له شاری سلێمانی به سه‌رپه‌رشتی چه‌ند خوێندكارێكی زانكۆ، بازاڕێك بۆ به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كان كرایه‌وه و له رێی "وشه"وه په‌یامێكیان ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌سانه كرد كه ده‌یانگوت "كوردستان خاوه‌نی هیچ به‌رهه‌مێكی خۆماڵی نییه و هه‌رگیز ناتوانێ ئابوورییه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت و خۆی به‌ڕێوه ببات".
داریان شاهۆ رێكخه‌ری بازاڕێك بۆ ناساندنی به‌رهه‌مه خۆماڵییه‌كان، به"وشه"ی راگه‌یاند، ''ئامانجمانه به‌رهه‌مه كوردییه‌كان به هاووڵاتییان بناسێنین و كڕیاری به‌رهه‌می خۆماڵی زیاد بێت، كارگه و كۆمپانیاكانیش پڕۆژه‌كانیان گه‌وره‌تر بكه‌ن و له‌و رێیه‌وه هه‌لی كار زیاد بێت بۆ گه‌نج و داهاتی ناوخۆ له ناوخۆ بسوڕێته‌وه، پشتگیرییه‌كی باشیشه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئابووری كوردستان''.
45 كارگه له ته‌واوی كوردستان به‌شدارییان كردووه
ئه‌و گوتی، ''نزیكه‌ی 45 كارگه له ته‌واوی كوردستان به‌شدارییان كردووه و ته‌واوی نرخه‌كان زۆر گونجاون، چونكه كرێ و باج و گومرگ نه‌چووه‌ته سه‌ر كاڵاكان".
بایكۆتی كاڵا و شتومه‌كی توركی و ئێرانی ده‌رفه‌تێكی باشه تا به‌رهه‌مهێنه‌ره خۆماڵییه‌كان كڕیار به‌لای خۆیاندا رابكێشن و هه‌وڵی ناساندنی به‌رهه‌مه‌كانیان بده‌ن، به‌كارهێنانی كه‌لوپه‌لی ناوخۆیی ببێته كولتوور و له ئه‌گه‌ری نه‌بوونی به‌رهه‌مێك، هانا بۆ هاورده‌كان ببرێت.
به‌یار ره‌ئووف محه‌مه‌د خاوه‌نی كارگه‌ی خواردنی ئاماده‌كراو، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، ''ئێمه له هیچ كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كمان كه‌م نییه و پێویستمان به هاورده‌كردن نییه، له كاتێكدا ئێمه داوای ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین، ده‌بێ زیاتر گرنگی بدرێت به به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كان تا ژێرخانی ئابوورییه‌كی به‌هێزمان هه‌بێت".
له‌باره‌ی كوالیتی شتومه‌كه‌كان؟ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره ده‌ڵێت، "كارگه‌كه‌مان تایبه‌ته به خواردن و ژیانی هاووڵاتی، بۆیه پێش فرۆشتنی هه‌ر پارچه‌یه‌ك، خۆم و ئه‌و 20 كارمه‌نده‌ی كار ده‌كه‌ین لێی ده‌خۆین، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه ته‌نانه‌ت خێزان و منداڵی خۆم رۆژانه ئه‌م خواردنانه ده‌خۆن".
لیژنه‌كانی قایمقامییه‌تی شاره جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كارگه و خواردنگه‌كان به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه و سزای دارایی و داخستنی ئه‌و شوێنانه ده‌ده‌ن كه سه‌رپێچی رێنوێنییه‌كانی ته‌ندروستی و گه‌شتوگوزار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی به‌كارهێنانی خواردنی ماوه‌به‌سه‌رچوو یان پاكڕانه‌گرتنی ئه‌و شوێنانه‌ی خواردنی بۆ هاووڵاتییان تێیدا ئاماده ده‌كرێت.
نه‌وا عه‌تا سه‌ردانیكه‌ر و كڕیار بوو له پڕۆژه‌كه، بۆ "وشه" گوتی، "ماوه‌ی دوو رۆژه به‌رده‌وام سه‌ردانی پێشانگه‌كه ده‌كه‌م، ته‌واوی ئه‌و پێداویستییانه‌ی رۆژانه پێویستمه لێره به‌دیم كردوون، ئه‌و كارگانه‌ی به‌شدار بوون، سوود و قازانجیان به هاووڵاتییان گه‌یاند جگه له خۆشیان".
ئه‌و كڕیاره هه‌وڵ ده‌دات زۆرترین كاڵای خۆماڵی بكڕێت و هیواداره ئه‌م جۆره فێستیڤاڵانه له هه‌موو كوردستان به‌رده‌وام بێت و له یه‌ك شار و وه‌رزێكدا په‌نگ نه‌خواته‌وه، دڵنیایشه ئه‌م نمایشه بۆ ته‌حه‌دای ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه بوو كه ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی رابگه‌یه‌نن، ده‌مرین له برسا.
له دوای ریفراندۆمی 25ـی ئه‌یلوولی 2017 كه 92%ی هاووڵاتییان ده‌نگیان به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا، به‌شێك له‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی له دوای پرۆسه‌كه دژی وه‌ستانه‌وه، به تایبه‌ت له سلێمانی، ده‌یان گوت كوردستان خاوه‌نی هیچ به‌رهه‌مێك نییه و ناتوانێ خۆی به‌ڕێوه ببات، ئه‌گه‌ر دراوسێكانی خاڵه سنوورییه‌كان دابخه‌ن.
پڕۆژه‌ی بازاڕی كوردی خۆماڵی، پڕۆژه‌یه‌كی بێ لایه‌نه كه چه‌ند گه‌نجێك هه‌ستاون به ڕێكخستنی، له ماوه‌ی دوو رۆژدا 40 تا 50 كۆمپانیا به‌شدار بوون، توانییان جگه له نمایشی كاڵا و شتومه‌كه‌كانیان، ده‌ستكه‌وتی دارایی له رێی فرۆشتنه‌وه ده‌ست بخه‌ن، داوایشیان له حكوومه‌ت و لایه‌نی پێوه‌ندیدار هه‌بوو كه گرنگی به پڕۆژه‌كه‌یان بدات و شوێنی شیاویان بۆ دابین بكات.
وشه/ راپۆرتی ره‌وه‌ز سه‌ڵاح