هه‌رچه‌نده دوو مانگ به‌سه‌ر دوایین رێككه‌وتنى توركیا و رووسیا له‌باره‌ى سووریا تێنه‌په‌ڕیوه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هۆى شه‌ڕى ئیدلبه‌وه جارێكى تر نێوانى رووسیا و توركیا گرژ بێت، ئه‌گه‌رهاتوو رێككه‌وتنێكى نوێ له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه نه‌كه‌ن.
هه‌ركه گیر پیدرسۆنى نوێنه‌رى تایبه‌تى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سووریا راى گه‌یاند گه‌ڕى دووه‌م گفتۆگاكانى لیژنه‌ى ده‌ستوورى سووریا شكستى هێناوه، جارێكى تر شه‌ڕ له سووریا ههڵگیرسیایهوه و هێزه‌كانى رژێمى سووریا هێرشێكى توندیان كردووه‌ته سه‌ر ئیدلب له باكورى رۆژئاوى سووریا. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌م هێرشه‌ى رژێمى ئه‌سه‌د كۆمه‌ڵێك پێشهاتى نوێ له گۆڕه‌پانى سیاسى و سه‌ربازى بێته ئاراوه، دیارترینیان ئاڵۆزى نێوان رووسیا و توركیا ده‌بێت.
ئیدلب گرێ كوێره‌كه‌ى جه‌نگى سووریا
شارى ئیدلب ده‌كه‌وێته باكورى رۆژئاواى سووریا، ئه‌م شاره دواین شاره كه به ده‌ست هێزه توندڕه‌وه‌كانى سووریا ماوه‌ته‌وه، كه خۆیان به ئۆپۆزسیۆنى سووریا ده‌ناسێنن، به‌ره‌ى نوسڕه دیارترین هێزى ئه‌م شاره‌یه له‌گه‌ڵ ده‌یان گرووپى تر‌ى توندڕه‌و، پێشتر به‌ره‌ى نوسڕه راسته‌وخۆ سه‌ر به رێكخراوى تیرۆریستى قاعیده بوو، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى كه پێشتر وڵاتانى به‌شداربوو له جه‌نگى سووریا بڵاویان كردووه‌ته‌وه، له ئیدلب زیاتر له 10 هه‌زار چه‌كدارى تیرۆریست و توندڕه‌و هه‌یه.
جگه له‌وه‌ى هه‌ندێكیان له لایه‌ن توركیاوه هاوكارى ده‌كرێن، توركیا به‌گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه له‌گه‌ڵ رووسیا و ئێران ئه‌نجامى داوه، 11 بنكه‌ى سه‌ربازى بۆ چاودێریكردنى ناوچه‌كه هه‌یه. ئه‌مه‌یش وایكردووه توركیا له هه‌ر هێرشێك نیگه‌ران بێت كه بكرێته سه‌ر ئیدلب، چونكه هه‌ندێك جار هێرشه‌كانى رژێمى ئه‌سه‌د راسته‌وخۆ كراونه‌ته بنكه‌كانى توركیا. جیا له‌وه‌یش توركیا بوونى خه‌ڵكێكى زۆر له شاره‌كه ده‌كاته بیانو بۆ ده‌ربڕینى نیگه‌رانییه‌كانى به‌گوێره‌ى ئامارى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نزیكه‌ى دوو ملیۆن كه‌س له ئیدلب ده‌ژین، توركیا به بیانووى ئه‌وه‌ى هه‌ر هێرشێك بكرێت خه‌ڵكێكى زۆر بۆ توركیا ئاواره ده‌كات.
چاودێران: پێوه‌ندى نێوان توركیا و رووسیا گرژ ده‌بێت و پێویستى به رێككه‌وتنى نوێ هه‌یه
توركیا و رووسیا هاوسه‌نگى دوو رێككه‌وتنى سۆچى
له دوو ساڵى رابردوودا توركیا و رووسیا دوو رێككه‌وتنیان له شارى سۆچى له‌سه‌ر سووریا كردووه. رێككه‌وتنى یه‌كه‌م له ناوه‌ڕاستى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2018 بوو تایبه‌ت بوو به شارى ئیدلب، ئه‌و رێككه‌وتنه‌یش له‌ژێر گوشارى هێرشێكى سه‌ختى رژێمى ئه‌سه‌د بوو، بۆ سه‌ر شارى ئیدلب. به‌گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى سۆچى كه له نێوان خودى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و ڤلادیمێر پوتینى سه‌رۆكى رووسیا ئه‌نجام درا، توركیا ده‌بێت له‌ماوه‌یه‌كى دیاركراو توركیا هێزه تیرۆریسته‌كان و هێزه توندڕه‌وه‌كان له‌یه‌كتر جیا بكاته‌وه، هێزه توندڕه‌وه‌كان ناچار بكات له خاڵى به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ رژێمى ئه‌سه‌د بكشێنه‌وه و چه‌كه قوڕسهكانیان راده‌ست بكه‌نه‌وه. كه‌چى دواى تێپه‌ڕبوونى ساڵێك به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه هیچ بڕگه‌یه‌كى رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ نه‌كرا. ته‌نانه‌ت به‌رپرسانى رووسیا به راشكاوانه توركیایان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرد گوایه نایه‌وێ رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ بكات.
رێككه‌وتنى دووه‌مى سۆچى له 22ى ئۆكتۆبه‌رى ئه‌مساڵ بوو، ئه‌مه‌یش چه‌ند رۆژێك دواى ئه‌و هێرشه بوو كه توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان" باكورى رۆژهه‌ڵاتى سووریا"ئه‌نجامى دابوو. به‌گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه رووسیا كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى هێزه كوردییه‌كان و رژێمى سووریا دانووستاندن بكه‌ن، هێزه كوردییه‌كان له هه‌ندێك ناوچه بكشێنه‌وه، له به‌رانبه‌ردا هه‌ندێك هێزى رژێمى سووریا ره‌وانه‌ى ناوچه كوردییه‌كان بكرێت، دوا بڕگهیهیش ئه‌وه‌یه رووسیا و توركیا ئۆپۆاسیۆنى هاوبه‌ش بۆ چاودێرى ناوچه‌كه ئه‌نجام بده‌ن.
سه‌باره‌ت به جێبه‌جێكردنى سۆچى دووه‌میش هه‌فته‌ى رابردوو له وه‌ڵامێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى خۆسه‌ر له رۆژئاواى كوردستان بۆ سێرگى لاڤرۆڤى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا، باس له‌وه كرابوو تا ئێسته توركیا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى جێبه‌جێ نه‌كردووه كه له‌گه‌ڵ رووسیا له باره‌ى رۆژئاواى كوردستان ئه‌نجامى داوه، هاوكات توركیا به هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ند نه‌بووه، به رێككه‌وتنى ئاگربه‌ست كه له سۆچى ئه‌نجام دراوه.
رووسیا بۆ توركیا سازش له‌سه‌ر ئیدلب ناكات
مانگى هه‌نگوینى كۆتایى دێت ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنى نوێ نه‌كرێت
وه‌ك بهرپرسیانى رووسیا دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێت ئیدلب بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌سه‌د بگه‌ڕێته‌وه. چونكه تاكه شارى سووریایه به ده‌ست تیرۆریست و توندڕه‌وان مابێته‌وه. ناوچه‌كانى تر یان به ده‌ست هێزه كوردییه‌كانه‌وه‌یه و یانیش به‌ده‌ست رژێمى ئه‌سه‌ده‌وه‌یه.
به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى رژێمى سووریا له 22ى مانگى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو سه‌ردانى سنووره‌كانى ئیدلبى كرد و دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، رژێمه‌كه‌ى بایه‌خ به كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ئیدلب ده‌دات، چونكه گرتنه‌وه‌ى ئیدلب یه‌كلاكردنه‌وه‌ى جه‌نگى سووریا ده‌بێت. چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێن له‌وانه‌یه توركیا و رووسیا پێویستیان به رێككه‌وتنى نوێ هه‌بێت له‌باره‌ى سووریا، ئه‌گینا گرژییه‌كى زۆر له‌سه‌ر هێرشكردنه سه‌ر ئیدلب ده‌كه‌وێته نێوانیان.