ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی نەخۆشيیە دەروونیەکانە

:: PM:10:02:10/10/2019 ‌
10ی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی نەخۆشیە دەروونیەکانە و لەسەرانسەری دنیایش بە چالاکییە جۆراوجۆرەکان یادی دەکرێتەوە، ئامانج لە دیاریکردنی ئەمڕۆ وەکو ڕۆژی جیهانی نەخۆشیە دەروونیەکان هێنانە سەرخەتی وڵاتانی نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە چارەسەری نەخۆشی دەروونی بکات.

پشتیوان محەمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید سەڵاح کە تایبەتە بە نەخۆشانی دەروونی پیاوان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نەخۆشخانەکە لە 2011 ەوە دروست بووە و لەو کاتەوە تا ئێسته‌ زیاتر لە 750 نەخۆشی دەروونیان چارەسەر کردووە و ئێسته‌ زیاتر لە 45 نەخۆش لەناو نەخۆشخانەکەدا ماون و لەژێر چارەسەردان، کە تەمەنی ئەو نەخۆشانە لەنێوان (16 – 60) ساڵیدایە.

ئاماژەی بەوەیشدا، ئەو کەسانە لە نەخۆشخانەکەدا دەمێننەوە کە تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا و نەخۆشی مایپۆلەر (تێکچوونی میزاجی) و هاوشێوەکانی و لە ڕێگەی چارەسەر بە دەرمان و کۆمەڵایەتی چارەسەریان دەکەین.

"بەشێک لە چارەسەرییەکان دەبێت کۆمەڵایەتی بێت و کەسوکاری نەخۆشەکە سەردانی بکات و لایەنی دروونی باشتر بێت و زووتر بنێردرێتەوە ناو کۆمەڵگە، وە لە ڕووی چارەسەری بە دەرمان دەبێت نەخۆشەکان لەکاتی خۆیدا دەرمان بخۆن، بەڵام کاتێک ئێمە نەخۆشێک چارەسەر دەکەین و دەینێرینەوە ماڵەوە، کەسوکارەکەی لە کاتی خۆیدا دەرمانی نادەنێ و دیسان تەندروستیان تێک دەچێتەوە"، پشتیوان وای گوت.

ڕێژەی تووشبون بە نەخۆشی دەروونی زیادی کردووە
سامان سیوەیلی، پسپۆڕی دروونی، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم نەخۆشیە دەروونیەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە، لەمساڵانەی دوایدا ڕێژەی تووشبون بە نەخۆشی دەروونی زیادی کردووە، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێسته‌ خەڵک هۆشیارە و ڕوو لە سەنتەرە دەروونیەکان دەکەن کە لە ڕابردوودا خەڵک نەخۆشەکانیان دەبردە لای شێخ و مەلا، بەڵام ئێسته‌ دەیانبەنە سەنتەرەکان.

زیاتر گوتى، 400 جۆر نەخۆشی دەروونی هەیە لە دنیادا، وە شیزۆفرینیا و وەسواسی لە پاکوخاوێنی یان وەسواسی بە گشتی زیادیکردووە، کە شیزۆفرینیا ترسناکترین جۆری نەخۆشیە دەروونیەکانە کە دەبێتە هۆی تێکچوونی باری ژیری کەسەکان و ڕەنگە زیان بە خۆی یاخود دەوروبەرەکەی بگەیەنێت، ژنان چوارهێندەی پیاوان زیاتر هەوڵی خۆکوشتن دەدەن بەهۆی نەخۆشیە دەروونیەکانەوە، بەڵام پیاوان دوو هێندەی ژنان زیاتر خۆیان دەکوژن.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد


وشە - محەمەد میران