ژماره‌یه‌ك دادوه‌ری سنووری گه‌رمیان له‌سه‌ر داوای چاكسازی ده‌ڵێن سزا دراون و خێوه‌تی مانگرتنیان له‌به‌رده‌م داواكاری گشتی گه‌رمیان هه‌ڵداوه. حاكم نزار ئه‌حمه‌د یه‌كێك له‌و دادوه‌رانه‌یه، ده‌ڵێ، ماوه‌ی ساڵێكه ئه‌و كێشه‌یه بوونی هه‌یه و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیش لێی ئاگاداره، بۆیه مانگرتن ناشكێنین تا لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه پێكده‌هێنرێت و به به‌ڵگه‌وه هه‌موو شتێك ده‌سه‌لمێنین.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م پێنجی تشرینی دووه‌م، ژماره‌یه‌ك دادوه‌ری سنووری دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی گه‌رمیان و داواكاری گشتی فه‌رمانگه‌ی گه‌رمیان، به‌رانبه‌ر سزادانیان له‌سه‌ر داواكردنی چاكسازی له دادگاكانی گه‌رمیان، خێوه‌تی مانگرتنیان له به‌رده‌م داواكاری گشتی له گه‌رمیان هه‌ڵدا.
دادوه‌ره‌كان داوای چاكسازی و چاره‌سه‌ری ریشه‌یی گرفته‌كان و سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن
له به‌یاننامه‌یه‌كی 492 وشه‌ییدا كه كۆپی ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، ئه‌و دادوه‌رانه ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن له سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی و ئه‌و سوێنده‌ی خواردوویانه كه یاسا وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكه‌ین و بێده‌نگ نه‌بن به‌رانبه‌ر هه‌ر پێشێلكاریی و سنوور به‌زاندنێكی یاسایی له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه بێ، دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی و گه‌ندڵكاران و ئاشكرا كردنیان هاوكاتی كاركردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر چاكسازی، ئه‌وا سێكته‌ری دادوه‌ریش به‌ده‌ر نیه له گه‌نده‌ڵی و پێویستی به‌چاكسازیی هه‌یه.
ئه‌و دادوه‌رانه له به‌یاننامه‌كه‌یاندا ئاماژه به گرفته‌كانی به‌رده‌م سنووری دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی گه‌رمیان ده‌كه‌ن و داوای چاره‌سه‌ركردنی ده‌كه‌ن، كه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، زیاتر پێوه‌ندی به موماره‌سه‌ی ئیداره‌ی گه‌رمیان و سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه هه‌یه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوو داواكاری چاكسازییان گه‌یاندۆته هه‌موو لایه‌ك، به‌لاَم "كه‌س به‌ده‌م داواكارییه‌كانمان نه‌هاتووه، مخابن ئاماده‌یی به‌دی نه‌كرا، سه‌ره‌ڕای چه‌ندین هه‌وڵ له‌لایه‌ن چه‌ندین كه‌سه‌وه".
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه به سه‌ردان بۆ جێگری ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان كراوه، به قسه‌ی ئه‌و دادوه‌رانه بێت، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه پێی وتوون، ئه‌و كه‌سه سه‌ر به "زۆنی سه‌وزه بچن سه‌ردانی به‌رپرسانی حزبی و حكوومی ئه‌و سنووره بكه‌ن، ناوی چه‌ن به‌رپرسیكی پێ وتین تا سه‌ردانیان بكه‌ین، به‌لاَم پاش سه‌ردانیش هیج ئه‌نجامێكی لێ سه‌وز نه‌بوو، بۆیه جارێكی تر له ده‌رگای ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریمان دایه‌وه، بڕیاریاندا لیژنه‌یه‌ك بنێرن و له نزیكه‌وه لێكۆڵینه‌وه بكات، ئه‌وه‌ی تووشی شۆكی كردین و جێگای سه‌رسوڕمانه ته‌نیا سه‌رپه‌رشتیارێكی دادی هات و ته‌نیا وته‌ی سكاڵاكارانیان وه‌رگرت، له راپۆرتی خۆیشدا به‌ڵگه‌كانی فه‌رامۆش كردووه و پیشه‌ییانه و بێ لایه‌نانه مامه‌ڵه‌یان كردووه، به‌هۆیه‌وه هه‌موومان به‌قودره‌تی قادر بووین به تاوانبار و سزای گواستنه‌وه‌ی هه‌ندێكمان بۆ سنووری تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی كراین، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو سه‌رجه‌ممان ره‌وانه كراین بۆ لیژنه‌ی كاروباری دادوه‌ران و داواكارانی گشتی به‌مه‌به‌ستی دادگایی كردنمان، ره‌نگه سزاكانمان بگاته كۆتاییی هێنان به ڕاژه‌مان و سزایی تری جۆرا و جۆریش".
ئه‌و دادوه‌رانه دووپات له ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری سزادان و گواستنه‌وه‌یان ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن "نا یاساییه، چونكه له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاپۆرتێكی چه‌واشه‌كاری ده‌رچووه"، هاوكات داوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تر ده‌كه‌ن له ئاستی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، به مه‌رجی هه‌ڵپه‌ساردنی هه‌ژموونی سه‌رۆكی دادگای تیهه‌ڵچوونه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی "داده‌وه‌ر و فه‌رمانبه‌ران بتوانن ئازادانه قسه بۆ لیژنه‌كه بكه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی سزادانیان له‌سه‌ر نه‌بێت".
ئه‌و 15 دادوه‌ره ئێستا مانگرتنیان له‌ژێر خێمه‌یه‌كی به‌رده‌م داواكاری گشتی له كه‌لار راگه‌یاندووه و داوای چاكسازی و چاره‌سه‌ری ریشه‌یی گرفته‌كان و سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن.
حاكم نزار ئه‌حمه‌د یه‌كێك له‌و دادوه‌رانه‌ی كه مانگرتنی راگه‌یاندووه بۆ "وشه" له باره‌ی ئه‌نجامدانی چاكسازی له بواری دادوه‌ری ده‌ڵێ، سێكته‌ری دادوه‌ری پێویستی به چاكسازی هه‌یه و ئه‌مه‌ش ناتوانرێت له‌یه‌ك خاڵدا چڕی بكه‌یته‌وه، بۆیه چاكسازییه‌كه ده‌بێت گشتگیر بێت، گوتی "ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه خاوه‌نی دادگایه‌كی ته‌ندروست بێت ئه‌وا ده‌بێته خاوه‌ن حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروست، بۆیه ئه‌گه‌ر دادگا ته‌ندروست نه‌بوو، ئه‌وا كێشه‌كانی تر زه‌حمه‌ته بتوانرێت چاك بكرێت چونكه هه‌رچی كێشه و هه‌وڵی چاكسازی هه‌یه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه ئه‌وا زۆرینه‌ی ده‌بنه دۆسیه و دواجار ده‌بردرێته به‌رده‌م دادگا، بۆیه مه‌به‌ستمانه چاكسازییه‌كه له بواری دادوه‌ری ده‌ست پێ بكات".
پێوه‌ند به پاڵنه‌ری داخوازی چاكسازیش، حاكم نزار ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه سه‌رجه‌می كێشه‌كان دۆسیه‌ی خه‌ڵكن و ناكرێت یه‌ك به‌یه‌كیان هێمایان بۆ بكرێت، ئه‌مه بۆ لیژنه‌ی به‌دواداچوون جێده‌هێڵین و باسی ده‌كه‌ین، به "گشتی داوایه‌كه‌ی ئێمه پێوه‌ندی به دانه‌نانی خه‌ڵكی نه‌شیاوه له جێگه‌ی شیاو، ده‌ستوه‌ردانی حزب، وه‌ك بابه‌ته سیاسییه‌كه خه‌ڵكانێك له بواری دادوه‌ریدا ببن به گروپ و به حه‌ق و ناحه‌ق بڕیار له‌سه‌ر خه‌ڵك بده‌ن"، زیاتر گوتی "ئێمه داوای چاكسازییمان ده‌كرد، له جێگه‌ی ده‌ستخۆشی به ئاره‌زووی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك سزا دراوین".
به قسه‌ی حاكم نزار بێت ئه‌و كێشه پێشینه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌وت مانگ تا ساڵێك پێش ئێسته، هه‌ریه‌كه له قوباد تاڵه‌نی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زاره‌تی دادیشی لێ ئاگادار كراوه‌ته‌وه، هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد كاتێك ئه‌وان به‌ده‌م داواكارییه‌كانیان نه‌هاتوون "ناچار بووین خێوه‌تی مانگرتن هه‌ڵده‌ین تا بێنه ده‌نگ".
داواكارییمان گه‌یاندۆته سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش، له سه‌ردانیشمان بۆ وه‌زاره‌تی داد هیچ ئه‌نجامێكمان ده‌ست نه‌كه‌وت
له باره‌ی ره‌وانكردنیان بۆ به‌رپرسانی حزبی له گه‌رمیان، حاكم نزار باسی له‌وه‌كرد ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه پێكهێنرا كه داوایان كردووه، ئه‌وا ناوی ئه‌و به‌رپرسه حزبیانه بۆ لیژنه‌كه ئاشكرا ده‌كه‌ین، گوتی "هیچ كوێ نه‌ماوه په‌نای بۆ نه‌به‌ین، بۆیه دواجار ئه‌وه‌مان به په‌سند زانی كه خێوه‌ت هه‌ڵده‌ین".
زیاتر گوتی "له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان قسه‌مان كردووه، زۆرێك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئاگادارن و داواكارییمان گه‌یاندۆته سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش، له سه‌ردانیشمان بۆ وه‌زاره‌تی داد هیچ ئه‌نجامێكمان ده‌ست نه‌كه‌وت".
حاكم نزار جاف، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو بنه‌مای سه‌ره‌كی په‌یامه‌كه‌ی دادوه‌ران گه‌یاندنی كێشه‌ی خه‌ڵكی گه‌رمیان بوو كه له دادگاكانی گه‌رمیان ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌سه‌ر دۆسیه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ده‌رده‌چێت زۆر جیاوازه له‌و بڕیارانه‌ی له سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك له‌سه‌ر دۆسیه‌ی هاوشێوه ده‌درێت، گوتی "ناكرێت له‌و نا یه‌كسانییه له بڕیاردان بێده‌نگ بین، بۆ نموونه هه‌یه رووداوێكی هاتوچۆی كردووه و ئازاد كراوه، هه‌یشه به‌هه‌مان شێوه ساڵێك بڕیاری گرتنی بۆ ده‌رچووه". زیاتر گوتی "بوونی گه‌نده‌ڵی كارگێڕی و گواستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر به كه‌یفی خۆیان و كۆمه‌ڵێك شتی تریش هه‌ن، هه‌موویشی به به‌ڵگه و دیكۆمێنت هه‌مانه تا لیژنه‌ی له‌سه‌ر پێكده‌هێنرێت ئاشكرای ناكه‌ین و له مانگرتنیش به‌رده‌وام ده‌بین".