كچێك تكا لە شوفێران دەكات پابەندی یاساكانی هاتوچۆ بن

:: PM:02:39:19/11/2019 ‌

بەپێی ئامارەكانی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان رووداوەكانی هاتوچۆ كەم بوونەتەوە و رێكخراوەكانی تایبەت بە هۆشیاری هاتوچۆ ئاماژە بە خراپی سیستمی هاتوچۆ دەدەن لە هەرێمی كوردستان.

ئانیا تەنیا كچێكی تەمەن حەوت ساڵ بە جلوبەرگی قوتابخانەكەی هاتووە بۆ ئەوەی لە یادكرنەوە قوربانییانی هاتوچۆ بەشدار بێت و پەیام و داواكاری خۆی بە شوفێران و خەڵك بەگەێنێت و پابەندی یاساكان بن، ئەو بۆ "وشە" گوتی، تكا لە باوك و برا  و شوفێران دەكەم كە خێراییان كەم بكەنەوە، چونكە لەكاتێكدا ئێمە لە شەقامەكان دەپەڕینەوە، ئەوان دەبێت بوەستن.

ئەوەی دەبیین سیستەمی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان خراپترین سیستەمە كە ناوچەكە هەیە

لە رۆژی یەکشەمی سێیەم هە فتەی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك یادی قووربانییانی رووداوەكانی هاتوچۆ لە جیهان دەكرێتەوە و لە هەرێمی كوردستانیش چەند چالاكییەك بەڕێوەچوو، بۆئەوەی شوفێران و هاووڵاتییان هۆشیاری زیاتریان پێ بدرێت تا بە سەلامەتی هاتوچۆ بكەن.

رێكخراوەكانی تایبەت بە هۆشیاری هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان هۆشداری مەترسی سیستمی هاتوچۆ دەدەن و پێیان وایە ژیانی پیادە و شوفێران مەترسییان لەسەرە. نەجات نەجم سەرۆكی ڕێكخراوی سوور بۆ هۆشیاری هاتوچۆ بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو، سیستمی هاتوچۆی کوردستان خراپترین سیستەمە كە لە دەوروبەرمان هەیە، داوا لە لایەنە پێوەندیدارەكان دەكەم گرفتەكانی بەردەم سیستەمی هاتوچۆ چارەسەر بكەن.


بەپێی ئامارەكانی رێكخراوەی تەندروستی جیهانی(who) ساڵانە لە جیهان ملیۆنێك و 200 هەزار كەس بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ كۆتای بە ژیانیان دێت، هەروەها بەپێی ئاماری ئەو ڕێكخراوە ساڵانە 20 -50 ملیۆن كەس بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ توشی سەرجێگایی و كەمئەندامی دەبن. بەپێی پێشبینی ئەو رێخكراوە بۆ ساڵی داهاتوو نزیكە ملیۆنێك و 900 هەزار هاووڵاتی ببنە قوربانی رووداوەكانی هاتوچۆ. 


بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بەرانبەر قووربانییانی هاتوچۆ نیگەرانە و بەردەوام دەیەوێت سیستەمی هاتوچۆ بەرەو پێشەوە ببات و فازڵ حاجی گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر پێچەوانەی سەرۆكی ڕێكخراوەكە پێی وایە رووداوەكان بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بووەتەوە و بۆ "وشە" رای گەیاند، ئەو رەوشەی هاتوچۆ لە ئاست و خواستی ئێمە نییە وەك پۆلیسی هاتوچۆ كە رووداوەكان بگەیەنینە ئاستی سفر و ئەوە لە هیچ شوێنی دنیا نییە.

لە %73 ئەوانەی بەرووداوی هاتوچۆ دەبنە قوربانی گەنج و لە ڕەگەزی نێرن

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە سێ هەزار و 328 رووداو روویانداوە و بەهۆیانەوە پێنچ هەزار و 500 كەس بریندار و بوونەتە قوربانی. بەراورد بە ساڵی رابردوو كە ژمارەی رووداوەكان چوار هەزار و 208 بووە هەروەها قوربانی و بریندارەكان  پێنج هەزار و 499 كەس بریندار و قوربانبووە، رووداوەكان كەم بووەتەوە. 


" بە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو  رووداوەكانی هاتوچۆ رووی لە كەمبوونەوە كردووە، هەرچەندە بە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان زیادی كردووە، بەڵام هەوڵی بەردەوام دەدەین تا كەمترین رووداو رووبدات" فازڵ حاجی وای گوت.


رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەی دەرخستووە، كە ئەوانەی بە هۆی رووداوەكانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن تەمەنیان لە نێنوان 14 بۆ 44 ساڵانە، هەروەها 73%ی ئەوانە گەنجن  و لە ڕەگەزی نێرن.




وشە - زریان تەها