له‌م ماوه‌یه‌دا لیژنه‌یه‌كی بچووككراوه‌ی ده‌ستپاكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی هه‌رچوار مه‌رزه فه‌رمییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كرد، سه‌رۆكى لیژنه‌كه ده‌ڵێ، له هه‌موو مه‌رزه‌كان گه‌نده‌ڵی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به سیستمی ئه‌لیكترۆنی رێك بخرێن، ئه‌وا قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵی كه‌متر ده‌بێته‌وه. سه‌عید هه‌ركی باس له كۆمه‌ڵێك خاڵی زۆر وردی ناو مه‌رزه‌كان ده‌كات و پێی وایه، مه‌رزه نافه‌رمییه‌كان كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ن.
هه‌ركی كه جێگری سه‌رۆكى لیژنه‌ی ده‌ستپاكی و سه‌رۆكى لیژنه‌ی به‌دواداچوون بۆ مه‌رزه‌كان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێ، كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا له مه‌رزه‌كان هه‌ن داهاته‌كانیان ته‌نیا بۆ خۆیانه و زیاده‌ن، هه‌روه‌ها رێژه‌ى دابه‌شكردنی پاره‌ی پشكنینه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیا تایبه‌ته‌كان 80%ـی بۆ خۆیانه.
له مه‌رزی باشماخ زیاتر له هه‌زار ئۆتۆمبێل راگیراون و رێ نادرێت بێنه ژووره‌وه و ناشگهڕێنرێنهوه
هۆكار چی بوو سه‌ردانی مهرزهكانتان كرد؟
له‌سه‌ر راپۆرتی هه‌ردوو په‌رله‌مانتاران عه‌لی حه‌مه‌ساڵح سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان و دابان محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری گۆڕان، له‌وێدا كۆمه‌ڵێك خاڵ هه‌بوون، له‌وانه دوو جۆر به‌خشین له دانی باج و گومرگ، به‌خشینێك هی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان، به‌پێی یاسای ژماره 20ـی ساڵی 1996 كه هه‌ر وه‌به‌رهێنێك پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانی هه‌بێت، له هێنانی كه‌لوپه‌ل بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ له وه‌رگرتنی گومرگ ده‌به‌خشرێت، به‌خشینێكی تریش هه‌یه له ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیری دارایدایه.
راپۆرته‌كه كۆمه‌ڵێك خاڵی تێدایه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لیژنه‌ی ده‌ستپاكی و كاروباری په‌رله‌مان، دوو لیژنه‌ی لاوه‌كی دروست كرد بۆ به‌دواداچوون و سه‌ردانی مه‌یدانی ده‌روازه سنوورییه‌كانی كرد، سه‌ره‌تا چووینه حاجی ئۆمه‌ران، دواتر باشماخ، په‌روێزخان و ئیبراهیم خه‌لیل، له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانانه، هه‌ندێك پرسیارمان لا دروست بووه، وه‌ك لیژنه پاش كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی و ته‌ندروستى و ناوخۆ و لایه‌نه پێوه‌نداره‌كانی تر، ده‌یكه‌ینه راپۆرتێك و ده‌یده‌ین به سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان.
ماستی ماوه‌به‌سه‌رچوو له پشكنینی فیزیایی ده‌رچووه
ده‌روازه سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق یه‌كخراون، له‌مه‌دا جیاوازی له جێبه‌جێكردن هه‌بوو، یان كه‌موكوڕی چی بوو؟
جیاوازی له جێبه‌جێكردن نه‌بوو، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندی عێراقی كێشه‌یه‌كی هه‌یه، بۆ نموونه پشكنینی كیمیایی بۆ پلاستیك ناكرێت كه به‌كار دێت بۆ قاپ و قاچاغ و شته‌كانی دروستكراو له پلاستیك، ده‌روازه‌كان بۆیان هه‌یه بیكه‌ن یان نا، به‌ڵام بۆ بوتڵی پلاستیكی ئاو ده‌كرێت. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، تایبه‌تمه‌ندی عێراقی پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه كه پشكنین بۆ هه‌موو شتێك بكرێت.
له ده‌روازه‌كان پشكنینی كیمیایی و فیزیایی ده‌بێ بكرێت، له هه‌موو ده‌روازه‌كان هه‌یه؟
به‌ڵێ هه‌بوون، به‌ڵام چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ئه‌هلی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن كه 80%ـی رسووماتهكه بۆ خۆیانه و ئه‌وه‌ی تر بۆ حكوومه‌ته، پێویسته ئه‌وه‌ش رێكبخرێت و ناكرێ ئه‌و بڕه زۆره بۆ كۆمپانیا بێت.
له هه‌ندێك شوێن حكوومه‌ت پشكنینی فیزیایی ده‌كات، به بۆچوونی من پێویسته ئه‌وه‌ش به كه‌رتی تایبه‌ت بدرێت، به نموونه له حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ حكوومه‌ت ده‌یكات، چونكه له به‌دواداچوونمان له باشماخ، ماست هه‌بووه له پشكنینی فیزیایی ده‌رچووه، كه‌چی ماوه‌ی به‌سه‌رچووه، چونكه ئه‌گه‌ر مێژووی دروستكردن و به‌سه‌رچوون به لێزه‌ر له‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كان بنووسرێت، ئه‌وا به په‌نجه ناسڕێته‌وه، كه‌چی ئه‌و ماسته‌ی باسی ده‌كه‌م، خۆم به ده‌ست سڕیمه‌وه پاش ئه‌وه‌ى له پشكنینی فیزیایی ده‌رچوو بوو.
بۆ پێت وایه بدرێت به كۆمپانیا باشتره؟
كۆمپانیا له‌به‌ر ئابڕووی خۆی فێڵ ناكات، به‌ڵام كارمه‌ندی حكوومه‌ت ره‌نگه به‌رانبه‌ر بڕێك پاره به‌ڕێی بكات. پشكنینه‌كان له ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل زۆرباش ئه‌نجام ده‌درێن، باشترین مه‌رزیش له رووی كارگێڕی و ئامێری پێشكه‌وتوو و سیستمه‌وه، ئیبراهیم خه‌لیل بوو، بۆیه هیچ گومانم له‌و خواردنانه نییه كه له‌وێوه دێنه كوردستانه‌وه، خۆم و منداڵه‌كانمان بیخۆین كێشه‌مان نابێت.
له حاجی ئۆمه‌ران بازرگانێك گوتی، بارێك خورمام هێنابوو له مه‌رزه‌كه رێ‌یان نه‌دا بێته ژووره‌وه، به‌ڵام به هه‌زار و 200 دۆلار له مه‌رزی كێلێ هێنابوویانه ناو چۆمان.
ئه‌ى له سێ ده‌روازه‌كه‌ی تر؟
له‌وانیش ئه‌گه‌ر دڵنیابم له مه‌رزه‌كه هاتووه‌ته ژووره‌وه، به‌ڵام یه‌كێك له كێشه‌كان بوونی ده‌روازه‌ى تری نافه‌رمین. له حاجی ئۆمه‌ران بازرگانێك گوتی، بارێك خورمام هێنابوو و له مه‌رزه‌كه رێ‌یان نه‌دا بێته ژووره‌وه، به‌ڵام به هه‌زار و 200 دۆلار له مه‌رزی كێلێ هێنابوویانه ناو چۆمان.
به‌گشتى ده‌روازه‌كانی تر پێویستیان به پێشخستن هه‌یه، تا ئێسته سیستمی بانكی له مه‌رزی پەروێزخان نییه، پاره‌ى داهات به گونیه ده‌گوازرێته‌وه بۆ سلێمانی یان كه‌لار. ئه‌و مه‌رزه زۆر بێسه‌روبه‌ره و حكوومه‌ت پشتگوێی خستووه، وه‌ك بازگه‌یه‌كی كۆنی پێشمه‌رگه وایه، به پێچه‌وانه‌وه له ئیبراهیم خه‌لیل هه‌موو شتێك به ئه‌لیكترۆنی كراوه و سیستمێكی زۆر جوانیان داناوه و به تابلۆی گه‌وره روون كراوه‌ته‌وه، له حاجی ئۆمه‌رانیش وه‌ك پێویست نییه.
له باشماخ تازه باڵه‌خانه‌یه‌ك دروست كراوه، به نووسراوی فه‌رمی داوای 150 دۆنم زه‌وییان كردووه بۆ فراوانكردنی مه‌رزه‌كه، هێشتا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌دراوه.
كه‌واته ده‌روازه نافه‌رمییه‌كان كه‌ناڵی هێنانی ئه‌و كاڵایانه‌ن كه له مه‌رزه‌كان ره‌ت ده‌كرێنه‌وه؟
بێگومان، ده‌بێ ئه‌و ده‌روازانه به فه‌رمی بكرێن یان دابخرێن، یانیش رێ نه‌درێت جگه له هاتوچۆی هاووڵاتییان، كاڵای تێدا بێته ژووره‌وه، ئه‌وه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و ژماره‌ی ئه‌و دهروازانهیش زۆرن. له‌و ده‌روازانه پۆلیس هه‌ن، هیچ ئامێرێكی پشكنین نییه، بۆیه ئه‌مه ده‌بێته یه‌كێك له خاڵه‌كانی راپۆرته‌كه‌مان و له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت باسی ده‌كه‌ین.
باس له به‌خشین ده‌كرێت له مه‌رزه‌كان، له سه‌ردانتان بۆ مه‌رزه‌كان ئه‌وه كراوه؟
به‌ڵێ له مه‌رزی باشماخ به نووسراوی رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی رێ به هاتنه ناوه‌وه‌ی سێ هه‌زار كارتۆن هێلكه دراوه، ئه‌گه‌رچی هاتنه ژووره‌وه‌ی قه‌ده‌غه بووه و وه‌زیریش به یاسا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه. ئه‌مه به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌كه پشتڕاستى كرده‌وه و نووسراوی وه‌زیری پێ نیشان داین.
به‌ڵام عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ده‌ڵێ به‌ناوی تڕانزێت و گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل بۆ سووریا، شیش و ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزیمیش هاتوونه‌ته ژووره‌وه؟
ئه‌وه‌مان به‌رچاو نه‌كه‌وت، به‌ڵام له مه‌رزی باشماخ ئه‌و كاته‌ی سه‌ردانمان كردن، گوتیان 500 ئۆتۆمبێل له مه‌رز راگیراون و رێ نادرێت بێنه ژووره‌وه، ئێسته ژماره‌كه بۆ هه‌زار و چه‌ند دانه‌یه‌ك زیادی كردووه.
جگه له‌وه زانیاریمان هه‌بوو دگی مه‌ڕ كه قه‌ده‌غه كراوه، هاتووه‌ته ژووره‌وه، به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌رزی باشماخ ئه‌وه‌ی پشتڕاست كرده‌وه كه 24 تۆن دگی مه‌ڕ هاتووه‌ته ژووره‌وه، ئه‌و ده‌مه‌ی بارهه‌ڵگره‌كه چووه‌ته به‌رده‌م ئامێری سۆنار، فه‌رمانبه‌ره‌كه پسووله‌ى سۆناری نه‌داوه‌تێ، به‌ڵام هه‌فته‌ى دواتر به‌هه‌مانشێوه دوگی له‌ناو كه‌لوپه‌لی تر شاردووه‌ته‌وه، له پسووله‌ی سۆنار ئاماژه‌ى پێ كراوه و ئاشكرا بووه، پاش به‌دواداچوون ده‌ركه‌وتووه ئه‌و باره‌ى له 26ـی ئابی رابردوو هاتووه‌ته ژووره‌وه، پسووله‌ی بۆ نه‌كراوه، له‌سه‌ر ئه‌وه فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی سه‌ر ئامێری سۆنار سزا دراوه.
ئه‌و راپۆرته‌ی كاك عه‌لی و كاك دابان كردوویانه، ده‌بوو به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌بووایه، كه نیانه، سه‌لماندنی ئاسان نییه.
كێشه‌ى ده‌رمان له هه‌رچوار مه‌رزه‌كه هه‌یه
باشه ئه‌و ئۆتۆمبیلانه بۆ ناگه‌ڕێننه‌وه كه یاسا رێ‌یان پێ نادات؟ هه‌ست ناكه‌ی ورده ورده ده‌خرێنه ژووره‌وه؟
به به‌ڕێوه‌به‌ری مهرزهكهمان گوت ئه‌مه حیله شه‌رعییه، بۆیه ئه‌مه‌ش یه‌كێك ده‌بێت له خاڵه‌كانی راپۆرته‌كه‌مان و داوا له حكوومه‌ت ده‌كه‌ین ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی رێ‌یان پێ نادرێت، ده‌بێ ماوه‌یه‌كیان بۆ دیاری بكرێت و له‌وێ نه‌مێنن، پاش ئه‌و ماوه‌یه ئۆتۆمبێله‌كان ده‌بن به موڵكی حكوومه‌ت با بیده‌ن به كارگه‌ى شیش، یان هه‌ر شتێكی تری لێ بكه‌ن.
ته‌نانه‌ت ئه‌و حاڵه‌ته له مه‌رزی په‌روێزخانیش هه‌بوو، چه‌ند سه‌د دانه ئۆتۆمبێلێك هه‌ن كه مۆدێلیان له خوار 2018ـیه، فول مواسه‌فاتن و ئۆتۆمبێلى به‌رزن، پێم وایه هه‌وڵ هه‌یه بهێنرێنه ژووره‌وه.
ده‌ته‌وێ بڵێی له حاجی ئۆمه‌ران و ئیبراهیم خه‌لیل ئه‌و كێشانه نییه؟
نه‌خێر، ته‌نیا له په‌روێزخان و باشماخ هه‌ن.
كه‌واته پێوه‌ندی هه‌یه به ده‌ستوه‌ردانی حزب و به‌رپرسان؟
به حیسابی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ى باشماخ پێشتر هه‌بووه، ئێمه‌ش له‌و سه‌ردانه هه‌ستمان كرد ده‌ستوه‌ردانی حزبی نه‌ماوه، ته‌نانه‌ت كاك مه‌ریوان به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌رزی باشماخ پله‌ى لیوایه، وه‌زاره‌تى دارایی كردوویه‌تى به به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌رزه‌كه و هه‌ست ده‌كه‌م خۆی كه‌سێكی زۆر ده‌ستپاكه.
له میدیاكاندا وا باس ده‌كرێن كه كۆمپانیاكانی مه‌رزه‌كان هی به‌رپرسانی حزبن، قازانجهكهیشیان بۆ ئه‌وانه، چیتان بینی؟
به‌پێی به‌دواداچوونی ئێمه، ئه‌وه‌مان به‌رچاو نه‌كه‌وتووه. ئێمه له مه‌رزه‌كان به جیا له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت، پۆلیس، كارمه‌ندی كۆمپانیاكان، شوفێر و بازرگان و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له كه‌مپه‌كان كار ده‌كه‌ن، قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كمان نه‌كه‌وته ده‌ست كه كۆمپانیاكان هی به‌رپرسانن. بۆ ئه‌مه‌ش به نووسراوی فه‌رمی داوا له وه‌زاره‌تى دارایی ده‌كه‌ین زانیاریمان بداتێ له‌سه‌ر كۆمپانیا تایبه‌ته‌كانی ده‌روازه‌كان.
كه‌واته قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵی له مه‌رزه‌كان چه‌نده؟
ناتوانین ده‌ستنیشانی بكه‌ین، به‌ڵام بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌گه‌ر سیستمه‌كه به ئه‌لیكترۆنی بكرێت، ئه‌وا قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵی كه‌متر ده‌بێت. بڵێی گه‌نده‌ڵی له‌و مه‌رزانه نییه، ناتوانم وا بڵێم، گه‌نده‌ڵی هه‌یه، به‌ڵام به‌ڵگه و زانیاری به‌رده‌ست ناكه‌وێت، چونكه ده‌توانن هه‌ر نووسراوی بۆ نه‌كه‌ن و یه‌كسه‌ر بێته ژووره‌وه، له‌و كاته‌دا چی ده‌كه‌یت؟ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه.
چ كێشه‌یه‌كی تر له مه‌رزه‌كان هه‌یه؟
یه‌كێك له كێشه‌كانی تر بوونی هه‌ندێك ئامێره له مه‌رزه‌كان و نه‌بوونی له مه‌رزێكی تر. بۆ نموونه پشكنینی كاشی له مه‌رزی باشماخ هه‌یه، له‌وێ به به‌رچاوی خۆم كاشی پشكنینی بۆ كرا و ره‌ت كرایه‌وه بێته ژووره‌وه. له ده‌ره‌وه شوفێری بارهه‌ڵگره‌كه پێی گوتین ئه‌و پشكنینه له په‌روێزخان نییه و ئێسته باره‌كه ده‌به‌مه ئه‌وێ و ده‌یخه‌مه ژووره‌وه، پێشتریش هێناومه‌ته ژووره‌وه. كه‌واته ئه‌وه یه‌كێكه له كێشه‌كان و ده‌بێت له هه‌موو مه‌رزه‌كان وه‌ك مه‌رزی ئیبراهیم خه‌لیل ته‌واوی پشكنینه‌كان هه‌بێت.
خاڵێكی جوان كه له ئیبراهیم خه‌لیل تێبینیمان كرد، كه‌لوپه‌لێكی ئێكسپایه‌ر دێته ژووره‌وه، كارگێڕی مه‌رزه‌كه مه‌رجی ئه‌وه له‌سه‌ر كۆمپانیا یان بازرگانه‌كه داده‌نێت یان ده‌بێ له ئاگردانی (مه‌حره‌قه)ـی مه‌رزه‌كه له‌ناو بچێت، یانیش ده‌بێ بیگه‌ڕێنێته‌وه كارگه‌ی دروستكه‌ر و پسووله‌ى وهرگرتنهوهكهیش له كارگه‌كه وه‌ربگرێت و بیداته‌وه به مه‌رز، ئه‌مه زۆر گرنگه، به‌ڵام له مه‌رزه‌كانی تر نییه و ته‌نیا پێیان ده‌ڵێن بیگه‌ڕێننه‌وه، ته‌نانه‌ت ئاگردان له مه‌رزه‌كانی تر نییه.
كه‌واته بۆ له ئیبراهیم خه‌لیل هه‌موو پشكنینه‌كان هه‌یه و له مه‌رزه‌كانی تر نییه؟
ئه‌مه‌ش یه‌كێك ده‌بێ له خاڵه‌كانی راپۆرته‌كه‌مان و له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت تاوتوێی ده‌كه‌ین.
به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ی باسی ده‌كه‌یت هی 27 ساڵ حوكمڕانییه، به‌رژه‌وه‌ندی كێ له‌وه‌دایه ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه به‌رده‌وام بێت؟
به‌شی زۆری پشكنینه‌كان دوو ساڵه ده‌كرێن له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ت، پێشتر كه حكوومه‌ت ده‌یكرد زۆر له‌وه‌ى ئێسته خراپتر بوو. وه‌ك سه‌عدی هه‌ركی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام پشكنینه‌كان بدرێن به كه‌رتى تایبه‌ت، ئه‌وان له‌به‌ر پاراستنی ئابڕووی خۆیان رێ به تێپه‌ڕاندنی شتی خراپ ناده‌ن، ته‌نانه‌ت شوفێری ئۆتۆمبێله‌كانیش ئه‌وه‌یان بۆ پشتڕاست كردینه‌وه.
ئه‌ى بابه‌تی ده‌رمان؟
كێشه‌ى ده‌رمان له هه‌ر چوار مه‌رزه فه‌رمییه‌كه هه‌یه، ده‌رمان به‌مجۆره دێت، لیسته‌كه ده‌درێت به مه‌رزه‌كه و باری ده‌رمانه‌كه دێته ژووره‌وه و ده‌چێته كوالێتی كۆنتڕۆڵی ده‌رمان، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وێدایه كێ ده‌زانێ له‌و ماوه‌یه چی روو ده‌دات؟ بۆیه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌بێت له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستى قسه بكه‌ین، پێمان باشه وه‌ك كاڵاكانی تر پاش وه‌رگرتنی نموونه لێیان و ده‌رچوونیان له كوالێتی كۆنتڕۆڵی ده‌رمان، ئینجا رێی هاتنه ژووره‌وه‌یان پێ بدرێت.
كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا له مه‌رزه‌كان هه‌ن بوونه‌ته بارگرانی به‌سه‌ر هاووڵاتییان و بازرگانه‌وه، وه‌ك كۆمپانیای بیمه به نموونه، ئه‌مه چۆن رێكخراوه؟
به فه‌رمی داوای گرێبه‌ستى كۆمپانیاكان له وه‌زاره‌تى دارایی ده‌كه‌ین، به گرێبه‌ستى هه‌موویاندا ده‌چینه‌وه، پێمان باشه كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا هه‌ن زیادن وه‌ك كۆمپانیای بیمه كه پێنج هه‌زار دینار له هه‌ر گه‌شتیارێكی بیانی وه‌رده‌گرێت به‌رانبه‌ر له ئه‌ستۆگرتنی سه‌لامه‌تی، به‌ڵام ئه‌و ئه‌ركه جێبه‌جێ ناكات، یان قه‌پان له هه‌ندێك مه‌رز هی حكوومه‌ته و له هه‌ندێك دراوه به كه‌رتی تایبه‌ت، ده‌بێت قه‌پان هی حكوومه‌ت بێت كه بۆ هه‌ر بارهه‌ڵگرێك پێنج هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن، له هه‌ر مه‌رزێك رۆژانه نزیكه‌ى هه‌زار و 200 بارهه‌ڵگر هاتوچۆ ده‌كه‌ن، داهاتی رۆژانه‌ی ده‌گاته شه‌ش ملیۆن دینار و مانگانه‌ش ده‌گاته 180 ملیۆن دینار، ئه‌و داهاته بۆچی بۆ كۆمپانیای ئه‌هلی بێت؟.
جگه له‌مه، نووسینگه‌ی بازرگانی هه‌ن كه كاری تۆماری بارهه‌ڵگر و حهواڵهكردنیان ده‌كه‌ن، ئه‌وانه هه‌موویان گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت هه‌یه و رۆژانه داهاتێكی باش كۆ ده‌كه‌نه‌وه، ده‌كرێ ئه‌و داهاته بۆ حكوومه‌ت بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌بێت به رێژه‌ى قازانجی كۆمپانیاكاندا بچینه‌وه و نابێ 80%ـی داهات بۆ ئه‌وان بێت و 20%ـی بۆ حكوومه‌ت.