خاوەن كێڵگەكان هەڕەشەی وەستانی بەرهەمهێنانی مریشك دەكەن

:: PM:01:02:25/11/2019 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ گفتوگۆمان كردووە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ڕێگری لە دابەزینی نرخی مریشك، ئەگەر كارەكانی ئەو لیژنە سەری نەگرت، ئەوا بەشی زۆری كێڵگەكانی پەلەوەر دادەخرێن.

كۆنتڕۆڵی هێنانی مریشكی بەستوو بكرێت
ئەمڕۆ دووشەم 25ـی تشرینی دووەم، حەیدەر فەرحان سەرۆكی ئەنجوومەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ كۆ بووینەتەوە و بڕیاری دا لە ڕێی لیژنەیەك كە نوێنەری سەرجەم لایەنەكانی تێدایە، كۆنتڕۆڵی هێنانی مریشكی بەستوو بكرێت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان گوتی، پێویستە ئەو لیژنەیە بتوانێ نرخ بۆ مریشكی زیندوو دیاری بكات و لەوە زیاتر نرخەكەی دانەبەزێت، نرخێكی دیاریكراوی هەبێت تا چیتر زیان نەكەین.

باسی لەوەش كرد ئەگەر كارەكان بەو شێوەیە نەبێت كە ئێمە دەمانەوێت، ئەوا بەشی زۆری خاوەن كێڵگەكان واز دەهێنن و چیتر مریشكی زیندوو بەرهەم ناهێنن.

هەرێمی كوردستان نزیكەی 850 كێڵگەی پەلەوەری هەیە و بەرهەمی ناوخۆمان مریشك بەرێژەی %100 دابین دەكرێت، داوای  وەستان لە هێنانی مریشكی بەستوو دەكرێت بەڕێژەی دیاریكراو.



وشە - رامیار جەواد