نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی

:: AM:10:59:20/11/2019 ‌

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆرسەوە نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردووە و سەرووی دوو دۆلار و نیو لە نرخەكەی كەم بووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 60 دۆلار و 90 سەنت دەفرۆشرێت

بەگوێرەی liveychart  ئەمڕۆ چوارشەم نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 60 دۆلار و 90 سەنت دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخەكەی 63 دۆلار و 70 سەنت بوو.

رۆژانی دووشەم و سێشەم بە رێژەیەكی بەرچاو لە نرخی نەوت دابەزی و ئەمڕۆ چوارشەمیش لە ئاستێكی نزمدا بازاڕەكەی كراوەتەوە و هێشتا دیار نییە ئەمڕۆكەش نەوت دابەزین تۆمار دەكات، یان قەرەبووی دابەزینی رۆژانی رابردوو دەكرێتەوە.

گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت دیسان پێوەندی بە  ئەنجام نەگەیشتنی گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و چین و هەیە و هەر جۆرە بەرەوپێشچوونێك لە گفتوگۆكان نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە و هەواڵی ناخۆشی پێوەندیداریش نرخەكە نزم دەكاتەوە.

هەردوو زلهێزی ئەمەریكا و چین زۆرترین كاریگەرییان لە ئابووری دنیادا هەیە و بەهێزبوونی پێوەندیی ئابووری ئەم دوو وڵاتە ئابووری و چەرخی پیشەسازیی دنیا پێش دەخات و ئاستی داخوازی بۆ سەر نەوت بەرز دەكاتەوە و لەو كاتەشە كە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.

جگە لەم هۆكارە دوێنێ سێشەم ئامارێكی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا بڵاو كرایەوە و بەگوێرەی ئامارەكەش، نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا بۆ سێیەم هەفتەی لە دوای یەكتر بەرز دەبێتەوە و ئەمەش كاریگەری بۆ سەر دابەزینی نرخی نەوت هەیە.



وشە - سلێمان تاشان