هێرشە داگیرکارییەکەی تورکیا بۆ سەر خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوکاریی هێزێکی توندڕەوی عەرەبی، لە ڕۆژی یەکشەمی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستە بەردەوامە، ئەمەیش وای کردووە، خەڵکی ئەو شوێنانەی هێرشیان دەکرێتە سەر، ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و بووەتە دەلیڤەیەکیش بۆ داعشە گیراوەکان تا لە گرتووخانە هەڵبێن.
کورد لەدەست سوپای تورکیا هەڵدێ، بەڵام داعش هەڵدێ چونکە بە هەلی دەزانێ نەبادا جارێکی تر هێزە کوردییەکان بگەنەوە سەریان. کوردەکان بەرەو ئەو شار و شارۆکانە دەڕۆن کە ئەگەری هێرش بۆ سەریان کەمترە، بەڵام داعش بۆ کوێ هەڵدێن؟ هەڵبەت ئەمانیش ناتوانن بە پێچەوانەی سوپای تورکیا هەڵبێن چونکە دیسان دەگیرێن!
خەڵکی کۆبانێ، سەرێ کانی، گرێسپی کە سنوورن لەگەڵ باکوری کوردستان، لە ترسی سوپای تورکیا بە قووڵایی ٤٠ کیلۆمەتر بەرەو باشوور ڕۆیشتوون، بۆ ئەوەی لەدەست ئەو هێرشە ڕەشەکوژییانە ڕزگاریان بێت و تا ئێستە زۆرترینی سەرێ کانی بەرەو حەسەکە و قامیشلۆ ئۆغریان کردووە، بەڵام خەڵکی کۆبانێ و گرێسپی ڕوویان لە باشووری شاری ڕەقە کردووە و ژمارەیەکی زۆریشیان بەبێ ئەوەی بزانن بۆ کوێ دەڕۆن، سەری خۆیان هەڵگرتووە و لە نزیک گرێسپی دێن و دەڕۆن بەبێ ئەوەی بزانن بەرەو کوێوە بڕۆن، گرنگ ئەوەیە لە بۆردومانی تورکیا ڕزگیاریان بێت.
کۆبانێ چۆڵە
باران مەسکۆ، ڕۆژنامەنووسی کورد لە شاری کۆبانێ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی بۆ ماڵپەڕی "ئەلعەرەبییە” دەڵێ، شارەکە نیمچە چۆڵ کراوە، ژن و منداڵی هیچ لێ نەماوە، تەنیا ژمارەیەک پیاوی لێ ماوەتەوە و ئەوی تری بەرەو باشووری شارەکە ڕۆیشتوون و لەژێر ئاسمانێکی ڕووتدان و هیچ بنمیچێک نییە لەدەست بۆمبارانی تورکیا خۆیانی پێ داپۆشن، ئەوەی دەیکەن تەنیا هەڵاتنە تا مەودایەکی دوورتر لە مووشەکەکانیان و لە ڕووی پێداویستیی خۆراکی و پزیشکیشەوە بە تەواوی لە دۆخێکی ناهەمواردان و هیچی وایان پێ نییە تا بەشی کاتێکی زۆریان بکات.
ئێستە کورد لە ڕۆژئاوا لە نێوان دوو ئاگردایە
ئەو ڕۆژنامەنووسە کە وەک شایەتحاڵێک لێدوانی داوە، ئەوەش دەخاتە ڕوو: زۆربەی خەڵکی بەپەلە لە شوێنی خۆیان هەڵاتوون، هەر بۆیە فریای ئەوە نەکەوتوون هێندە خۆراک لەگەڵ خۆیان ببەن تا لەدەست برسێتیی ڕۆژانی داهاتوو ڕزگاریان بێت، پێش ئەوەی دەگەنە شوێنێکی حەوانەوەی سەلامەت. ئەوان تەنیا لە ترسی بۆمبارانی تورکیا هەڵنەهاتوون، بەڵکوو لە بەربوونی داعشەکانیش تۆقیون، دەزانن ئەگەر لە گرتووخانەکانیان بێنە دەر، بەردەبنە گیانیان و لەناویان دەبەن.
تۆقین لە داعش
هەمبەرڤان کۆسە، ڕۆژنامەنووسێکی تری کوردی ڕۆژئاوایە، لە لێدوانێکدا بۆ هەمان سەرچاوە دەڵێ، ئێمە دەترسین ئەگەر چەکدارە گیراوەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە گرتووخانەکان بەرببن، جارێکی تر ڕەشەکوژی بکەن، هەر ئەمەشە بووەتە هۆکارێکی تری بەهێز بۆ ئەوەی خەڵکی تا زووە هەڵبێن، جیا لەو تۆقینەی خەڵک لە سوپای تورکیا و هاوپەیمانەکەی هەیەتی.
ئەو دەڵێ، ئەو دیمەنی سێدارە و سەربڕینانەی ڕۆژی شەموو کران، زۆر بەئازار و تۆقێنەرە، بۆیە خەڵکی نایانەوێ خۆیان بخەنە بەر ئەو ئەگەرەوە و ماڵ‌وحاڵیان بەجێ دەهێڵن، تەنیا دەیانەوێ سەریان ڕزگاری بێت ئەوەش دەخاتە ڕوو، لەو شارە جیاوازی نییە لە نێوان کورد و عەرەب و سریان، تۆقین بەسەر هەموویاندا دابەش بووە و بە هەمان هەستەوە ماڵیان چۆڵ کردووە.
ئێستە کورد لە ڕۆژئاوا لە نێوان دوو ئاگردایە، یەکێکیان بۆردومانی سوپای تورکیا و هاوپەیمانەکەیەتی، ئەوی دیکەش ڕەحمی چەقۆکی چەکدارانی داعشە کە هەردووکیان وەک یەک مەترسییەکی ڕاستەوخۆی سەر ژیانی خەڵکن.
ڕۆژی نۆی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا، ئۆپراسیۆنی "كانی ئاشتی" ڕاگه‌یاند كه بریتییه له داگیركردنی به‌شێكی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان، به‌بیانووی پاراستنی وڵاته‌كه‌ی له هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل. هێرشه‌كه سه‌ره‌تا بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاری سه‌رێ كانی بوو، دواتر بۆ ناوچه‌كانی تر بڵاو بووه‌وه.
پێشتر ئه‌مه‌ریكا و توركیا له‌سه‌ر دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له باكوری سووریا ڕێككه‌وتبوون، به‌ڵام سه‌باره‌ت به ورده‌كاریی ئه‌و ڕێككه‌وتنه بۆچوونی جیاوازیان هه‌بوو. توركیا ده‌یویست ئه‌مه‌ریكا ددان به‌وه‌دا بنێ كه هێزه كوردییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه تیرۆریستن، له به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكاش ده‌یویست توركیا ڕازی بكات كه ده‌بێ ئه‌و هێزانه‌ی به‌شداریی پاراستنی سه‌قامگیری ئه‌و ناوچه ئارامه بكه‌ن، چونكه به‌شێك بوون له شه‌ڕی داعش.
چه‌ندان جار سه‌رۆكی توركیا ئه‌وه‌ی به‌گوێی ئه‌مه‌ریكا دا كه ئه‌وان به‌ته‌نیاش بێت ئه‌م هێرشه ده‌كه‌ن و وێڕای هه‌ڕه‌شه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، توركیا گفتی خۆی هێنایه جێ، به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا هیچ هه‌ڵوێستێكی كرداری نه‌نواندووه، جگه له چه‌ند توویتێك نه‌بێ.