سێ كۆمپانیا بایكۆتی توركیا دەكەن

:: AM:10:25:13/10/2019 ‌
سێ كۆمپانیای دهۆك كە لە بواری گەشتوگوزار كار دەكەن، وەك پشتیوانی بۆ رۆژئاوای كوردستان بایكۆتی توركیایان راگەیاند، خاوەنی كۆمپانیاكە دەڵێ، لەوانەیە كۆمپانیای زیاتریش بێنە پاڵ ئێمە.

ئەمڕۆ یەكشەم 13ی تشرینی یەكەم، عەبدولڕەحمان دۆسكی خاوەنی پیرۆ گرووپ به ‌"وشە"ی راگەیاند، پیرۆ گرووپ لە سێ كۆمپانیای گەشتیاری پێكهاتووە، گەشتیار لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ دەكات، خزمەتگوزاری گەشتیاریش پێشكەش دەكات.

كار دەكەین بۆ ئەوەی كۆمپانیای تریش بێنە پاڵمان

روونی دەكاتەوە، وەك پشتیوانی بۆ رۆژئاوای كوردستان و لاوازكردنی ئابووری توركیا، بڕیارمان دا بە یەكجاری بایكۆتی توركیا بكەین، چونكە ئەوەی توركیا بەرانبەر كوردی دەكات، شایانی قبووڵكردن نییە و پێویستە هەموو كوردێك هەوڵ بدات ئابووری توركیا لاواز بكات بۆ ئەوەی ئەوان تێبگەن كورد یەكگرتووە و نابێت كۆمەڵكوژ بكرێت.

خاوەنی پیرۆ گرووپ راشی گەیاند كە ئەوان ساڵانە لە نێوان دوو بۆ 10 هەزار گەشتیاری هەرێمی كوردستان دەگوازنەوە توركیا و خزمەتگوزاری گەشتیاری وەك گرتنی هوتێل، سەردانی نەخۆش و تكیتی پاس و فڕۆكە و چەندان كاری تر بۆ گەشتیار و هاووڵاتییان دەكەن و دەڵێت، كار دەكەین بۆ ئەوەی كۆمپانیای تریش بێنە پاڵمان، پێشبینی دەكەم كۆمپانیای زیاتر بێنە دەنگ ئەو داوایەمان.

لە سنووری پارێزگای دهۆك 260 كۆمپانیای گەشتیاری هەن، ساڵانە نزیكەی 100 هەزار گەشتیار لە هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەگوازنەوە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری


وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 453 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌