جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجە دێتە هەولێر

:: AM:10:08:07/11/2019 ‌
جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجە بە كۆمەڵێك بەرهەمی جیاواز دێتە هەولێر و پێشانگایەك بۆ بەرهەمەكانی دەكاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی تشرینی دووەم، ئازاد محەمەد جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، ڕۆژی یەكشەم 10ی تشرینی دووەم سەر لە بەیانی پێشانگەیەكی تایبەت بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و باخدارییەكانم لە بەردەم پاركی شانەدەری شاری هەولێر دەكەمەوە.

سەرجەم بەرهەمە كشتوكاڵی و باخدارییەكان دەخەمەڕوو 
ئەو جووتیارە ئاشكرای كردووە، لەو پێشانگەیەدا سەرجەم بەرهەمە كشتوكاڵی و باخدارییەكان دەخەمەڕوو، لەگەڵ نموونەی ئەو بەرهەمانەی لە دەرەوە هێناومن و لە ژینگەی كوردستان بەرهەمم هێناون.

باسی لەوەش كردووە، لە پێشانگەكەدا هەریەك لە بەرهەمەكانی "برنجی كوردی و چای كوردی و سۆیا و ترێ‌ و كوولەكە و هەناری هەڵەبجە بە هەموو جۆرەكانیەوە و گوێزی هەورامان و دۆشاوی توو و دۆشاوی شۆكە" دەخەمە ڕوو و بە نرخێكی گونجاو دەفرۆشرێن.

كردنەوەی ئەو پێشانگایەی جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجە لە كاتێكدایە پێشبینی دەكرێت چەند بەرهەمێكی تری جووتیاران بخرێنەڕوو.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 613 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌