من و كەركووك..یادەوەرییەك بەتامی رۆمان

:: PM:03:57:16/11/2019 ‌


"من و كەركووك" یەكەم كتێبی چالاك و رۆژنامەنووس خاتوو هەرمن ئەحمەد، پێكهاتووە لە 336 لاپەڕە. لە كۆتایی كتێبەكەدا نووسەر چەندان لاپەڕەی تەرخان كردووە و ئەلبوومێكی رازاندووەتەوە بەو وێنانەی پێوەستن بە خۆی و رووداوەكانی شاری كەركووك. 

نووسەر و رۆژنامەنووس تاریق كارێزی لە پێشەكی كتێبەكەدا بەناونیشانی "وشەچنی" خوێندنەوەیەكی جوان و وردی بۆ كتێبەكە كردووە، وەك سەرتووی بابەتەكە هێندەی تر كتێبەكەی شیرین كردووە. ئاماژەی بەكورتە مێژوویەكی ستەمدیدەیی كۆن و نوێی شارەكە كردووە، خۆی و خاتوو هەرمن بە خامەكانیانەوە هیچیان بۆ ئێمە نەهێشتووەتەوە كە شیكارێك بەدڵی خۆمان بۆ كتێبەكە بكەین.

هەرچەندە (من و كەركووك) بریتییە لە زنجیرە وتارێك بەشێوەی ستوونی رۆژنامەوانی لە هەفتەنامەی "باس" بڵاوی كردووەتەوە و نووسەرەكەی ناونیشانی "یادەوەری و لێڕامان"ی بۆ داناوە، وەلێ‌ لەبەرئەوەی بە تەڵێكی وەهمی نەبینراو هەمووی بەستووە بەیەكەوە، لە یەكەم وشەوە تا دوا وشەی پێوەست كردووە بەیەك شوێن و یەك دۆز، ئەویش شاری كەركووكی فرەكولتوور و كێشە لەسەرە.

دەقەكانی زیاتر دۆكیۆمێنتارین، بە زمانێكی ئەدەبیی زۆر شیرین و بە سۆزێكی دایكانە نووسراوە و تێكەڵ بە ئەندێشە و فەنتازیای خەیاڵی رۆژانی منداڵیی خۆی كردووە، بۆیە دەتوانین ناوی بنێین "یادەوەری بە تامی رۆمان".

هەرمن خۆی كچەزای كەسایەتیی كوردپەروەر و سیمبۆلێكی دیاری شاری كەركووك "حەسیب خەیات"ـە، هەر ئەویشی كردووە بە نموونەی كوردپەروەر و خۆڕاگریی شارەكە، نەك لەبەرئەوەی باپیریەتی، بەڵكو حەسیب خەیات خۆی یەك لە سیما دیارەكانی ئارابخایە. 
نووسەر بەهۆی ئەوەی بەردەوام سەردانی كەركووكی كردووە و لە نزیكەوە تێكەڵ بەو فرەكولتوورییە بووە و وەك خۆی لە لاپەڕە 17دا ئێژێ، ‌"سەرەتای حیكایەتەكە لە زاری كیژۆڵەیەكەوە دەست پێ دەكات و رووداوەكانی لەگەڵ تەمەنی مندا دەڕۆن و بە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 بەكۆتا دێن‌".

هەر خۆی لە لاپەڕە 20دا وەڵامی خۆی دەداتەوە و دەڵێ‌، "لەو رۆژەوەی ئۆكتۆبەرچییەكان لە رقی ریفراندۆمچییەكان و لەپێناو چەند دەستكەوتێكی بچووك، ئەو شارە مەزن و ئازیزەی كوردستانیان خستەوە ژێر چنگی حەشدی شەعبی و داگیركەران و خەڵكەكەیان رووبەڕووی گەورەترین كارەسات كردەوە و شكۆی كوردیان لەو شارەدا ورد و خاش كرد، ئیتر پرسی كوردستانیبوونی كەركووك و ژیانی خەڵكەكەی لە جیاتی ئەوەی مایەی نیگەرانی بێت، بووە ئەوەی مایەی مەترسییەكی گەورە و نزیك لەدەستدانی یەكجارەكی ئەو شارە بێت، بەداخەوە 16ی ئۆكتۆبەر خاڵی وەرچەرخان و گەڕانەوە بوو بۆ خاڵی سفر".

بیرمان نەچێت كە كەركووك بەهۆی بوونی زۆری رێژەی سینەما و كۆمەڵی كەركووك "جەماعەت كەركووك" كە پێكهاتبوون لە بژاردەیەكی ئاستبەرزی رۆشنبیر و نووسەران و شاعیرانی شارەكە لە كورد و توركمان و عەرەب و كلدوئاشوور، وەك محێدین زەنگنە، یوسف حەیدەری، سەرگۆن پۆڵس، جان دەمۆ، زوهدی داوودی، ئەنوەر غەسانی و قەحتان هورمزی.. هتد، كە سەرجەمیان لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان ناسراو بوون، زۆربوونی هۆڵی سینەما و یانەكانی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییش، هۆكارێكی تر بوون تا شارەكە لە سەدەی رابردوودا ببێتە پایتەختی رۆشنبیری عێراق و كوردستان.

 هەرچەندە نووسەری كتێبەكە لە كتێبەكەدا دەڵێ، "من مێژوونووس نیم.." لێ‌ بە ڕاستی توانیویەتی زۆر بە جوانی مێژووی سەردەمێكی دیاریكراوی ئەم شارە لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە وەك فۆتۆگرافەر و هەندێك جار وەك گێڕەرەوە، فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری تۆمار بكات. 

خاتوو هەرمن لە نزیكەوە لەگەڵ رووداوە گرنگەكاندا ژیاوە و بەتایبەتی رۆژانی رەشی پرۆسەی ئەنفال و راپەڕینە مەزنەكەی 1991 كە خۆی لە كەركووك بووە و ساتەكانی ئازادكردنی كەركووكی بە چاوی خۆی بینیوە و لەگەڵیاندا ژیاوە، لەم كتێبەدا تۆمار دەكات.
باسی دیاردەی زۆریی پایسكل دەكات و ئاماژە بۆ ئەو قسە خۆشانە دەكات كە بۆ كەركووكییەكانیان هەڵبەستووە

 لەرووی كۆمەڵایەتیشەوە ئاماژە بۆ داونەریتە تایبەتەكانی كەركووك دەكات وەك (سێ‌ مەوج)، مەبەستی لە قسەكردنی كەركووكییەكانە بە سێ‌ زمانی كوردی و عەرەبی و توركمانی. باسی دیاردەی زۆریی پایسكل دەكات و ئاماژە بۆ ئەو قسە خۆشانە دەكات كە بۆ كەركووكییەكانیان هەڵبەستووە و دەڵێن، "هەر كوڕێكی كەركووكی نەزانێ‌ پایسكل لێبخوڕێت، ژنی نادرێتێ". ئەمیش لەبەرئەوەی لە مێژە شارەكە بە رێژەیەكی بەرچاو پایسكل و پایسكلسواری تێدا بەدی كراوە و پایسكل تەنیا بۆ هاتۆچۆ بەكار نەهێنراوە، بەڵكو كاسبیشی پێوە كراوە. تەنانەت ژنیش لە كەركووك پایسكلیان لێخوڕیوە.

من لەمە زیاتر ناچمە ناواخنی كتێبەكە و چێژی ناوەڕۆكەكەی بۆ خوێنەرانی بەجێ‌ دێڵم، چونكە نووسەری كتێبەكە وەك دووڕناسێك چووەتە قووڵایی شارەكەوە.

كتێبی من و كەركووك لەلایەن دەزگا میدیایی باس چاپ كراوە و رۆی 19ی مانگی رابردوو تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، هاتە بڵاوكردنەوە.

وشە/كەركووك- ستار جەباری 





وشە - وشه‌