له گه‌ڕه‌كه جیاوازه‌كانی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری، خستنه‌ڕووی زه‌وی زۆره و هاووڵاتییان بۆ ده‌ستخستنی پاره ده‌یانه‌وێ زه‌وییه‌كانیان بفرۆشن، به‌ڵام كڕیار نییه، شاره‌زایان هۆكاره‌كه بۆ دۆخی رۆژئاوای كوردستان و ئاڵۆزیی عێراق ده‌گێڕنه‌وه.
نه‌وزاد ڕه‌حیم خاوه‌نی نووسینگه‌ی موڵكی سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، پێش دوو مانگ كڕین و فرۆشتن به زه‌وی زۆر بوو. به‌گوته‌ی خۆی، مانگ هه‌بوو 10 گرێبه‌ستی كڕین و فرۆشتنی زه‌وییان ئه‌نجام داوه، به‌ڵام بۆ مانگێك ده‌چێت بازاڕی زه‌وی و موڵك به‌گشتی وه‌ستاوه. ئه‌و پێی وایه دۆخی ئاڵۆزی عێراق هۆی وه‌ستانی ئه‌و بێ بازاڕییه‌یه.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه سه‌ره‌ڕای زۆری خستنه‌ڕوو، نرخی زه‌وی و موڵك هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ر نه‌هاتووه، به‌ڵام كڕیار كه‌مه، پێش دوو بۆ سێ مانگ هاووڵاتی زه‌ویی ده‌فرۆشت و كڕیار زۆر بوو، كه‌چی ئێسته پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه، زۆرتر هاووڵاتی ده‌ستی به فرۆشتنی زه‌وی كردووه، ئه‌وانه‌ی بۆ قازانج زه‌وییان كڕیبوو ده‌یانه‌وێ زه‌وییه‌كانیان بفرۆشنه‌وه.
به‌گوته‌ی خاوه‌ن نووسینگه‌كه، زیاتر له 100 پارچه زه‌وییان لایه، به‌ڵام مانگێكیش ده‌بێت سێ گرێبه‌ستیان نه‌كردووه، نرخی زه‌ویش له ناوچه‌كه‌ی ئه‌وان به‌تایبه‌تی قڕگه و ده‌وروبه‌ری له سلێمانی، تا ئاستێك گونجاوه و زۆر به‌رز نییه.
"بۆ نموونه زه‌ویی 160 مه‌تری لای شوقه‌كانی مامۆستایان كه خزمه‌تگوزارییان نییه، له 20 هه‌زار دۆلاره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات بۆ 40 هه‌زار دۆلار به‌پێی شوێن" نه‌وزاد وای گوت.
له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌شتی محه‌مه‌د خاوه‌نی نووسینگه‌ی ڤاری له گه‌ڕه‌كی ئاشتی سلێمانی، به"وشه"ی گوت، ئێسته نرخی زه‌وی به‌رزه، به‌ڵام خواست له‌سه‌ری نییه، كڕیار نییه و نرخیش به‌رده‌وام به‌رز ده‌بێته‌وه، هاووڵاتی ده‌ستی كردووه به فرۆشتنی زه‌وی.
له‌باره‌ی هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زه‌وی، گوتی:
پێوه‌سته به دۆخی ته‌ناهیی ناوچه‌كه، ئه‌وانه‌ی كه خاوه‌نی موڵكن پێیان وایه موڵهكهكانیان پاره ده‌كه‌ن
"ڕۆژانه زه‌ویمان بۆ دێت بۆ فرۆشتن، ڕۆژ هه‌یه سێ زه‌وی، ڕۆژ هه‌یه دوو و جاری وایش هه‌یه به هه‌فته‌ی زه‌وییه‌كیش نایه‌ت بۆ فرۆشتن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فرۆشتنی زه‌وی زۆر بووه، واته خستنه‌ڕوو زۆر بووه، ئێسته زیاتر له 300 موڵكمان لایه بۆ فرۆشتن" ده‌شتی وا ده‌ڵێ.
نرخی پارچه زه‌وییه‌كی 100 مه‌تری له گه‌ڕه‌كی ئاشتی سلێمانی كه ناوشاره، 90 هه‌زار دۆلاره، ئه‌و ناوچانه‌ی كه ناوشارن نرخیان گرانه، به‌ڵام نرخی زه‌وی له ده‌ره‌وه‌ی شه‌قامی 60 مه‌تری شاره‌كه هه‌رزانتره و كه‌سانێك توانای كڕینی زه‌وییان هه‌یه، ده‌كرێ له‌و ناوچانه فرۆش باشتر بێت به‌و پێیه‌ی نرخه‌كه جیاواز و كه‌متره به‌راورد به ناوشار.
محه‌مه‌د شێخ كه‌ریم خاوه‌نی نووسینگه له گه‌ڕه‌كی ڕاپه‌ڕینی سلێمانی، به هه‌مانشێوه‌ی ناوچه‌كانی تر ئه‌ویش ژماره‌یه‌كی زۆر زه‌ویی لایه، به‌ڵام كڕیاری نییه.
شێخ كه‌ریم ڕۆژانه له سه‌عات نۆی به‌یانی ده‌رگه‌ی نووسینگه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه تا پێش بانگی ئێواره تا گرێبه‌ستێك ئه‌نجام بدات، به‌ڵام وه‌ك خۆی به"وشه"ی راگه‌یاند، به‌هۆی نه‌بوونی كڕیاره‌وه هیچ سوودێك له‌و زه‌وی و موڵكانه وه‌رناگرێت كه له‌لایه‌تی.
زیاتر گوتی، "بازاڕه‌كه وه‌ستاوه و كڕیار نییه، نازانین هۆكار چییه، به‌ڵام پێمان وایه هاووڵاتی نایه‌وێ ئه‌و پاره‌ی هه‌یه‌تی خه‌رجی بكات."
نه‌وزاد شێخ كامیل شاره‌زا له بواری ئابووری، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زه‌وی پێوه‌سته به خواست و خستنه‌ڕوو، له‌گه‌ڵ بارودۆخی سیاسی و ته‌ناهی كه هه‌ردووكیان پێوه‌ندییان به یه‌كه‌وه هه‌یه، له ماوه‌ی ڕابردوودا دۆخی دارایی هاووڵاتییان هه‌نگاوێكی باشی ناوه، كه‌سانێك ده‌ستیان به كڕینی زه‌وی و موڵك كرد، به‌ڵام دۆخه خراپه ته‌ناهییه‌كه‌ی عێراق دووباره هاووڵاتییانی وه‌ستانده‌وه.
ئه‌و گوتی، كه‌سانێك كه له ڕابردوو زه‌وییان كڕی بۆ قازانج، ئێسته كه دۆخێكی نوێ له ناوچه‌كه هاتووه‌ته كایه‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی رۆژئاوای كوردستان و عێراق، وایانكردووه ئه‌وانه‌ی زه‌وییان هه‌یه بیفرۆشن و پێیان وایه پاره‌كه‌یان پێ بێت باشتره له موڵكه‌كه. له به‌رانبه‌ردا هاووڵاتییانیش كه مه‌به‌ست كڕیاره ئه‌گه‌ر پاره‌یه‌كیان پێ بێت، به هه‌مانشێوه به‌هۆی ترسیان له دۆخه‌كه نایانه‌وێ پاره‌كه خه‌رج بكه‌ن و پێیان وایه پاره‌كه ئێسته بۆ ئه‌وان باشتره.
كامیل پێشبینی ده‌كات، دوای ئه‌و دوو مانگه و له سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه، دووباره بازاڕ پێچه‌وانه ببێته‌وه و دۆخه‌كه به‌ره‌و باشبوون بڕوات و بازاڕی خانوو و زه‌وی جووڵه ده‌كاته‌وه و كڕین و فرۆشتنه‌كان ئاسایی ببنه‌وه.
وشه/ سلێمانی- هۆشیار عه‌لی