سه‌عید پشده‌ری به‌رپرسی لقی چواری پارتی دیموكڕاتی كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له ڕێگرییه‌كانی كار و چالاكی حزبه‌كه‌یان له سلێمانی ده‌كات. پێی وایه ئه‌و تیرۆره فكرییه‌ی زۆرجار باسی لێ كراوه، تا ئێسته‌یش نه‌ك بوونی هه‌یه، به‌ڵكو به‌مدواییه زیاتریش په‌ره‌ی پێ دراوه.
به‌مدواییه له سلێمانی تیرۆری فكری زیاتر په‌ره‌ی پێ دراوه
كه‌می چالاكییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له سلێمانی نه‌بوونی بودجه‌یه یان ڕێگریكردنه؟
پارتی له سلێمانی رووبه‌ڕووی مۆدێلێكی زۆر سه‌یری ناوازه بووه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم له ڕووی جه‌ماوه‌ری حزبی ژماره یه‌كه، له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش یه‌كه‌مه، به‌ڵام له سلێمانی نه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه لۆكاڵی بوونی هه‌یه، نه ئه‌وه‌یشه مۆدێله‌كه‌ی تر بین كه ئۆپۆزسیۆنه، له‌و ناوه‌نده‌دا تا ئێسته شێوازێكی تایبه‌تی دروست نه‌بووه. له كاتێكدا به‌شێك له كار و چالاكییه‌كانیان له سلێمانی و زۆربه‌ی شار و شارۆكه‌كان، پێوه‌سته به حكوومه‌تی خۆجێی.
له ماوه‌ی ساڵانی رابردوو به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی كه به‌رۆكی كوردستان و هه‌موو سێكته‌ره‌كانی ژیانی گرته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م ته‌نگژه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كار و چالاكی ئێمه‌یش هه‌بوو، بۆیه ناچار بووین كار و چالاكییه‌كان چڕتر بكه‌ینه‌وه له پرسی رێكخستن و پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها له پرسی ڕۆشنبیری و په‌ره‌پێدانی تواناكان، به‌ڵام زیاتر بۆ ناو خۆمان و كه‌متر ده‌رفه‌ت هه‌بووه بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان.
ژیانی حزبی له سلێمانی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ پێت وایه ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ چالاكی سیاسی هه‌موو لایه‌ك ره‌خسابێت؟
به‌داخه‌وه لێره براده‌رانمان له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئێمه مۆنۆپۆلی زۆربه‌ی شوێنه‌كانیان كردووه، ئه‌و تیرۆره فكرییه‌ی زۆر جار باسی لێ كراوه، تا ئێسته‌یش له واقیعدا نه‌ك بوونی هه‌یه، به‌ڵكو به‌مدواییه هه‌ست ده‌كه‌ین زیاتر په‌ره‌ی پێ دراوه.
به‌ڵام ده‌گوترێ پارتی سارد بێت له‌گه‌ڵ سلێمانی، ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟
پارتی سارد نییه له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگرانی خۆی له سلێمانی، به‌ڵكو به‌شێكی باشی جه‌ماوه‌ر ئیشی بۆ كراوه له سلێمانی و به‌شێكیشی ماوه، ئه‌وه‌ی كراوه پێشكه‌ش كراوه و ئه‌وه‌شی كه نه‌كراوه قه‌رزێكه ده‌بێ پێشكه‌ش بكرێت.
له ڕووی سه‌ردان و ئاوڕلێدانه‌وه‌یش له خۆم رازیم و پێوه‌ندی توندوتۆڵمان هه‌یه له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری خۆمان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ساردییه‌ك پێوه‌ست بێت به نه‌بوونی وه‌ڵامێكی شایسته بۆ داواكاری و سه‌ردان و ئاوڕلێدانه‌وه و پێشكه‌شكردنی هاوكاری دارایی پێیان، ڕه‌نگه له ڕابردوودا جۆرێك له ڕاستی تێدا هه‌بێت، ئه‌ویش دووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ته‌نگژه داراییه‌ی له ڕابردوودا هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه و بابه‌تی شه‌ڕی داعش و چه‌ند پرسێكی یتر.
هه‌ندێك خه‌ڵكی سلێمانی پێی وایه فه‌رامۆشكردنی ئه‌و شاره خه‌تای پارتییه، چیتان كردووه بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی ئه‌و نیگه‌رانییه له كاتێكدا بودجه‌كه‌ی له رابردوودا خه‌رج كراوه و به‌پێی ڕێژه‌ی دانیشتووان بۆی نێردراوه؟
پێم وایه ڕێژه‌یه‌كی كه‌م هاووڵاتی هه‌بێت ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی هه‌بێت كه پارتی هۆی فه‌رامۆشی ئه‌م شاره بێت، گوتار و میدیا جیاوازه له‌گه‌ڵ قه‌ناعه‌تی واقیعی هاونیشتمانیان، ئه‌م بابه‌ته به‌ته‌واوی ڕوون كراوه‌ته‌وه، به‌شێك له خه‌ڵكه زیندووه‌كه‌ی ئه‌م پارێزگایه ده‌زانن له‌ماوه‌ی ڕابردوو بودجه‌كان جیاواز بوون، بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی جیاواز بووه و لێره ته‌حه‌كومی پێوه كراوه، پڕۆژه‌كان هه‌مووی بودجه‌ی بۆ ته‌رخان كراوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كراوه.
ئێمه نموونه‌مان زۆره له‌سه‌ر به‌شێك له گه‌نده‌ڵییه‌كانی ئێره، به‌داخه‌وه به‌شێك له بودجه‌ی سلێمانی به‌هه‌ده‌ر دراوه، چونكه دیاره له شوێنێك كه مۆدێلی حوكمڕانی پارتی دیموكراتی كوردستانی پێوه دیاره، روونه ئیشی چۆن كراوه.
به‌پێی ئه‌زموونی خۆتان، پارتی به چ شێوازێك ده‌توانێ باری لاری له سلێمانی ڕاست بكاته‌وه و متمانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی به‌ده‌ست بهێنێته‌وه كه به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، پارتی له رابردوودا له‌م شاره زۆرینه بووه؟
ئێمه وه‌ك پارتی له چوارچێوه‌ی هێڵه گشتییه‌كانی خۆمان پێویسته كۆمه‌ڵێك ستراتیجمان هه‌بێت، ستراتیج و مۆدێلی كاركردنی پارتی له سلێمانی پێویسته جیاواز بێت له هه‌ولێر، هه‌روه‌ها هه‌ولێر له دهۆك. به‌داخه‌وه ئێسته ئێمه وه‌ك پارتی له ئه‌مه‌ریكاوه تا سلێمانی و هه‌ولێر و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، به یه‌ك ستراتیج و مۆدێل كار ده‌كه‌ین كه من پێم وایه ئه‌مه گونجاو نییه له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی سیاسیی ئێسته‌ی خۆمان، پێویسته دووباره ئه‌و هێڵه گشتییانه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی پارتی جیا بكرێته‌وه.
ده‌بێت و گرنگه پارتی كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی به كرده‌وه مۆركی دوو ئیداره‌یی و دوو زۆنی له هه‌رێمی كوردستان كاڵ بكه‌نه‌وه و دواتر نه‌یهێڵن، چونكه بوونی ئه‌م دیارده‌یه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان نییه و له به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستانیش نییه. هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ی ستراتیجییان هه‌بێت كه له‌لایه‌ك ده‌رفه‌تی كار بۆ هاونیشتمانیان دروست بكات، له هه‌مانكاتیشدا داهاتێك ده‌بێت بۆ كار و چالاكییه‌كان كه ساڵانه به‌پێی پلانی داڕێژراو جێبه‌جێی ده‌كه‌ین.
ئێمه له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌بێ قه‌ناعه‌تێكی ته‌واو بۆ هه‌ردوولامان دروست ببێت كه كار بكرێت تا حكوومه‌تی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی سه‌نتراڵ و مه‌ركه‌زی كاری خۆی بكات، حكوومه‌تێكی به‌هێز بێت و بتوانێ له هه‌موو شوێنه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی هه‌بێت.
به‌هێزبوونی حكوومه‌ت مانای ئه‌وه نییه پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هێز ده‌بێت، له‌م ڕۆژانه هه‌ڤاڵێكمان له مه‌كته‌بی سیاسی باسی كردووه كه چۆن كاك مه‌سروور پێویسته ده‌سه‌ڵاتی له ته‌واوی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، ئاواش ده‌بێ كاك قوباد كه جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌بێت. هه‌روه‌ها وه‌زیره‌كانیش له هه‌ر حزب و لایه‌نێكن ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتیان له ته‌واوی شاره‌كان هه‌بێت.
كه‌واته بۆ داهاتوو چی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ده‌نگ به لیستی پارتی بده‌ن؟
پێم باشه بۆ جارێكیش بێت خه‌ڵكی سلێمانی ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان تاقی بكه‌نه‌وه، با زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌م شاره بۆ پارتی بێت و له ماوه‌ی چوار ساڵدا پارتی تاقی بكرێته‌وه، ئه‌وكات بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت ئایا پارتی ده‌توانێ مۆدێلێكی جوانی حوكمڕانی زۆر باشتر له‌وه‌ی ئێسته و ئه‌وه‌ی له ڕابردوویشدا هه‌بووه پێشكه‌ش بكات یان نا؟ ئه‌گه‌ر توانیمان ئه‌وا ده‌بێ ده‌نگه‌كانی به‌رده‌وام بێت، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه با وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی پێشكه‌وتوو لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه بكرێت كه ناتوانێ وه‌ك پێویست خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بكات.
چاره‌نووسی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونی ماڵباتی شه‌هیدان له سلێمانی چی به‌سه‌ر هات؟
ئیشی باشی له‌سه‌ر كراوه و به‌منزیكانه ته‌واو ده‌بێت.
سلێمانی - هه‌ستیار عه‌بدوڵا