دوای گیان لە دەستدانی كارمەندێك پردێكی پەڕینەوە دروست دەكرێت

:: AM:09:20:04/12/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵاتی هەولێر ئاشكرای دەكات، بەهۆی كۆمەڵێك ڕووداو پارێزگاری هەولێر بڕیاری دا پردێك بۆ پەڕینەوە دروست بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم چواری كانوونی یەكەم، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی نووسراوێكمان ئاراستەی پارێزگاری هەولێر كرد لەلایەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژهەڵات، بەمەبەستی دروستكردنی بەرزە پردێك (پەیژە) بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتییان و كارمەندانی نەخۆشخانە و قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكان لەسەر شەقامی (100) مەتری بەرامبەر نەخۆشانەی فریاكەوتنی رۆژهەڵات، قبووڵ كرا.

ڕوون كراوەتەوە، ئەو داواكارییە دوای ئەوەی چەند رووداوێك روویان دا لە كاتی پەرینەوەی هاووڵاتییان و كارمەندانی نەخۆشخانەكەمان كە بەداخەوە بووە هۆی گیان لە دەستدانی كارمەندمان "هێمن كاكۆ".

پارێزگاری هەولێر دروستكردنی ئەو بەرزە پردەی خستووەتە بەرنامەی كارەكانی
باس لەوەش كراوە، بە خۆشحاڵییەوە ئێستە پارێزگاری هەولێر دروستكردنی ئەو بەرزە پردەی خستووەتە بەرنامەی كارەكانی، ئەوەیش وا دەكات ئەو بەدەنگەوەهاتنە بۆ ئەوەیە ئەو جۆرە رووداوانە دووبارە نەبنەوە.

لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر بەرانبەر نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل 80 كیلۆمەترە لە سەعاتێكدا كە هیچ تاسەیەكی پلاستیكی یان كەمكردنەوە خێرایی لێ‌ نییە.



وشە - رامیار جەواد