نرخی خانوو و زەوی دادەبەزێت

:: PM:12:12:09/11/2019 ‌
نرخی خانوو و زەوی دادەبەزێت و خاوەن نووسینگەیەكی كڕین و فرۆشتنی زەویش چەند هۆكارێك بۆ دابەزینەكەی دەخاتەڕوو و خانووی كرێش كەمە.

ئەمڕۆ شەموو نۆی تشرینی دووەم، ڕێبوار تەها خاوەنی نووسینگەی گەردی بۆ كڕین و فڕۆشتنی زەوی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نرخی خانوو و زەوی بەشێوەیەكی باش دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئەوەشی نرخی بەرزی داناوە لەسەر موڵكەكەی بۆ نافرۆشرێت.

بەپێچەوانەوە پێشتر بەهۆی شەڕ لە عێراق نرخی خانوو گران دەبوو
ئەو خاوەن نووسینگەیە گوتی، بەهۆی ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە نرخی خانوو هەرزان بووە بەپێچەوانەوە پێشتر بەهۆی شەڕ لە عێراق نرخی خانوو گران دەبوو، خەڵكی ئاوارە دەبوون لە هەرێمی كوردستان خانوویان دەكڕی.

ڕوونی كردەوە، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی ئێستە بەدوای خانووی كرێ‌ دەگەڕێن و خانووی كرێ‌ زۆر بەكەمی دەست دەكەوێت، بۆیە ئەوەی بۆمان ڕوون بووەتەوە ئەوانەشی بەهۆی دۆخی خراپی عێراق دێنە هەرێمی كوردستان خانوو بەكرێ‌ دەگرن.

لە بارەی ئاستی دابەزینی نرخی خانوو ئاشكرای كرد، دەتوانرێت بگوترێ لەهەر خانوویەك لەو دوو هەفتەیە سێ‌ بۆ پێنج هەزار دۆلار خانوو نرخەكەی لە دەست داوە و تا ئاستێك زەوی نرخەكەی خۆی پاراستووە و كەمتر دابەزیوە و تاپۆكردنی خانووە بێ‌ تاپۆكانیش كاریگەری هەبووە.





وشە - رامیار جەواد