ئێران ڕۆژهەڵات دەكات بە سەربازگە

:: AM:10:21:09/11/2019 ‌


ئێران سەرقاڵیی دنیای بە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان و لەشكركێشییەكانی توركیای قۆستووەتەوە و سنوورەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پڕ كردووە لە سەرباز، لەناو شارە كوردییەكانیش لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەورییەی سەربازیی بەردەوام هەیە. دەگوترێ ئێران ئەوە لە ترسی سەركەوتنی ڕۆژئاوا دەكات كە دواتر ڕۆژهەڵاتیش چیتر ئەو ژێردەستییەی قبووڵ نەبێت و ڕاپەڕێت.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە" كە لە بەرپرسانی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە وەریگرتووە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا كە توركیا لەشكركێشیی كردووەتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان و بەرگریی باش هەیە، ئێران سنوورەكانی خۆی لەگەڵ هەرێم زۆر زیاتر لە جاران پڕ كردووە لە سەرباز و لەناو شارەكانی ڕۆژهەڵاتیش دەورییەی سەربازیی بەردەوام هەیە.

ئەوان دەڵێن، "ئێران ترسی لەوە هەیە ڕۆژئاوای كوردستان سەربكەوێت و لە ڕۆژهەڵاتیش كورد دژی ڕژێم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی و كردەی چەكداری دەست پێ بكەن".

ئیقبال كەریمی هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، ئێران لە ڕێی تۆڕە سیخوڕییە مەدەنییەكانیەوە بەردەوام سەرقاڵی سیخوڕیكردنە لەسەر ئەو خەڵكانەی دەیانەوێت خۆپێشاندان بۆ پشتگیریی ڕۆژئاوای كوردستان بكەن و دەیانگرن، چونكە دەترسن شتەكە گەورە بێت و ڕووبەڕووی خۆیان ببێتەوە.
ترسی هەیە ڕۆژئاوا سەربكەوێت، ڕۆژهەڵاتیش دەست بە جووڵە بكات.
روونی كردەوە، "لە ماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا شەو و ڕۆژ دەورییەی سەربازی لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوونی هەیە و بەردەوام و بێ پرس، دەچنە ناو دووكان و ماڵی كوردەوە و بە ناوی پشكنینەوە ترس و تۆقین بڵاو دەكەنەوە، تا كەس بیر لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەرانبەر ڕژێم نەكاتەوە."

ئێران بە تەنیا لەسەر سنوورەكان و ناو شارەكان هێزی بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵكو لە سەرانسەری گوندەكان و سەرەڕێیەكان هێزیان جێگیر كردووە و بنكە و بارەگایان دامەزراندووە، ئەوەش بۆ ئامادەباشییان لە ئەگەری هەر ناڕەزایەتییەك لە شارەكاندا لە دژی ڕژێم.
بەڵام كاوە بەهرامی بەرپرسی كۆمیسیۆنی نیزامیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ئەوە دەخاتە ڕوو كە كۆماری ئیسلامیی ئێران هێزەكانی تازە نەهێناوەتە ئەو ناوچانە، بەڵكو لەمێژە ئەو هێزانەی لەوێ جێگیر كردووە، بەڵام لەم دوو ساڵەی كۆتادا هێزێكی زیاتری هێناوە و لەم ماوەیەشدا هێزەكانی زیاتر كردووە.

بەهرامی بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەش كرد، "هێنانی ئەو هێزانە بۆ ئەوەیە ئێران ترسی بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە ناوخۆی رۆژهەڵات هەیە، بۆیە بۆ سەقامگیریی خۆی و مانەوەی، هێزێكی زۆری بڵاو كردووەتەوە".

بەپێی زانیاریی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، تاران و ئەنكەرە لە هاوئاهەنگیدان بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانە ببنەوە كە كوردن و لە وڵاتەكانیاندا هەن، بۆ ئەوەش هاوكاری تەواویان هەیە.

خدر بەگ بەرپرسی كۆمیتەی حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) باس لەوە دەكات، ئێران ترسی لە ناوخۆی و بەتایبەت ڕۆژهەڵات هەیە كە ناڕەزایەتیی بتەقێتەوە، بۆیە دەیەوێ هێزی خۆی پێشانی خەڵك بدات كە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەكەی هەیە.

ئەم هەوڵانەی ئێران بۆ پڕكردنەوەی سنوورەكانی لە سەرباز، لە كاتێكدایە گەمارۆیەكی چڕوپڕی لەلایەن ئەمەریكا و وڵاتانی تری زلهێزەوە لەسەرە.

بەگ بە"وشە"ی گوت، "ئێران ڕۆژهەڵات و ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران وەك خاڵی لاوازی خۆی دەبینێت، بۆیە دەیانەوێ بە كۆكردنەوەی هێزی سەربازی پێش بگرن بە هەر گۆڕانكارییەك لە ڕۆژهەڵاتەوە، بتایبەت كە ئێستە دەبینێت كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرگری دەكات، ترسی هەیە ئەو بارودۆخەی ئەوێی بۆ بگوازرێتەوە."

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال





وشە - وشه‌