هێزەكانی زێرەڤانی سزادانی شوفێرێكی خۆیان ڕاگەیاند

:: AM:09:34:07/11/2019 ‌
بەرپرسێكی هێزەكانی زێرەڤانی ئاشكرای دەكات، بەهۆی شوفێری ئۆتۆمبێلێكیان دوور لە ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ، بووبووە هۆكاری بێزاری هاووڵاتییان، ڕێكاری یاسایی بەرانبەر گیرایە بەر و سوپاسی هاووڵاتییان دەكەین بۆ هۆشیارییان.

دوور لەرێنوێنییەكانی هاتوچۆ بووبووە مایەی بێزاری هاووڵاتییان
ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی تشرینی دووەم، لە ڕوونكردنەوەیەكی لیوا بەهجەت سێلكی لە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە هاتووە، شەوی چواری تشرینی دووەم ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان پێكئاب ژمارە٥٦١ زێرەڤانی دوور لەرێنوێنییەكانی هاتوچۆ بووبووە مایەی بێزاری هاووڵاتییان.

ئاشكرا كراوە، لەلایەن چەندان كەسی دڵسۆز و هۆشیار لەرێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاگەداریان كردینەوە و ئێمەش وەك فەرماندەیی زێرەڤانی، دەستَبەجی رێوشوێنی پێویستمان وەرگرت و رێككاری یاسایی گیرانەبەر.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە چاوكراوە و هۆشیارن و هەڵوەستە لەسەر موڵكی گشتی دەكەن، بەو هیوایەین نموونەیان زۆر بێت. 

سزادانی شوفێری ئەو ئۆتۆمبێلە لە كاتێكدایە لە ڕابردوو بەشێك لەو شوفێرانە بەهۆی ئەنجامدانی ناڕێكی لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل وایكردوو هاووڵاتییان بێزار ببن و دەنگی ناڕەزایەتی دەرببڕن.



وشە - رامیار جەواد