لە هەڵەبجە پڕۆژەیەكی بەخێوكردنی سوێسكە دەیەوێ كێبەركێی مریشك بكات

:: AM:08:46:21/10/2019 ‌
ڕۆژانە 500 سوێسكە و دوو هەزار و 500 هێلكە بەرهەم دێنێت

پڕۆژەیەكی گەورەی سوێسكە لە پارێزگای هەڵەبجە كراوەتەوە، خاوەنەكەی باس لەوە دەكات كە زیاتر لە 15 هەزار سوێسكەیان پێگەیاندووە و ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار و 500 هێلكە بەرهەمیان هەیە، بەڵام نیگەرانە لەوەی هیچ بازاڕێك نییە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان.

پڕۆژەكە لە شاری هەڵەبجەیە و چوار ساڵە كراوەتەوە و یەكەم پڕۆژەی سوێسكەیە لە كوردستان. بەڵام هاووڵاتییان تا ئێستە ڕانەهاتوون لەسەر خواردنی گۆشتی سوێسكە و بەكارهێنانی هێلكەكەی، هەرچەندە لە ڕووی تەندروستییەوە گۆشتێكی باشە. 

خاوەن پڕۆژەكە دەیەوێ لە ڕۆژانی داهاتوودا بەشداری پێشانگەكان و كردنەوەی بازاڕەكان بكات بۆ ئەوەی ئاشنایەتی دروست بكات و بتوانێ پەلەوەرەكانی وەك هەر جۆرە پەلەوەرێكی تر ساغ بكاتەوە.

بۆ پێگەیاندن و بەرهەمهێنانی ئەو پەلەوەرە، لە ئێرانەوە هێلكەكە هاوردە كراوە. 
هاووڵاتییان نامۆن لە بەكارهێنانی گۆشت و هێلكەی سوێسكە

حامید ئیسماعیل خاوەنی پڕۆژەكە، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی هێلكەكە بە قاچاخ هاوردە كراوە و چەند جارێك هەوڵ دراوە و سەركەوتوو نەبووە، دواتر لە ڕێی كەسانی ترەوە توانراوە چەند جارێك هێلكە هاوردە بكرێت. كۆی گشتی ئەو هێلكانەی هاوردە كراون و بوونەتە جووچكە، پێنج هەزار هێلكە بوون.

زیاتر روونی كردەوە، جۆری سوێسكەكە دەگمەن و جیاوازە و دەیانەوێ ئەو پڕۆژەیە بكەنە گەورەترین پڕۆژە و ئێستە سەرووی 15 هەزار سوێسكەیان بەرهەم هێناوە و پێگەیاندووە.

بەگوتەی حامید "ئەگەر حكوومەت هاوكار بێت و بازاڕێك هەبێت بۆ ساغكردنەوە، چاویان لەوەیە ڕۆژانە سەرووی هەزار سوێسكە بخەنە بازاڕەوە، چونكە پڕۆژەكە گەورەیە و دوو بەرهەمی هەیە، لەلایەك بەرهەمی گۆشت و پێگەیاندنی سوێسكە لەلایەن بەرهەمهێنانی هێلكە".
ئێستە پڕۆژەكە كەوتووەتە سەر پێی خۆی و ڕۆژانە 500 سوێسكە بەرهەم دێنێت، لە توانایشیدایە ڕۆژانە دوو هەزار و 500 هێلكە بەرهەم بهێنێت. بەڵام كێشەی بازاڕی هەیە و هەر بەدەست و دانە دانە و دەستاودەست بە ناسراوی ساغ دەكرێتەوە. خاوەنەكەی دەڵێ "ڕۆژانە دەتوانین سەرووی 250 هێلكە بفرۆشین و ئەوەیتری لە مەفقەس دادەنێین".

حەمید لە كێڵگەكەی 12 هێلكەی سوێسكە بە هەزار و 500 دینار دەفرۆشێت، ئامانجیشیان ئەوەیە لە داهاتوودا لە پێشانگە و بازاڕەكان بەشداری بكەن بۆ ئەوەی خەڵك بەو بەرهەمە نوێیە ئاشنا بكەن و لە خواردنگەكان وەك خواردنێكی تایبەت پێشكەشی میوانان بكرێت.
 لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەرێمی كوردستان، چەندان كێڵگەی پەلەوەر هەن و دەیانەوێ لە بەرانبەر ئەو كێڵگە پەلەوەرییانە پڕۆژەی سوێسكە دابمەزرێنن.

سوێسكە پەلەوەرێكی نامۆیە لە بەرانبەر مریشك و پەلەوەرەكانی وەك قاز و قەل. گۆشتی سوێسكە چەندان سوودی تەندروستی هەیە و جیاوازە لە گۆشتەكانی تر، هەروەها خواردنی هێلكەی سوێسكە جیاوازە لە هێلكەی تر و بۆ جوانكاری پێست و نەخۆشیی هەناو و نەخۆشیی كوشندە و گەشە و توانای جەستە، بەكار دێت. هەروەها ڤیتامینەكانی ئێچ و دی و جی و بی 12 و بی 6 و بی 2 و بی 1 و ئەی، تێدایە و دەوڵەمەندیشە بە فۆلیك ئەسید و چەندان ڤیتامینی تر.

هەر سوێسكەیەك لە نێوان 250 بۆ 300 گرام دەبێت و دانەی بە هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت.

لە وڵاتانی ئەوروپا و ئێران و توركیا و میسر، زۆرترین گۆشت و هێلكەی سوێسكە بەكار دەهێنرێت. ئامانجی پڕۆژەكەی حەمید ئیسماعیل بەهەمانشێوە بەرهەمهێنان و پێگەیاندنی زۆرترین سوێسكە و هێلكەیە. وەك خۆی گوتی "كار بۆ ئەوەش دەكەن لە چەند ساڵی داهاتوودا سوێسكە بە هەموو كوردستاندا بڵاو بكەنەوە و بیكەنە خواردنێكی سەرەكی لای هاووڵاتییان".

وشە/بەدواداچوونی هۆشیار عەلی











وشە - وشه‌