لە شارێكی كوردستان دیوارێكی تەمەن دوو هەزار و 700 ساڵ دۆزرایەوە

:: PM:01:53:07/11/2019 ‌

شوێنەوارناسانی ئێران لە رۆژهەڵاتی كوردستان دیوارێكی كۆنیان دۆزییەوە كە مێژووەكەی بۆ دوو هەزار و 700 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە بەرد دروست كراوە.

دیوارەكە كەوتووەتە شاری سەرپێڵ زەهاو لە پارێزگای كرماشان و درێژایی دیوارەكە 115 كیلۆمەترە و هاوشێوەیە لەگەڵ دیواری هادریان كە لە بەریتانیا لە لایەن رۆمەكانەوە دروست كراوە.

شوێنەوارناسانی ئێرانی دەڵێن پێ دەچێت ئەم دیوارە لە سەردەمی ئەشكانییەكان یان ساسانییەكان بنیات نرابێت، چونكە هەردوو دەوڵەت گرنگییان بە دیوار و قەڵا دەدا. هەڵبەت ئەو مێژووەش كە شوێنەوارناسەكان ئاماژەیان پێ كردووە بۆ سەردەمی دەوڵەتی ماد دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" كۆی ئەو بەردانەی دیوارەكەی پێ دروست كراوە بە یەك ملیۆن مەتر سێجا دەخەمڵێنرێت. دیارە دەبێت توانا و هیزێكی زۆر گەورە هەبووبێت بۆ ئەوەی ئەم دیوارە درێژ و قایمەی دروست كردبێت.

كۆی ئەو بەردانەی دیوارەكەی پێ دروست كراوە بە یەك ملیۆن مەتر سێجا دەخەمڵێنرێت.


دیوارەكە وێران بووە و بەشێك لە پاشماوەكانی لە ناوچەكە بڵاو بوونەتەوە و سەرەڕای ئەوەی كە شوێنەوارناسان تازە هەستیان بە كۆنیی ئەم دیوارە كردووە، بەڵام خەڵكی ناوچەكە دەیانزانی دیوارەكە زۆر كۆنە و بە دیواری گاور ناویان دەهێنا.

هێشتا شوێنەوارناسان لەوە دڵنیا نین دیوارەكە بۆ چ مەبەستێك لە لایەن چ كەسانێك بنیات نراوە و وردەكاری زۆریان نەخستووەتە روو، تەنیا گوتوویانە لەوانەیە ئەم دیوارە ئەو كاتەی دروست كراوە چوار مەتر پان و سێ مەتر بەرز بووبێت.



وشە - سلێمان تاشان