لەدایکبوونی پەیامهێنی ئیسلام و هەڵەیەکی باو

:: PM:07:39:09/11/2019 ‌

لە 12ی رەبیعی یەکەمی مانگی کۆچیی هەموو ساڵێک، موسڵمانان کە بەپێی دوایین ئامار ژمارەیەکان نزیکی ملیار و نیوێک بووەتەوە، یادی لەدایکبوونی موحەمەد پەیامهێنی ئیسلام دەکەنەوە. ئەگەرچی بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی، بۆ یەکەم جار سوڵتان موزەفەر لە هەولێر ئەو یادەی دامەزراندووە، بەڵام ئێستە لەو ڕۆژەدا هەموو جیهانی ئیسلامی پێوەی پابەندن، وێڕای ئەوەی گومانێکی زۆر لەسەر ڕۆژەکە هەیە و تا ئێستە یەکلا نەبووەتەوە، ئایا بەڕاست پەیامهێن لەو ڕۆژە لەدایک بووە یان ڕۆژی تر.

ڕۆژی لەدایکبوونی پەیامهێن
مێژووە باوەکە بریتییە لە ڕۆژی دووشەم، 12ی رەبیعی یەکەمی ساڵی فیل. بەڵام ئەوەی جێی سەرسووڕمانە، تەواوی ئەم زانیارییە لای مێژووناسان جێگەی گومانە و بۆچوونی جیاوازی لەسەر گوتراوە، جیا لە ڕۆژەکە کە دووشەم بووە و بە چەندان بەڵگەی جیاواز ئەوە یەکلا بووەتەوە کە لەو ڕۆژەی هەفتەدا لەدایک بووە، بەڵام دووشەمی چ مانگ و چ ساڵێک، هەمووی ڕای جیاوازیان لەسەرە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە مێژوویییەکان، دەبینین بۆچوونی دژ بە یەک لەسەر دیاریکردنی ڕۆژەکە هەیە. هەندێک پێیان وایە لە دووی ڕەبیعی یەکەم لەدایک بووە، هەندێکیش دەڵێن هەشت، نۆ، 10 و 12، بەڵام لە کتێبی "الرحیق المختوم"ـی موبارەکفوری کە یەکێکە لە سەرچاوە هەرە باوەکانی ناو موسڵمانان و لەناو کوردیشدا زۆر باوە دەڵێ لە نۆی ڕەبیعی یەکەمی ساڵی فیل لەدایک بووە.
جیاوازیی هەر لە ڕۆژی لەدایکبوونەکەدا نییە، مانگەکەیشی جێی مشتومڕە و هەندێک لە مێژووناسان دەڵێن، موحەمەد لە مانگی ڕەمەزاندا لەدایک بووە نەوەک ڕەبیعی یەکەم و ئەوانیش بەڵگەی خۆیان بەدەستەوەیە.

گومانەکە گەورەکە لە ساڵی لەدایکبوونیدایە
دەتوانین بڵێین تا ئێرەیش هەر ئاسایییە، با ڕەبیعی یەکەم نەبێ ڕەمەزان بێت، با 12ی مانگ نەبێ، ئەو ڕۆژانەی تر بێت کە وەک پێشتر باسمان کرد، ئەوەیان کێشەی گەورە دروست دەکات کە دەبینین لەسەر خودی ساڵەکەش گومان هەیە. ئایا بەڕاست لە ساڵی فیل لەدایک بووە؟

پێش ئەوە پێویستە شتێک ڕوون بکەینەوە. کاتی خۆی عەرەب لەبەر ئەوەی خوێندەوارییان نەبوو، تۆماری مێژوویان نەبوو، ساڵەکانیان بەپێی ڕووداوە مەزنەکان دەپێوا. بۆ نموونە ساڵی لافاوەکە، ساڵی هێرشی ڕۆمەکان، ساڵی فیل کە بریتییە لە هێرشی سوپای حەبەشە بۆ سەر شاری مەککە بۆ ڕووخاندنی کابە کە پێش ئیسلامیش شوێنێکی پیرۆزی عەرەب بووە. وەک باس دەکرێ، لە حەبەشەوە (ئەریتیریای ئێستە) بە سواری چوونەتە سەر دەریای سوور و لەوێ بە کەشتی پەڕیونەتەوە بۆ یەمەن و لە یەمەنەوە بەرەو مەککە فیلەکانیان جووڵاندووە، ئەم گێڕانەوەیەش لای هەندێک لە توێژەران جێی گومانە، چونکە فیل ناتوانێ بەرگەی هەموو گەشتە درێژە بگرێ.

ئینجا با بێینەوە سەر بابەتەکە، ئایا موحەمەد لەو ساڵەدا لەدایک بووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، مێژووناسان و توێژەران وڵامی جۆراوجۆریان داوەتەوە. هەندێکیان پێیان وایە ساڵی فیل دەکاتە ساڵی 555ى زانیینی نەوەک ساڵی 570 کە بە ساڵی لەدایکبوونی موحەمەد و ساڵی فیلیش دانراوە. بۆ ئەم بۆچوونەش، چەندان مێژوونووسی ئیسلامیش هاوڕان و دەڵێن، پەیامهێن دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە ساڵی فیل لەدایک بووە لەوانەش هیشام جەعیت خاوەنی پەرتووکی "السیره‌ النبویه‌"، هەروەها ئین عەساکیر خاوەنی کتێبی "تاریخ دمشق" هاوڕایە و دەڵێن، جیاوازیی ساڵی فیل و نۆژەنکردنەوەی کابە ٧٠ ساڵ بووە. واتە لەو ڕووداوەدا کە موحەمەدیش بەشداریی کردووە، لە هەڕەتی لاوێتیدا نەبووە وەک هەندێک لە مێژوونووسانی ئیسلامی باسی دەکەن، بەڵکو تەمەنی ٤٠ ساڵ بووە، ئەم بەڵگەیەش پێمان دەڵێ، نەوەک ٢٠ ساڵ، بەڵکو ٣٠ ساڵیش لە نێوان لەدایکبوونی موحەمەد و ساڵی فیلدا هەبووە.

موحەمەدی کوڕی عەبدوڵا، پەیامهێنی ئایینی ئیسلام کە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی هەڵقوڵاوە و دواتر لەڕێی شەڕ و بازرگانی و تێکەڵاویی ترەوە، ئایینەکە بۆ وڵاتان و ئیمبراتۆڕییەتەکانی چواردەوری عەرەب بڵاو بووەتەوە و ئێستە ئایینی سێیەم لە دنیادا. موسڵمانان پێیان وایە، پەیامهێنەکەیان دوایین کەسە لە خواوە نزای بۆ بێتە خوارەوە و بۆ هەموو خەڵکی سەر زەوی بەبێ جیاوازی هاتووەتە خوارەوە و هەموویان ناچارن واز لە ئایین و بڕواکانی خۆیان بهێنن و شوێن ئەم ئایینە بکەون کە تەواوکەری ئایینە ئاسمانییەکانی ترە و دوای هاتنی ئیسلام ئیتر خوا هیچ ڕێگەیەکی تری ئایینداری قبووڵ ناکات.

بەپێی گێڕانەوە موسڵمانان، وێڕای هەموو گومانەکان لەسەر ساڵ و ڕۆژی لەدایکبوونی موحەمەد، کەسێک بووە بە هەتیوی لەدایک بووە، زۆری نەبردووە دایکیشی مردووە و لە بەردەست باپیری و دواتر لەلای مامی پەروەردە بووە، بەهۆی ڕەوشتە باشەکانییەوە، بێوەژنێکی زەنگینی شاری مەککە دەیکاتە سەرقافڵەی بازرگانییەکانی بۆ شام و دواتر داوای لێ دەکات هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات. وێڕای ئەوەی تەمەنیشی زۆر گەورەتر بووە، موحەمەد دەیکاتە هاوسەری خۆی کە ئەمە یەکەم هاوسەری بووە و دواتر زیاتر لە ١٠ ژنی تری هێناوە، هەندێک دەڵێن ژمارەی ژنەکانی گەیشتووەتە سەروو ٤٠ دانە و گێڕانەوەی جیاوازی لەسەرە.


وشە - كوردۆ شابان

ئه‌م بابه‌ته 255 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌