سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەستی لەكار كێشایەوە

:: PM:06:06:20/11/2019 ‌
سامان بڵباس سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەستی لەكار كشاندەوە و دەڵێ، دەستلەكار كێشانەوەكەی پێوەندارە بە گۆڕانكارییەكان و ئاڵوگۆڕی پۆستەكان لەناو وەزارەتی شارەوانی. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانیش رای گەیاند، دەستلەكار كێشانەوەكەی قبوڵ كراوە و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا كەسێكی تر لە شوێنەكەی دەستبەكار بێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی تشرینی دووەم، سامان بڵباس سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەستی لەكار كشاندەوە و وەزیری شارەوانیش دەستلەكار كشاندنەوەكەی قبوڵ كردووە.

 سامان بڵباس سەرۆكی شارەوانی هەولێر بۆ "وشە" پشتڕاستی دەستلەكار كێشانەوەكەی كرد، ئاماژەی بەوەدا كە دەستلەكار كشاندنەوەكەی پێوەندارە بە ئاڵوگۆڕەكانی ناو وەزارەتی شارەوانی، گوتی "چاوەڕوان دەكەین لەلایەن وەزیری شارەوانی پەسند بكرێت".

لە ماوەی چوار ساڵدا سامان بڵباس 248 پڕۆژەی بە بودجەی 800 ملیار دینار لە هەولێر ئەنجامداوە


بەپێی زانیارییەكانی دەست "وشە" كەوتووە، وەك بەشێك لە پلانی وەزارەتی شارەوانی بڕیار هەبووە، سامان بڵباس سەرۆكی شارەوانی هەولێر، لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە، بەڵام پێش دەرچوونی بڕیارەكە، سەرۆكی شارەوانی هەولێر خۆی نامەی دەستلەكار كێشانەوەی رادەستی وەزارەتی شارەوانی كردووە و لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی، دەستلەكار كێشانەوەكەی قبوڵ كراوە.


لای خۆیەوە كوردۆ شابان بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی  شارەوانی بۆ "وشە" رای گەیاند، دەستلەكار كێشانەوەی سامان بڵباس سەرۆكی شارەوانی هەولێر لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی قبوڵ كراوە، بەڵام هێشتا دیار نییە كێ لە جێگەی ئەو دەكرێتە سەرۆكی شارەوانی.

ئەندازیار سامان محەمەد بڵباس لە ساڵی 2016 كراوە بە سەرۆكی شارەوانی هەولێر، بەگوێرەی سۆشیال میدیای شارەوانی هەولێر بێت، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 248 پڕۆژە لە سنووری شارەوانی هەولێر بە گوژمەی 800 ملیار و 472 ملیۆن و 352 هەزار دینار جێبەجێ كراوە، ئەو بودجەیەش لە داهاتی 17%ـی شارەوانی و 100%تی فرۆشتنی زەوی روكن و نایاب، دابین كراوە.



وشە - فه‌رمان سادق