بەرپرسێكی گۆڕان: پێوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی ئاسایی نەبووەتەوە

:: PM:09:52:16/11/2019 ‌

بزووتنەوەی گۆڕان پرسی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ دوای كۆنگرەی ئەو حزبە هەڵدەگرێت و بەپێی زانیارییەكان، تا ئێستە نێوانی ئەو دوو حزبە وەك خۆی ماتەوە و ئاسایی نەبووەتەوە.

گۆڕان متمانەی بە سەركردایەتی ئێستەی یەكێتی نییە
ئەمڕۆ شەموو 16ی تشرینی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، تا ئێستە نێوانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئاسایی نەبووتەوە و ئەو سەردانەی پێشتریش بەشێكی بەرپرسانی یەكێتی بۆ مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەكەیان لە سلێمانی كرد، نەبووە هۆی توانەوەی بەستەڵەكی نێوانیان.

بەپێی زانیارییەكان بزووتنەوەی گۆڕان متمانەی بەم سەركردایەتییەی ئێستەی یەكێتی نییە كە بتوانێت پابەندی ڕێككەوتنەكان ببێت لەگەڵیاندا، بۆیە ئەنجامدانی هەر ڕێككەوتنێكی لەگەڵ یەكێتی هەڵگرتووە بۆ دوای كۆنگرە.

نەسڕەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێشتا پێوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام لە سەرەتای دەست پێكردنی گرژییەكانی نێوانیان باشترە.

زیاتر گوتی، یەكێتی ئێستە سەرقاڵی هەڵبژاردنی كۆمیتە و مەڵبەندەكانە و دواتریش هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرەی حزبەكەیان، بۆیە ئێستە ئەوان كاتی كۆبوونەوە و ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانیان نییە.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دووپاتی كردەوە، لەگەڵ ئەوەین لە هەرێم پێوەندییەكانمان لەگەڵ سەرجەم حزبەكان بە یەكێتیشەوە ئاسایی ببێتەوە، چونكە دۆخی ناوچەكە و عێراق وا دەخوازێ ئێمە لە هەرێم تەبا و كۆك بین و ماڵی خۆمان ڕێكبخەینەوە.

لە مانگی ئایاری 2018 و دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕان سەرجەم پێوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی ڕاگرت و بە ئەنجامدانی ساختەكاری لە دەنگدان و هەڵبژاردنەكان تۆمەتباری كرد.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل