فارین سالار: لەڕێی هونەرەكەمەوە پیرۆزیی ژن پیشان دەدەم

:: AM:09:43:20/11/2019 ‌



فارین سالار دیزاینەر و شێوەكار /30 ساڵ/ دەرچووی كۆلیژی هونەرە جوانەكانی سلێمانی بەشی شێوەكارییە. چەندان دیزاین و نەخشاندنی بۆ جلوبەرگی ژنان كردووە. ئەو بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەدات كە دەیەوێ لە ڕێی تابلۆوە پیرۆزی ژن پێشان بدات. بەهۆی ئەوەی بەگوتەی فارین "ژن لەم كۆمەڵگەیە بەردەوام  دەچەوسێنرێتەوە".

وەك فارین سالار دیزاینەر و شێوەكار خستیەڕوو، هەر لەو كاتەوەی لە زانكۆ بووە، وانەی دیزاینیان خوێندووە و زۆر حەزی كردووە وەك دیزاینەر كار بكات. خۆی دەڵێ "ئەگەر بەشی تایبەت بە دیزاین هەبوایە، هەر ئەوەم هەڵدەبژارد، بەڵام ئێستە لە بواری شێوەكاری و دیزایندا كار دەكەم و لە هەردوو بوارەكە زۆر ئاسوودەم".

فارین گوتی، "تابلۆكانم تایبەتن و هەریەكەیان بە هەستێكی جوانەوە كێشاومن، تابلۆی (كیژە كورد) زۆر تایبەتە لام، كە لە ئیمارات لە پێشانگەی سیمبوزیومی جیهانی بەشدار بوو".

"پێشانگەكە لەسەر ئاستی دنیا رێكخرابوو، وەك كچێكی كورد بەشداریم كرد و تابلۆكەم كێشا تا جوانی و ڕەسەنایەتی كچی كورد و جلوبەرگ و كولتووری كوردی بناسێنم، ئامادەبووان زۆر سەرسام بوون بە كارەكەم و بڕیاریان دا بێنە كوردستان و ئاشنای خەڵكەكە و جوانی و سروشتەكەی بن" فارین وای گوت.

ژن بەردەوام كێشەی گەورەی بۆ دروست دەكرێت
ئاماژە بەوەیش دەدات "تابلۆكانم پەیامێكن تا لەم ڕێیەوە گەورەیی و پیرۆزی ژن پێشان بدەم، چونكە ژن بەردەوام كێشەی گەورەی بۆ دروست دەكرێت و دەیكەنە قوربانی، بەڵام لەپێناو پاراستنی ژنێتی خۆی دەجەنگێت. دەمەوێ لە ڕێی هونەرەكەمەوە ژن بەرز و پیرۆز و جوان بهێڵمەوە و بیپارێزم".

ئەو كچە كوردە بۆ ساڵی 2020 بە نیازە تابلۆكانی لە پێشانگەیەكی تایبەتدا بخاتە ڕوو، چەندان دیزاینی جلوبەرگی ژنان پێشانی ئامادەبووان بدات. 

ئامانجیشی كاركردنە بۆ ئەوەی ئازارەكانی ژنان لە ڕێی تابلۆكانییەوە بەیان بكات و هاوكاری ژنانی دەستڕەنگین بێت تا بتوانن كار بكەن و ببنە خاوەنی كار و پیشەی خۆیان.

وشە/ گەرمیان گلی




وشە - وشه‌