"وشە" هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرا دەكات

:: PM:02:31:05/11/2019 ‌
شارەزایەكی ئابووری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەشێوەیەكی خێرا بۆ كەم خستنە بازاڕی دۆلار دەگەڕێنێتەوە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، ئەوەیش وایكردووە بەشێك لە بازاڕەكانیش یاری بە نرخەكە بكەن.

جیاوازی 149 ملیۆن دۆلار هەیە 
ئەمڕۆ سێشەم پێنجی تشرینی دووەم، ساڵح شێخ سادق پسپۆڕی زانستە بانكییەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەگەر لێكدانەوەیەكی هەفتانە بۆ خستنەڕووی دۆلار بكەین لەو هەفتەیە و لە هەفتەی ڕابردوو جیاوازی 149 ملیۆن دۆلار هەیە لە خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكەكانی حكوومەت.

ڕوونی كردەوە، ئەو جیاوازییە لە سێشەمی ڕابردوو بۆ ئەمڕۆ وەرگیراوە و هۆكارێكی تریش بریتییە لە ناسەقامگیری دۆخی عێراق و ئەوەیش وای كردووە خواست لەسەر دۆلار زیاتر بێت و بازرگانان و سیاسییەكان دۆلاری زیاتر بكڕن و لە بازاڕەكانیش یاری بە نرخەكان بكرێت.

هاوار شێخ ڕەئوف پسپۆڕی دارایی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوو ڕۆژێكە بەرزبوونەوە لە نرخی دۆلار هەیە و بەشێك لە هۆكارەكەی بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوەیە.

ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی دراو گۆڕینەوە نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی گەیشتە 123 هەزار دینار، ئەوەیش بەرزبوونەوەیەكی خێرابوو لەگەڵ نرخەكانی دوێنێ‌ و رۆژانی رابردوو.



وشە - رامیار جەواد