چیرۆكی ئەو كچە قوتابییەی هەولێر كە وێنەی بەڕووتی بڵاو دەبێتەوە

:: AM:10:17:17/10/2019 ‌
من كچێكم ناوم "س. ز" تەمەنم 17 ساڵە و قوتابیی پۆلی 11ی ئامادەییم، دوای ئەوەی ماوەیەك بوو لەسەر ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر حەزم بە خوێندنەوەی شیعر و گوتەی جوان بوو، لەو ماوەیەدا پەیجێك لە فەیسبووك زۆر سەرنجی راكێشام، كە شتی زۆر جوانی بڵاو دەكردەوە دوای ئەوەی بەردەوام هۆگر بووم بە خوێندنەوەی بابەتەكانی.

بە ماسنجەر لەگەڵ ئەدمینی پەیجەكە یەكترمان ناسی، كە كوڕێكی زۆر قسەخۆش و شیرین بوو، پاشان ئەو پێوەندییە درێژەی كێشا بۆ خۆشەویستی و كوڕەكە وێنەی خۆی بۆ ناردم و منیش وێنەی خۆمم بۆ نارد، دواتر بەڵێنی هاوسەرگیریی پێ دام.

داوای كرد كە لەگەڵی دەربچمە دەرەوە، بەڵام من نەمدەتوانی و نەدەكرا چەند جاڕیك رەتم كردەوە 

"رۆژ بە رۆژ داوای زیاتری لێ دەكردم ئەوەبوو رۆژێك داوای كرد وێنەی نیمچەڕووتی خۆمی بۆ بنێرم، سەرەتا تووڕە بووم و رازی نەبووم، دواتر بەهۆی شیرینی قسەكانی و خۆشەویستییەكەمان وێنەكانم بۆ نارد، بەڵام رووخسارم دیار نەبوو، دوای ماوەیەكی كەم لە ناردنی وێنەكان داوای كرد كە لەگەڵی دەربچمە دەرەوە، بەڵام من نەمدەتوانی و نەدەكرا چەند جاڕیك رەتم كردەوە". ئەو كچە قوتابییە وای چیرۆكەكەی گێڕایەوە.

پاشان ئەو كوڕە هەڕەشەی لێ كردم كە ئەگەر لەگەڵی دەرنەچمە دەرەوە وێنەكانم بڵاو دەكاتەوە، بەو هەڵسوكەوتەی تەواو تووشی شۆك بووم، كە من خۆشەویستییەكی زۆرم بۆی هەبوو، بۆیە دووبارە رازی نەبووم، بیریشم دەكردەوە ئەگەر كەسوكارم بەمە بزانن، بێگومان دەمكوژن، ئەوەبوو شەوێك پێی گوتم: ئەمشەو سەعات یەك وێنەكانت بڵاو دەكەمەوە، من وام هەست كرد تەنیا بۆ ترساندن دەیەوێ ئەوە بكات، بەڵام ئەوەی چاوەڕێم نەدەكرد رووی دا، وێنەكانمی بڵاو كردەوە.

هیچ چارەسەرێك بە مێشكمدا نەدەهات 
ئەو شەوە لە من بوو بە تاریكستان و رۆژ هەڵنەدەهات، وام هەست دەكرد ئیتر دەرگاكان بەڕووی مندا داخران و ژیانم كۆتایی پێ هات، چونكە كەسوكارم هەر چۆنێك بیانزانیایە دەكوژرام، نەمدەزانی چی بكەم و ڕوو لە كوێ بكەم، هیچ چارەسەرێك بە مێشكمدا نەدەهات، تا گەیشتمە خراپترین حاڵەتی ژیانم و بڕیارم دا خۆم بكوژم.

بەیانییەكەی زوو دوای دەرچوونی باوكم و براكانم لە ماڵەوە، نەوتم بە خۆم دا كرد و بەر لەوەی گڕ لە خۆم بەربدەم، دایكم منی بینی رێك چاوەكانی پڕ بوون لە فرمێسك و هاواری بەسەرمدا كرد كە دەمەوێ چی بكەم، بێ هیچ قسەیەكی تر بەبێ دەنگی دەستی گرتم و راستەوخۆ منی بردە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان.

چووینە لای بەڕێوەبەر و دایكم قسەی لەگەڵ كرد و ئەو زۆر بە هێمنی قسەی لەگەڵ كردم و گوێی بۆ گرتم، منیش بەسەرهاتەكەی خۆمم بۆ گێڕایەوە، پێی گوتم كچەكەم ژیانی تۆ زۆر لە كێشەكان بەهادارترە، ئەو كێشەیەی تۆ چارەسەری ئاسانە و هێندە قورس نییە، نەدەبوو بگەیتە ئەو ئاستە، چۆن ژیانی خۆت دەكەیە قوربانی.

ئەوەبوو بەبێ ئەوەی كەسوكارم بزانن، راستەوخۆ پێوەندییان بە كوڕەكە كرد و ئەویش لە ترسان هات و ئامادە بوو، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵی، ددانی بە هەموو شتێك دانا و گوتی تەنیا بۆ ترساندن ماوەی 10 خولەك وێنەكەم بڵاو كردووەتەوە و رەشم كردوونەتەوە.

منیش بۆ ئەوەی كەسوكارم بە كێشەكەم نەزانن، سكاڵام تۆمار نەكرد، بەڵام بەڵێننامەیان بە كوڕەكە پڕ كردەوە و كە تا من مابم ئەو وێنانەی كە بۆم ناردووە بڵاو ببێتەوە، لەسەر ئەو هەژمار دەكرێت، سەرجەم وێنە و بەڵگەكانیشیان پێ سڕییەوە و كێشەكە كۆتایی هات.

تێبینی/ ئەو چیرۆكە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەولێر وەرگیراوە



وشە - رامیار جەواد