عێراق.. ئەو مادە دەستووریانەی ئەگەری هەمواركردنەوەیان هەیە

:: PM:05:47:07/11/2019 ‌

هەمواركردنەوەی دەستوور یەكێكە لە داواكاری خۆپێشاندانەكانی عێراق، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی بۆ پێكهێناوە، سەرەڕای زەحمەتی ئەو هەموواركردنە، بەڵام ئەندامێكی لیژنەی هەمواری دەستوور ئاماژە بۆ گرنگترین ئەو بابەتانەی دەستوور دەكات كە رەنگە هەموار بكرێنەوە.
سیستەمی فەرمانڕەوایی لە عێراق یەكلا دەكرێتەوە؟
رەشید عەزاو، ئەندامی لیژنەی هەموواری دەستوور ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە لیژنەكە لەسەر چەند هەنگاوێك رێككەوتووە و گرنگترین پێشنیازەكانی بۆ هەماركردنەكە دیاری كردووە كە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت لەوانە حەوت بابەتی سەرەكی هەن.

ئەو پەرلەمانتارە لە بەیاننامەیەكدا گوتی، لیژنەكە نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كردووە بۆ پێشكەشكردنی ناوی ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ و شارەزای یاسای دەستووری بۆ هاوكاریكردنی لیژنەكە، هەروەها لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و سەندیكا و كۆمەڵەكانی یاسایی قسەمان كردووە بۆ خستنەڕووی پێشنیازیان بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها ماڵپەڕێكی ئەلیكترۆنیش دەكەینەوە بۆ وەرگرتنی پێشنیازی هاووڵاتییان، جیا لە داواكردنی یارمەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و شارەزایانی نێودەوڵەتی.

روونی كردەوە، گرنگترین ئەو بابەتانەی ئەگەری هەمواركردنەوەیان هەیە بریتین لە دیاریكردنی سیستەمی فەرمانڕەوایی لە عێراق لە نێوان پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، هەروەها مادەی 76 تایبەت بە دیاریكردنی فراكسیۆنی گەورەی ناو پەرلەمان، جیا لە پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و چۆنیەتی هەڵبژاردنیان كە ئاخۆ پارێزگار راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە دیاری بكرێ یان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە، هەروەها دیاریكردنی چارەنووسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و ژمارەیان لە حاڵەتی رێككەوتن لەسەر مانەوەیان كرا.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، هەروەها تاوتوێكردنی ژمارەی پەرلەمانتارانی عێراق و چۆنیەتی دیاریكردنیان، یاسای هەڵبژاردنەكان و یاسای نەوت و گاز، دووپاتی كردەوە كە دەستوور پێویستی بە هەمواركردنەوەیە و لیژنەكەیان سوورە لەسەر كۆتاهێنان بەكارەكانی پێش ئەو وادەی بۆی دیاریكراوە كە چوار مانگە. 

ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی نزیك لە لیژنەكە ئاشكرای كرد كە یەكەم ناكۆكی لەسەر ئەوە دروست بووە كە ئەو مادە دەستوورییە چییە كە لەسەر بنەمای دەستوورەكە هەمووار دەكرێتەوە، هەندێك ئاماژە بۆ مادەی 142 دەكەن كە پێویستی بە رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق هەیە لەسەر هەر هەمووارێكی دەستووری پێش خستنەرووی بۆ راپرسی جەماوەری، ئەوكاتیش راپرسییەكە سەركەوتوو دەبێت ئەگەر دانیشتوانی سێ پارێزگا رەتی نەكەنەوە.

هاوكات بۆچوونی تر هەبووە جیاواز لەوەی پێشوو بە پشتبەستن بە مادەی 126 كە رێگە بە پێنجیەكی ئەندامانی پەرلەمان سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران بەیەكەوە دەدات بۆ داواكردنی هەموواری دەستوور، دوای ئەوە هەموواركردنەكە لە پەرلەمان دەخرێتە روو بۆ دەنگدان لەسەری و ئەوجا دەخرێتە راپرسی جەماوەری، بۆیە بوونی ئەو ناكۆكیانە كاری لیژنەكە دوا دەخات كە چوار مانگی بۆ دیاری كراوە، چونكە تا ئێستە لەسەر بنەمای دەست پێكردنی كارەكەیان رێك نەكەوتوون.

مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی بۆ پرسی هەمواری دەستووری عێراق پێكهێنا كە لە 18 پەرلەمانتار لە هەموو پێكهاتە سیاسی و ئەتنی و نەتەوەیی پێكهاتووە، ئەوەش بۆ هێوركردنەوەی توڕەیی خۆپێشاندانەكان كە داوای گۆڕینی رژێمی سیاسی و هەموواركردنەوەی دەستوور و یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان كرد.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 350 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌