ماوه‌یه‌كه هه‌واڵى تێكچوونى بارى ته‌ندروستى هونەرمەندى گه‌وره‌ى باشووری کوردستان محه‌مه‌د عه‌باس بڵاو بووه‌ته‌وه، "وشه" له زارى خۆیه‌وه زانیارى نوێ له‌سه‌ر ته‌ندروستی ئه‌و هونه‌رمه‌نده بڵاو ده‌كاته‌وه.
چاوەڕوانی کات ده‌كات بۆ کۆتاییهاتنی نەخۆشییەکەی تا بگەڕێتەوە کوردستان
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 29ى تشرینى دووه‌م، له لێدوانێكى تایبه‌تدا محەمەد عەباس هونه‌مه‌ندى گه‌وره‌ى كورد به "وشه" ڕاى گه‌یاند، سه‌ربارى نه‌خۆشییه‌كه‌ى ئه‌و هێشتا به‌رده‌وامه له نوووسینى شیعر و چەند بەرهەمێکی نوێی ئامادەن بۆ تۆمارکردن، به‌ڵام تا ئێسته ده‌رفه‌ت نه‌بووه.
زیاتر گوتى، تووشی نەخۆشییەکی قورس و مه‌ترسیدار بوومه و لەژێر چاودێری چڕى پزیشکیدام، بەڵام گەشبینم بەچاکبوونەوەم، چاوەڕوانی کات دەکه‌م بۆ کۆتاییهاتنی نەخۆشییەکە تا بگەڕێمەوە کوردستان.
محەمەد عەباس بارام، له‌باره‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه به "وشه"ى گوت، ماوەی زیاتر له چوار مانگه تووشی شێرپەنجەی غودە بوومه، تا ئێسته شه‌ش جار چارەسەری کیمیایی بەکارهێناوە و به‌كۆتایى هاتووه چاره‌سه‌ره‌كان، ئێسته له پشكنینى كۆتایدام.
" ئێسته دۆخم بەرەو باشتر دەڕوات و وەڵامی پزیشکەکان ئەرێنین، بەڵام چاوەڕێی کات دەکه‌م بۆ کۆتاییهاتنی نەخۆشییەکە و گەڕانەوەم له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م بۆ کوردستان" ئه‌و هونه‌رمه‌نده واى گوت.
محەمەد عەباس كە لە گۆرانیی كوردیدا بە پێشەنگ ناو دەبرێت، لە ساڵانی حەفتاكانەوە گۆرانی دەڵێت و زیاتر بە گۆرانیی "ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش" دەناسرێتەوە. ئەو تەنیا گۆرانیبێژ نییە، بەڵكو موزیكوانێكی دیاری بوارەكەی خۆیەتی و كاری هونەریی زۆری لەو بوارەدا هەیە. هاوكات بۆ یەكەمین جاریش گۆرانیی كوردیی بە تاكژەنیی "پیانۆ" گوتووە.
محەمەد عەباس بەهرام لە ساڵی 1952 لە شاری كەركووك لە گەڕەكی تەپەی مەلا عەبدوڵا لە دایك بووە. لە سەرەتای حەفتاكاندا بە گۆرانیی (كیژۆڵەی سوورە گوڵ) دەستی پێ كرد و دواتر بە گۆرانی (ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش) ناوی لە سەرجەم كوردستاندا بڵاو بووەوە. ئێستە لە بەریتانیا دەژیت و بەردەوامە لە گۆرانی و موزیك.