به‌گوێره‌ى راپۆرتێك له‌سه‌ر كورد و چه‌ند دۆسیه‌یه‌كى تر، ناكۆكى له نێوان ئه‌ندامانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له دژى داعش و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى هاوپه‌یمانێتى كه ئه‌مڕۆ له ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه ده‌چێت.
به‌ر له ده‌ستپێكردنى كۆبوونه‌وه‌ى وزارى وڵاتانى ئه‌ندام له هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژ به داعش كه بڕیاره ئه‌مڕۆ له واشنتن ده‌ست پێ بكات، ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵی
"ئه‌لعه‌ره‌بیه" له راپۆرتێك ئاماژه بۆ ئه‌و ناكۆكییانه ده‌كات كه له نێوان ئه‌ندامانى هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه. هۆكارى سه‌ره‌كی ناكۆكییه‌كانیش رۆڵى توركیایه له باكورى رۆژهه‌ڵاتى سووریا.
ئه‌مه‌ریكا ناوى كوردى فه‌رامۆش كردووه و به "هاوپه‌یمانانى سه‌ر خاكه‌كه" ناویان ده‌بات
گومان له نیازه‌كانى توركیا ده‌كه‌ن
به‌شداربووانى كۆبوونه‌وه‌كه گومانێكى گه‌وره‌یان له‌وه هه‌یه ئاخۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا چى ده‌وێت. چوونى هێزه‌كانى توركیا بۆ ناوچه‌كه كۆمه‌ڵێك هاوكێشه‌ى له‌سه‌ر ئاستى ئۆپراسیۆنه‌كانى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تى ئاوه‌ژوو كردووه‌ته‌وه. ئه‌و گومانه به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت له لاى به‌ریتانیا و فڕه‌نسا هه‌یه، ئه‌م دوو وڵاته هه‌ردووكیان كۆكن له‌سه‌ر رێككه‌وتنى توركى ئه‌مه‌ریكى له‌سه‌ر سنووره‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاریس و له‌نده‌ن متمانه‌یان به‌وه نییه كه توركیا بتوانێ دۆخى ته‌ناهى ناوچه‌كه بپارێزێت.
جگه له‌مه‌یش فڕه‌نسا و ته‌واوى وڵاتانى تر پێیان وایه توركیا هه‌ناردنه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعشیان به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنێ، ئه‌وه‌یش به‌مه‌رجى خۆى نه‌ك مه‌رجه‌كانى ئه‌وان. هه‌روه‌ها ئه‌وروپییه‌كان پێیان وایه ئه‌مه‌ریكا زۆر ئاسانكارى بۆ توركیا كردووه تا به‌و ئاسته گه‌یشتووه، ئه‌نكه‌ره ئه‌وروپا ناچارى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى ده‌كات، یان به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه گوشار بۆ سه‌ر ئه‌وروپا ده‌هێنێ. له كاتێكدا ئه‌وروپییه‌كان نایانه‌وێ له یه‌ك كاتدا رووبه‌ڕووى واشنتن و ئه‌نكه‌ره ببنه‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فڕه‌نسا هاتووه، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر داواى پاریس بووه، چونكه له چه‌ند هه‌فته‌ى رابردوودا كۆمه‌ڵێك رووداو له باكورى رۆژهه‌ڵاتى سووریا روویان داوه. هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فڕه‌نسا هاتووه، جان ئیف لۆدریانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فڕه‌نسا دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، هه‌ر ره‌فتارێكى تاكڕه‌وى ده‌ستكه‌وته‌كان له ناو ده‌بات و ئامانجى سه‌ره‌كى ده‌پووكێنێته‌وه كه بریتیه له بنبڕ‌كردنى رێكخراوى تیرۆریستى داعش.
مانه‌وه‌ى له سووریا
وه‌ك راپۆرته‌كه‌ى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه ئاماژه‌ى بۆ كردووه، نیشانه‌ى نیگه‌رانییه‌كى روون هه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌وروپییه‌كان له به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر باكورى رۆژهه‌ڵاتى سووریا، بۆیه فڕه‌نسا داوا ده‌كات له‌سه‌ر وڵاتانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى پێویسته ئاماده‌یى سه‌ربازى و مه‌ده‌نییان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى گره‌نتى له‌ناوبردنى داعش بكه‌ن.
جگه له فڕه‌نسا وڵاتانى تر‌ى ئه‌وروپا و ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وروپا له چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به داعش له هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانن، چونكه دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌ماوه‌ى رابردوو سێ جار داواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى كردووه و دواتر پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه، كه‌چى دواجار هێزه‌كانى كشانه‌وه ئه‌مجاره‌شیان له‌ژێر گوشارى كۆنگرێس رازى بوو 500 تا 600 سه‌ربازى ئه‌مه‌ریكا ره‌وانه‌ى سووریا بكات. ئه‌ندامانى هاوپه‌یمانى ئێسته له‌وه دڵنیان كه سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێ هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له سووریا بمێنێته‌وه.
هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ كورد نییه
خاڵێكى تر كه ئه‌ندامانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى نیگه‌ران ده‌كات، ئه‌وه‌یه حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا نه‌رمییه‌كى زۆر ده‌نوێنێ له به‌رانبه‌ر داواكارییه‌كانى توركیا له باكورى رۆژهه‌ڵاتى سووریا، كه‌چى پابهندبوونێكى هاوشێوه له ئه‌مه‌ریكا نابینین به‌رانبه‌ر به كورد و هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات.
به‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه، ئه‌مه‌ریكییه‌كان ره‌شنووسى به‌یاننامه‌یه‌كى هاوبه‌شیان بڵاو كردووه‌ته‌وه، تێیدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ كورد و هه‌سه‌ده نه‌كراوه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت ناویان به "هاوپه‌یمانانى سه‌ر خاكه‌كه" هاتووه.
وڵاتانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌وه نیگه‌رانن ئه‌مه‌ریكا نه‌رمى له‌گه‌ڵ توركیا ده‌نوێنێ
ئه‌ندامانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به داعش پێیان وایه نه‌بوونى ئاماژه‌یه‌ك بۆ كورد و هه‌سه‌ده، پابه‌ندنه‌بوونى ئهمهركیایه به‌و ناوچه‌یه‌ى كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى كورد و هه‌سه‌ده‌دایه له رۆژهه‌ڵاتى فوڕات. ئه‌مه‌یش ده‌رگه‌یه‌كى كراوه بۆ جووڵه‌ى توركیا ده‌كاته‌وه وه‌ك ئه‌و سیناریۆیه‌ى له مانگى رابردوو رووى داوه كه كورده‌كان ناچار ده‌كات بگه‌ڕێنه‌وه باوه‌شى سووریا و ناوچه‌كه‌یش بكه‌وێته ژێر ئه‌زموونى رووسیا و ئێران.
زیادكردنى ئه‌ركه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى
سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ناكۆكییانه ماڵپه‌ڕه‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، مشتومڕێكى تر له نێوان ئه‌ندامانى تر‌ى هاوپه‌یمانى و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر فراوانكردنى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى هه‌بووه. ناكۆكییهكهیش له‌سه‌ر ئه‌وه بووه ئه‌مه‌ریكا داوا ده‌كات به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش ته‌نیا له سووریا و عێراق نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى فراوان بكرێت، كه‌چى ئه‌ندامانى تر سڵ له به‌شداربوون ناكه‌نه‌وه، به‌ڵكو باسیان له‌وه كردووه زمانى ئه‌مه‌ریكا له‌م بابه‌ته وه‌ك ئه‌وه‌یه پێشێلى سه‌روه‌رى وڵاتان بكات.
له هاوینى ساڵى 2014 هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له دژى داعش به‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا راگه‌یانرا بۆ له‌ناوبردنى ده‌سه‌ڵاتى داعش له سووریا و عێراق، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه له 81 وڵات و رێكخراو پێكهاتووه.