لەبارەی وەستانی بەشەخۆراك ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:11:16:03/11/2019 ‌
بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراك لە وەزارەتی بازرگانی ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ دەست كراوە بە دابەشكردنی خۆراكی مانگانە و نازانرێت داخستنی بەندەری فاو لەلایەن خۆپێشاندەران كاریگەری چی دەبێت.

ئەمرۆ یەكشەم سێی تشرینی دووەم، نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراك لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە هیچ ئەگەرێك نییە بۆ ڕاگرتنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراك گوتی، ئەمڕۆ لە كۆگاكان دەست دەكرێت بە دابەشكردنی خۆراك بۆ بریكارەكان و تا ئێستە هیچ كێشەیەكمان نییە لە دابەشكردنی.

تا 15 ڕۆژی تر كاریگەرییەكانی بەدیار دەكەوێت 
باسی لەوەش كرد، ئەگەر بەندەری فاو دابخرێت، ئەوا تا 15 ڕۆژی تر كاریگەرییەكانی بەدیار دەكەوێت، بۆیە ئەوەی لە میدیاكان دەگوترێت خۆراك دەوەستێت، ئەوە تەنیا دەنگۆیە و دابەشكردنی بەردەوامی هەیە.

ئەمڕۆ بەشێك لە میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، بەهۆی داخستنی بەندەری فاو لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە مەترسی وەستانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان هەیە.

عێراق بۆ باشتركردنی ژیانی هاووڵاتییانی كەمدەرامەت و بە سزادانی بە بڕیارێكی پێشووی نەتەوە یەكگرتووەكان، تا ئێستە دابەشكردنی خۆراك بەردەوامی هەیە.



وشە - رامیار جەواد