پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە کەرکووک بەڕێوە دەچێت

:: PM:02:45:04/11/2019 ‌
بە ژمارەیەک نمایشی جۆراوجۆری شانۆیی ناوخۆ و دەرەوە، پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام بۆ خولی حوسێن میسری لە کەرکووک بەڕێوە دەچێت و سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەم سێی تشرینی دووەم، نەژاد نەجم سەرۆکی فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکووک خولی حوسێن میسری بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەم فێستیڤاڵەدا 18 نمایش پشان دەدرێن، دوو کتێب چاپ دەکەین، ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەمان دەبێت تا کار و چالاکییەکانی فێستیڤاڵ بۆ میوان و ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە ڕوونتر بێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، پانێڵ و وۆرکشۆپ بۆ کۆمەڵێک شانۆکاری ئێران، میسر، تونس، کوردستان و عێڕاق ئامادە دەکرێت، جگە لەمانەش چەندان سیمیناری جۆراوجۆر تایبەت بە فێستیڤاڵەکە پێشکەش دەکرێن. هەوڵ دەدەین بە گرنگییەکی زۆرەوە بڕوانینە لایەنە ئەرێنییەکان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە فێستیڤاڵەکە بەڕێوە بچێت.

لە 28ی تشرینی دووەم دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت
فێستیڤاڵی ساڵانەی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام بۆ خوولی حوسێن میسری، لە 28ی تشرینی دووەم دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا پێنج وڵاتی عەرەبی، چوار گروپی ئێران، پێنج گروپ لە شارەکانی عێراق و هەر پێنج پارێزگاکەی کوردستان بەشدار دەبن.

لە سەرەتا و کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا دوو ئاهەنگی گۆرانی و موزیک بە رێوڕەسمی تایبەت لەسەر شەقامەکانی کەرکووک بەڕێوە دەچێت، شاری بابە گوڕگوڕ بە شانۆ و ئاهەنگ و گۆرانی بەرگێکی نوێ دەپۆشێت بۆ ئەوەی  لە ژاوەژاوی جەنگ و وێرانکاری دوور بکەوێتەوە.
 
هەولێر/ گەرمیان گلی 














وشە - ڕێناس شابان