ئەمڕۆ ههینى ههشتى تشرینى دووهم، لە سهعات دووى پاش نیوەرۆ، بۆ دووەم ساڵ فێستیڤاڵى دانیک لە شارۆکەى بامەرنێ سەر بە شارەدێى ئامێدى بەڕێوەچوو.
بۆ ئەوەى نەوەى نوێ زانیارى لە سەر شتى کەلەپورى وڵات و ناوچهكهى هەبێت
لهوباریهوه "نازك" کچێکى بەشداربووى فێستیڤاڵهکە به "وشه"ى ڕاگهیاند، ئەمە دوو ساڵە من بەشدارى ئەم فێستیڤاڵه دەكهم، بهلاى منهوه شـتێکى کولتوورى زۆر جوانە و تامێکى کوردەوارى هەیە و حەزەکەم هەموو ساڵێك بەردەوام بێت بۆ ئەوەى نەوەى نوێ زانیارى لە سەر شتى کەلەپورى وڵات و ناوچهكهى هەبێت.
عەبدولڕەحمان بامەڕنێ یەکێک لە ڕێکخەرانى ئەم فێستیڤاڵه بۆ "وشە" گوتى، "دروستکردنى دانیک هەر لە کۆنەوە لە بامەرنێ هەبووە بەهۆى ئەوەى ئاوێکى زۆرى هەبووە و لە کۆندا هەموو ساڵیک لەم جێگایەى ئێسته کە پێى دەڵێن کانى قەشیلو دانیک تێدا دروستکراوە".
فێستیڤاڵى دانیک بۆ ماوەى دوو ساڵە لە شارۆکەى بامەرنێ دەکرێت کە تیایدا شتى کوردەوارى نمایش دەکرێت و دەفرۆشرێت و خەڵکێکى زۆر ئامادە دەبێت و ئاهەنگ دەگێرن.
بامەرنێ/ دێژین سدقى