ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی خۆی ساز كرد و تیایدا چەند پرسێكی گرنگی تاوتوێ كرد، لەوانە یاسای یەكگرتووی خانەنشینی و كەمكردنەوەی مووچەی بەرپرسان، كە تیایدا تەمەنی خانەنشینی و كەمترین مووچەی تیادا دیاری دەكرێت.
حكوومەت و پەرلەمان لە كێبەركێدان بۆ رازیكردنی خۆپێشاندەران
دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بەر لە دوو هەفتە بڕیاری هەڵپەساردنی دانیشتنەكانی دا تا ئامادەبوونی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمان و روونكردنەوەی چەند پرسێكی گرنگ سەبارەت بە پڕۆگرامی حكوومەتی و داواكاری خۆپێشاندەران، ئەمڕۆ شەموو پەر لەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی و ئامادەبوونی 2132 پەرلەمانتار كۆبووەوە.
وەك بڕیاربوو كە لەم دانیشتنە دەنگ لەسەر چەند چاكسازییەك لەسەر داوای خۆپێشاندەران و یاسای نوێ و یەكگرتووی خانەنشینی بدرێت، پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە یاساكە بەكۆتا هێنا كە تیایدا كەمترین مووچەی خانەنشینی بە 600 هەزار دینار دیاری كرا.
محەمەد كەریم، پەرلەمانتاری عێراق لەو بارەوە گوتی، پەرلەمان دووەم خوێندنەوەی بۆ یاسای یەكگرتووی خانەنشینی كرد و دەرگەی گفتوگۆكردنی كردەوە بەر لە دەنگدان لەسەری و پەسندكردنی كە تیایدا كەمترین مووچەی خانەنشینی بە 600 هەزار دینار دیاری كراوە و ئەوانەشی 15 ساڵ بەسەرەوە خزمەتیان هەیە و تەمەنیان كەمتر نییە لە 45 ساڵ دەتوانن خانەنشین ببن.
جیا لەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر رەوانەكردنی پەرلەمانتار ئەحمەد جبووری بۆ لیژنەی رێككاری ئاكار دا بێ ئاماژەكردن بۆ هۆكارەكەی، پەرلەمان كۆتایی بە گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازی یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسان هێنا.