كاتێك دەچوویتە ناو بازاڕی گەورەی هەولێر و نزیك دەبیتەوە لە دەرگەی پێشەوەی قەڵای هەولێر لە بەردەم دووكانێكی ساردەمەنیدا، پیاوێكی بەتەمەن دانیشتبوو و بە شمشاڵەكە بووبووە هۆكاری سەرنجڕاكێشانی گەشتیار و بیانییەكان و گەنجانیش بە پەرۆشەوە ڕوویان تێدەكرد، چونكە لەهەر سەعاتێك بۆ چەند خولەكێك بە لێوەكانی فوو بە كونی شمشاڵەكەیدا دەكرد و دەنگێكی خۆشی لێ دروست دەكرد، شەوی ڕابردوو كۆچی دوایی كرد.
نزیكەی 30 ساڵە شمشاڵ دەژەنێت
مام ئەبوبەكر كە خەڵكی شاری هەولێرە و نزیكەی 30 ساڵە شمشاڵ دەژەنێت، لە كۆنەوە هیوا و ئاواتی شمشاڵژەنین بووە، بە گوتەی خۆی سەرەتای دەست پێكردنی كارەكەی بۆ ژەنینی شمشاڵ بۆ ساڵی 1989 دەگەڕێتەوە.
پێشتر مام بەكر بۆ "وشە" گوتبووی، شمشاڵژەنین جگە لەوەی حەز و ئارەزوومە، لە هەمان كاتدا پیشەمە، چونكە رۆژانە بژێوی ژیانمی پێ بە دەست دێنم.
"جۆرەكانی شمشاڵ وەك بلوێر و شمشاڵ و نای و دووزەلەیە، ئەمانە جۆرەكانی شمشاڵن و ئەمانە هەریەكەیان ئاوازی تایبەتی خۆی هەیە". بەگوتەی مام بەكر.
ئەم پیاوە كە هەمیشە دەنگی ئامێرەكانی لە دوورەوە هەست پێ دەكرا، تا ئێستە بە هەزاران دانەی دروست كردووە و فرۆشتوویەتی و نرخی هەر ئامێرێكیش لە نێوان چوار تا 20 هەزار دینار بوو.