مه‌زڵووم پلانه‌كانى ئەردۆغان ئاشكرا ده‌كات

:: AM:12:13:14/11/2019 ‌
دواى ماوه‌یه‌كى درێژ له‌ گرژی و ململانێ و بوونى چه‌ندان دۆسیه‌ى ئاڵۆز له‌ نێوانیان، ئه‌مڕۆ له‌ واشنتن دۆناڵد تره‌مپ پێشوازی له‌ ئه‌ردۆغان كرد و دوو كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا، مه‌زڵوومیش به‌ تویتێك بۆ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا پلانه‌كانى ئەردۆغان ئاشكرا ده‌كات.

توركیا نزیكه‌ی هه‌زار و 100 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ی له‌ خاكی ڕۆژئاوای كوردستان داگیر كردووه‌
فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له‌ دواى سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان  سه‌رۆك كۆماری توركیا تویتێكى له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر بۆ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بڵاو كرده‌وه‌ و پلانێكى ترسانێكى ئه‌ردۆغان له‌ دژى مه‌سیحییه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

له‌ تویته‌كه‌ مه‌زڵووم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات، نوسیوویه‌تی: "له‌كاتێكدا ئه‌ردۆغان چاوی به‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌وێت، هێزه‌كانی سوپاى توركیا به‌ چڕی بۆردمانی شارۆكه‌ی ته‌لته‌مری مه‌سیحی له‌ ڕۆژئاوى كوردستان ده‌كه‌ن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كۆچێكی گه‌وره‌ له‌ شارۆكه‌كه‌ دروست بووه‌ و ئه‌مه‌یش پێشێلكردنی ئاگر به‌سته‌ به‌ ڕۆژی ڕووناك، له‌وكاته‌وه‌ی ئاگر به‌ست ڕاگه‌یه‌ندراوه‌، توركیا نزیكه‌ی هه‌زار و 100 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ی له‌ خاكی ڕۆژئاوای كوردستان داگیر كردووه‌."

له‌ نۆى مانگى رابردوو توركیا به‌ ره‌زامه‌ندى ناڕاسته‌وخۆى ئه‌مه‌ریكا هێرشى كرده‌ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان، له‌م هێرشه‌دا ژماره‌یه‌كى زۆر خه‌ڵكى سڤیل كوژروان و رووبه‌رێكى زۆرى خاكى رۆژئاواى كوردستانیش داگیر كراوه‌. به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى توركیا ناوچه‌ى ئارام بۆ ئاواره‌ سوورییه‌كان داده‌نێت.




وشە - محەمەد میران