دەرمانی ساختە بە براندی جیهانی دەفرۆشرێت

:: PM:12:41:05/11/2019 ‌
هاوكاتی بەردەوامی كێشەكانی كەرتی دەرمان، لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان لە رێی لیژنەیەكی لاوەكی بەدواداچوون بۆ كێشەكان دەكات و چەند پێشنیازێكیش دەداتە سەرۆكایەتی پەرلەمان. گەلاوێژ عوسمان ئەندامی لیژنەكە داوای دامەزراندنی دەزگایەكی نیشتمانی دەكات بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو كەرتە.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی تشرینی دووەم، دوای بەدواداچوون و سەردانی چەندان كۆمپانیا و مەرزەكان و فڕۆكەخانەی هەولێر و كۆنتڕۆڵی دەرمان، لیژنەی دەرمان راپۆرتێك لەسەر كێشەكانی بەردەم بازرگانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان ئامادە دەكات و سەرنج و پێشنیازەكان دەداتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

دكتۆرە گەلاوێژ عوسمان پەرلەمانتاری لیژنەی دەرمان كە لیژنەیەكی لاوەكی لیژنەی تەندروستییە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئامانج لە پێكهێنانی لیژنەی دەرمان بەدواداچوون بوو لەسەر ئەو كەرتە، گوتی "لەو بەدواداچوونە دەركەوت كە گەورەترین كێشەی بەردەم كەرتی دەرمان نەبوونی دەزگایەكی نیشتمانییە كە سەرپەرشتی ئەو كەرتە بكات، ئەمەش وایكردووە كۆمپانیاكان بە ئارەزووی خۆیان بازرگانی بە درەمان بكەن كە ئەمە پرسێكی مەترسیدارە و راستەوخۆ پێوەندارە بە ژیان هاووڵاتییان".

گەورەترین كێشەی بەردەم كەرتی دەرمان نەبوونی دەزگایەكی نیشتمانییە كە سەرپەرشتی ئەو كەرتە بكات


ئەو ئەندامەی لیژنەی لاوەكی دەرمان، ئاماژەی بەوە دا كە جگە لە نەبوونی ئەو دەزگایە، یەكێكی تر لە كێشەكانی بەردەم كەرتی دەرمان چۆنیەتیی هێنانی دەرمان و بازرگانی ئەو كەرتەیە، زۆر لەو دەرمانانەی بۆ پشكنین دەبردرێن بۆ كۆنتڕۆڵی جۆری، بۆ ماوەی 10 رۆژ پشكنینەكانیان دوا دەكەون بەهۆی كەمی كارمەند و ئامێری پشكنین و نەبوونی هەندێك ئامێری تری پێویست لە كۆنتڕۆڵی دەرمان، گوتی "بەرپرسانی كۆنتڕۆڵی دەرمان دەڵێن، توانای رۆژانەیان پشكنینی 200 جۆری دەرمانە كە دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەو بڕە زۆرەی رۆژانە هاوردە دەكرێت، زۆر لە توانای كۆنتڕۆڵی دەرمان زیاترە، ئەمەش هۆكارە لە دواكەوتنی دەرچوونی ئەنجامی پشكنینەكە"، زیاتر گوتی "ئەم دواكەوتنە كاریگەری لەسەر پێكهاتەی دەرمانەكان دروست كردووە كە لە كۆگاكانی فڕۆكەخانەی نێودوڵەتی هەولێر و مەرزەكان هەن كە كوالێتی كۆگاكان ستانداردی جیهانی نین، چونكە هەندێك دەرمان هەیە دەبێت لە پلەی ژێر سفرەوە هەڵبگیرێن كە ئەو جۆرە ساردكەرەوانە لە فڕۆكەخانەی هەولێر نین".

بە قسەی پەرلەمانتارەكەی لیژنەی لاوەكی دەرمان بێت، كۆمەڵێك راسپاردە و سەرنجیان لەسەر كەرتی دەرمان تۆمار كردووە، لەوانە جیاوازی نرخ و خستنەسەری "قازانجێكی زۆر" لەسەر دەرمان لەلایەن كۆمپانیاكانی هێنانی دەرمان، ئەمە جگە لە ساختەكردنی دەرمانی بڕاندە جیهانییەكان و فرۆشتنی بە نرخێكی زۆر گران بە هاووڵاتییان.

دكتۆرە گەلاوێژ عوسمان ئاماژەی بەوە دا، جگە لەوەی ژمارەیەك كۆمپانیا لەلایەن وەزارەتی تەندروستی تۆمار كراون، بەڵام ژمارەیەك كۆمپانیاش هەن كە بازرگانی دەرمان دەكەن، بەڵام خۆیان تۆمار نەكردووە، هاوكاتی ئەو بوونی ئەو كۆمپانیایانەش، ئەوا دەرمان بە رێی قاچاخیش دەهێنرێتە كوردستان.

زیاتر گوتی "تاكە چارەسەری كەرتی دەرمان، دامەزراندنی دەزگایەكی نیشتمانییە تا سەرپەرشتی كەرتی دەرمان بكات".

بەدواداچوونی لیژنە لاوەكییەكەی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە، كێشەكانی بازرگانی كەرتی دەرمان، یەكێكە لە كێشە هەرە گەورەكان و لە ماوەی رابردووشدا لە ئاستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەی تایبەتی لەسەر پێكهێنرا و ژمارەیەك خەڵكیش لەسەر ئەو پرسە بە بڕیاری دادوەر گیراون و تا ئێستە دۆسیەكانیان لە دادگا یەكلا نەكراونەتەوە.


وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 90 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌