ئازیتا شەرەفكەندی: خەونم بەردەوامبوون و بڕینی سنوورەكانە

:: AM:09:29:27/10/2019 ‌

ئازیتا شەرەفكەندی كە هونەرمەندێكی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و نیشتەجێی ئەڵمانیایە، لە مهاباد لە دایك بووە. بەمدواییە یەكەم بەرهەمی هونەری خۆی بەشێوەی ڤیدیۆكلیپ بەناوی "دەستم بگرە" بڵاو كردەوە. ئازیتا لەم دیمانەیەی "وشە" دەڵێ، بەمنزیكانە دووەم بەرهەم بە شێوەیەكی جیاوازتر بڵاو دەكەمەوە و ئامانجیشم بەردەوامبوون و بڕینی سنوورەكانە.

ئازیتا كێیە؟

خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانم و ئێستە دانیشتووی بەرلینم لە ئەڵمانیا، سەربە بنەماڵەی شەرەفكەندیم كە لە خەباتی رۆژهەڵاتی كوردستان ناسراون. دایكم و باوكم پێشمەرگە بوون، لە‌ ساڵی 2005 كۆچی باشووری كوردستانمان كرد و خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیم لەوێ تەواو كردووە. لە بوارەكانی ڕاگەیاندن پێشكەشكاری ڕادیۆ بووم. ئێستەیش هونەرمەندم و لە پاڵ ئەوەشدا قوتابی و چالاكی سیاسیم.

دەستپێكی كاری هونەری و دەركەوتنت بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

ساڵی رابردوو‌ یەكەمین كاری هونەری خۆم بەناوی "دەستم بگرە" بە شێوەی ڤیدیۆ كلیپ كردەوە.

ئەو كەسانەی یارمەتییان داوی كێ بوون؟

بەرهەمی "دەستم بگرە" موزیك و ئەرێنجمێنتی لەلایەن ئەفشین شوكری كراوە و هۆنراوەكەی لەلایەن ئەسرین یوسفزادە نووسراوە، هەروەها لە كاری دەرهێنانی ئارمانج ڕۆستەمی و میكس و ماستێرینگی سیامەك فەقێزادەە. ستایلەكەیشی بەشێوەی "پۆپ" گوتراوەتەوە. 

ئەی بۆ داهاتوو چیت بەدەستەوەیە؟

ئێستە دووەمین بەرهەمی هونەریم لە تەواوبووندایە و لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا بڵاوی دەكەمەوە. لە ڕووی ستایلەوە كاری دووەمم جیاوازە لەگەڵ كاری یەكەمم، ئەویش تێكەڵەیە لە پۆپ و كلاسیكـ.

بەنیازی بۆ داهاتوو ئەلبووم بڵاو بكەیتەوە؟

بە ئامانجی بەردەوامبوون و سەركەوتنێكی گەورەوە دەستم بەكاری هونەریی كردووە، بەدڵنیاییەوە پلانم بۆ ئەلبوومی تایبەت بە خۆمم هەیە.

چ خەونێكت هەیە؟

تازە دەستپێكی ڕێی بەدەستهێنانی خەونەكانمە، ئاواتم ئەوەیە جێپەنجەم لە بوارەكەدا دیار بێ و خەونم بڕینی سنوورەكانە.

وشە/دیمانەی محەمەد جەمال















وشە - وشه‌