وەرشەكانی گۆڕینی سیستمی ئۆتۆمبێل بۆ غازی سروشتی LPG دەست بەكار دەكەنەوە

:: AM:08:53:18/11/2019 ‌

دوای ئەوەی چەند حاڵەتێكی ئاگركەوتنەوەی ئۆتۆمبێل بەهۆی ناستانداردبوونی بەستنی سیستمی LPG رووی دا، حكوومەت رێنوێنییەكانی توند كرد. لە سلێمانی خاوەن وەرشەكانی دانانی سیستمی LPG سەرقاڵی مامەڵەكانی دەرهێنانی مۆڵەتی نوێی كارەكەیانن. خاوەنی یەكێك لەو وەرشانە دەڵێت، كۆمپانیاكەیان دامەزراندووە و چاوەڕوان دەكەن لە ماوەی هەفتەیەكدا وەرشەكەیان بكەنەوە.  

لە ماوەی ڕابردوودا لە سلێمانی و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك وەرشەی دانانی سیستمی LPG  /گۆڕینی ئۆتۆمبیلی بەنزین بۆ غاز/، دەستیان بە دانانی سیستمەكە بۆ ئۆتۆمبێل كرد بە جۆرێك ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل ئەو سیستمەیان دانا، ئەمەش بەهۆی هەرزانی نرخی غاز لە چاو بەنزین و بەرزی كوالێتی غازەكە بووە.

بەڵام دوای سەرهەڵدانی چەند حاڵەتێكی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل بەهۆی دانانی سیستمەكەوە، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە داخستنی ئەو وەرشانە و رێنوێنییەكی نۆ خاڵی دەركرد تا كارەكە بكرێتە كۆمپانیا و سەلامەتی هاووڵاتییانیش لەبەرچاو بگیرێت.

سەرجەم ئەو وەرشانە داخراون تا مۆڵەتی كار و مەرجەكانی سەلامەتی جێبەجێ دەكەن.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی وەرشەكانی LPG و داخستنی ئەو شوێنانە، ئێستە بەشێكی زۆر لە خاوەنی ئەو شوێنانە دەستیان بە دەرهێنانی مۆڵەتی كردنەوەی شوێنەكانیان كردووە.

قادر گوتی، هەندێك كەس بێزار بوون لەوەی ئەوەندە شوێنیان كردووە بۆ دەركردنی مۆڵەت، چونكە رێنوێنییەكەی وەزارەتی ناخۆ نۆ مادە لەخۆ دەگرێت و هەر مادەیە و چەند لقێكی لێ دەبێتەوە، وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی كۆمپانیاكان دەدات و لێرەش چەند شوێنێكی دەوێ دەبێت سەردانیان بكەن و بەدوایدا بچن، بۆیە نازانرێت چەندی پێ دەچێت.

وەك گۆران قادر ئاماژەی پێ دا، زوو تەواوبوونی كاری وەرشەكان بەپێی توانای كەسەكانە كە چەندە تاقەتیان هەیە خێرا بە دەم كارەكانیانەوە بچن، بەڵام تا ئێستە هیچ كەسێك نەیتوانیوە مۆڵەتەكەی تەواو بكات و وەرشەكەی بكاتەوە.

ڕێكان جەمال گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی لەبارەی كاری وەرشەكانی دانانی سیستمی LPG بۆ ئۆتۆمبێل، بە"وشە"ی راگەیاند، دوای بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ، سەرجەم ئەو وەرشانە داخران تا مۆڵەتی كاركردن نوێ بكەنەوە و مەرجەكانی سەلامەتی جێبەجێ بكەن.

وەك لە رێنوێنییەكانی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، پێویستە ئەو شوێنەی سیستمی غاز بۆ ئۆتۆمبێل دادەنێت، كۆمپانیایەكی تۆماركراو بێت لە وەزارەتی ناوخۆ و تەنیا كاری بریتی بێت لە دانانی سیستمی LPG بۆ ئۆتۆمبێل. هاوكات وەزارەتەكە بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی لە هەرچوار پارێزگاكەی دەركردووە ‌بۆ چاودێریكردنی شوێنەكان .

زاهیر شێخ ڕەزا خاوەنی یەكێك لەو وەرشانەیە كە ماوەی سێ مانگە‌ شوێنەكەی داخراوە، ئێستە زاهیر پارێزەرێكی بۆ ڕاییكردنی كارەكانی گرتووە و بەگوتەی خۆی هەنگاوی باشی بۆ ناوە. 

ئەو بۆ "وشە" گوتی، كارەكانی كۆمپانیاكەمان دامەزراندووە، ئێستە چاوەڕێ دەكەین كارەكانی تریش تەواو ببن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بەكار بین.

لای خۆیەوە بەهمەن شێخ قادر گوتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی باسی لە باشی سیستمەكە كرد و ڕای گەیاند، لە سلێمانی زیاتر لە 15 وێستگە و بەنزینخانە سیستمی  LPGیان داناوە، لیترێك غاز دەدەن بە 325 دینار.  
شێخ ئاماژەی بەوەش دا كە ئەم سیستمە لە بەرژەوەندی كەسانی هەژار و دەستكورتە، بەوەی هەم غازەكە هەرزانە و هەم كوالێتیشی بەرزە.

وشە/ سلێمانی- هەستیار عەبدوڵا





وشە - وشه‌