكەویتە بەردەم هەرەشەی جددیەوە.

پەرلەمانی كوردستان بەردەوام پشتیوانی چارەسەری ئاشتییانەو دیموكراسییانەی دۆزی رەوای خەلكی كوردستانە لە هەر پارچەیەك بیت.

 داوا لەسەرجەم هیز و لایەنە كوردستانیەكان دەكەین، هەموو ناكۆكییەكی سیاسی بخەنە لاوەو لە سەر بنەمای حیكمەت و دووربینی سیاسی، پیكەوە لە خەباتی ئاشتییانەو دیپلۆماسیانە و مەدەنیانە بەردەوام بن بۆ كۆتایی هینان بەم دۆخە نەخوازراوە.

پەرلەمانی كوردستان بەردەوام بە دواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەكات و ئامادەكاری بۆ دانیشتنێكی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای كوردستان دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل