گرووپێكی مەترسیدار لە هەولێر گیران

:: AM:11:59:11/11/2019 ‌
پۆلیسی شارەوانی دەست دەگرێت بەسەر كۆگایەكی دەرمانی قاچاخ و ماوەبەسەرچوو لە نیوەی شەودا قفڵی شارەوانی دەشكێنن و دەیانەوێت دەرمانەكە بگوازنەوە بۆ شوێنێكی تر.

ئەمڕۆ دووشەم 11ـی تشرینی دووەم، پۆلیسی شارەوانی هەولێر بڵاوی كردەوە، دوێنێ‌ هێزەكانی پۆلیسی شارەوانی هەستا بە داخستنی كۆگایەكی دەرمان و كەلوپەلی تەندروستی ماوەبەسەرچوو و قاچاخ.
كاڵای ڕێپێنەدرا بوو، بەشێكیشیان هیچ ڕێكەوتێكی دروستكردنی لەسەر نەبووە 

پۆلیس ڕوونی كردووەتەوە، كۆگاكە هەمووی كاڵای ڕێپێنەدرا بوو، بەشێكیشیان هیچ ڕێكەوتێكی دروستكردنی لەسەر نەبووە، بەڵام ئەو گرووپە هەوڵیان داوە لە نیوەی شەوی ڕابردوو قفڵەكان بشكێنن و ئامێری كۆسەر و لەحیمیشیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو تا دەرمانەكان ببەن و شوێنەكە دابخەنەوە وەك ئەوەی هیچ بەڵگەیەك نەبێت لەسەر كارەكەیان.

باس لەوەش كراوە، ئەو گرووپە چوار كەس بوون و گیراون و ڕادەستی دادگا كران بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن، سەرجەم ئامێرەكانیش لەگەڵ ئۆتۆمبێل و كەلوپەلەكان دەستیان بەسەردا گیراوە و وەك بەڵگەیەك لامانە.

گرتنی ئەو گرووپە لە كاتێكدایە دوێنێش بڕی 200 تۆن ئاردی خراپ لە كۆگایەك دەستی بەسەردا گیرا و لێكۆڵینەوە لەگەڵ خاوەنەكەی كرا.



وشە - رامیار جەواد