لیندسی گراهام خاڵە سەرەكییەكانی سزا ئابوورییەكانی سەر توركیا ئاشكرا دەكات

لیندسی گراهام سیناتۆری بەناوبانگی كۆمارییەكان
:: AM:09:40:10/10/2019 ‌
لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان، خاڵە سەرەكییەكانی سزا ئابوورییەكانی سەر توركیا ئاشكرا دەكات، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ راگەیاندنی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان. بەگوێرەی ناوەڕۆكەكەش بێت، ئەوا سزاكە سەرۆكی توركیا و جێگر و ژمارەیەك لە وەزیری وەزارەتە سەروەرییەكانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 10ی تشرینی یەكەم، لیندسی گراهام سیناتۆری بەناوبانگی كۆمارییەكان و دۆستی كورد، بەشێك لەو سزا ئابوورییانەی ئاشكرا كرد كە چاوەڕوان دەكرێت لە كۆنگرێسی ئەمەریكا تاوتوێ بكرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.

هەریەكە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، جێگری سەرۆك، وەزیرانی بەرگری، دەرەوە، ئابووری، بازرگانی و سامانە سروشتییەكانی توركیا لە لیستی سزا ئابوورییەكە دەبن
بەگوێرەی ئەوەی بڵاو كراوەتەوە، هەریەكە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، جێگری سەرۆك، وەزیرانی بەرگری، دەرەوە، ئابووری، بازرگانی و سامانە سروشتییەكانی توركیا لە لیستی سزا ئابوورییەكە دەبن.

لیندسی گراهام، سوپاسی ڤان هۆلنی سیناتۆر كرد كە هاوكاری بووە لە نووسینەوەی رەشنووسی سزا ئابوورییەكانی سەر توركیا، رەشنووسەكەش لە هەشت بەش پێكدێت و دیارترین خاڵیشی ئەمانەن:
1-سەپاندنی سزا لەسەر بازرگانی سەربازی لەگەڵ توركیا.
2-سزادانی سێكتەری وزەی توركیا.
3-راگرتنی یارمەتی سەربازی ئەمەریكی بۆ توركیا.
4-راگرتنی پێدانی ڤیزا بە سەركردە توركەكان لە سەردانیان بۆ ئەمەریكا.
  
لیندسی گراهام كە سیناتۆرێكی زۆر نزیكە لە دۆناڵ ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، لە تویتێكدا دەڵێ، هەوڵەكان چڕ دەكەینەوە تا سەرۆكی توركیا باجێكی مەزنی ئەو لەشكركێشییە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بدات، داواشی لە سەرۆكی ئەمەریكا كرد كە گۆڕانكاری لە رێڕەوەكە بكات كە هێشتا كات ماوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر بنەما راستەكە كە پێشتر بە باشی كاری دەكرد.




وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 8261 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌