پێدانی قەرزی بچووك دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: AM:10:35:05/11/2019 ‌
بڕیارە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێداچوونەوە بەڕێنوێنییەكانی پێدانی قەرزی بچووك بەگەنجان بكات.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی تشرینی دووەم، سوارە حەمەكەریم بەڕێوەبەری ڕێكخراوی ئاسوودە بۆ قەرزی بچووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێدانی قەرزی بچووك هۆكارێكە بۆ بووژاندنەوەی ئابووری گەنجان و لاوان بۆیە ئێمەش لەگەڵ وەزارەتی كار بەشدار دەبین تا بگەین بە خاڵێكی گرنگ بۆ ڕێكکەوتن.

هەوڵێكی باش دەبێت تا هاووڵاتییان بەرچاوڕوونی باشیان هەبێت بۆ وەرگرتنی قەرز لە حكوومەت
ڕوونی كردەوە، هەوڵدەدەین ئێمەش بەسوویەکی کەم قەرز بە لاوان بدەین، ئەگەر ڕێنوێنی تایبەت بە قەرزی ئەهلی هەبێت لە وەزارەتی كار و حكوومەت ئەوا بێگومان هەوڵێكی باش دەبێت تا هاووڵاتییان بەرچاوڕوونی باشیان هەبێت بۆ وەرگرتنی قەرز لە حكوومەت یان لە بانكەكان.

بەڕێوەبەرایەتی قەرزی بچووك لە ئاگەدارییەكی بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وۆركشۆپێك بۆ هەمواركردنەوەی رێنوێنییەكانی تایبەت بە قەرزی بچووك بەڕێوە دەبات، بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتی پسپۆڕان و رێكخراوەكانی تایبەتمەند دەكەین بۆ ئامادەبوون لەم وۆركشۆپەدا تا سوود لە شارەزایی و بۆچوونیان وەربگیرێت.

پێتشر بەرپرسانی وەزارەتی كار ئاشكرایان كردبوو لە هەوڵدان بۆ ئەوەی پێدانی قەرزی بچووك دەست پێ‌ بكاتەوە.

كاركردن بۆ گۆڕانكارییەكان لە ڕێنونییەكانی پێدانی قەرزی بچووك لە كاتێكدایە ماوەی چوار ساڵە پێدانی قەرزی بچووك وەستاوە و داوای دەست پێ كردنەوەی دەكرا.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌