ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای چاكسازیی كرد.
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌ی بوو ، گفتوگۆ ده‌رباره‌ی ره‌هه‌نده گشتییه‌كانی یاساكه و تایبه‌تمه‌ندییه یاسایی و كارگێڕییه‌كه‌ی كرا. دووپات له‌وه كرایه‌وه كه پێویسته په‌له بكرێت له ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی وه‌ك یه‌كێك له كاره له‌پێشینه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌ریمی كوردستان و ناردنی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ په‌سه‌ندكردنی.
رێ به كاری نایاسایی و ناڕه‌وا نادرێت
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه كه چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی زۆر گرنگه و پێویسته به زووترین كات پڕۆژه یاساكه ئاماده بكرێت و ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت. زیاتر گوتی، چاكسازی ده‌بێ دادپه‌روه‌ریی تێدا بێت و نابێت هیچ كه‌سێكی شایسته مافی بفه‌وتێت، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا رێگه‌ش به كاری نایاسایی و ناڕه‌وا نادرێت.
لیژنه‌ی ئاماده‌كردنه‌وه‌ی پڕۆژه یاسای چاكسازی وه‌ك به شێكی گرنگی هێڵه گشتیه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری داد پێكهێنراوه.