پێشمەرگەی "ڕۆژ" دەچێتەوە ڕۆژئاوای كوردستان

:: AM:09:38:07/12/2019 ‌


هێزی پێشمەرگەی "ڕۆژ" كە هێزێكی سەربازیی راهێنراون و سەربە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە"ن، دەچێتەوە ڕۆژئاوا و بەگوتەی بەرپرسانی ئەنەكەسە، پارتی یەكێتیی دیموكرات "پەیەدە" كێشەی بۆ دروست بووە و دەیەوێ پێشمەرگەی "ڕۆژ" بگەڕێنێتەوە. لەكاتێكدا پێشتر هەر ئەو هێزە بوو بە بیانووی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، ڕێگری لە گەڕانەوەی هێزی "رۆژ" دەكرد.

ژمارەی هێزی پێشمەرگەی "ڕۆژ" نزیكەی هەشت هەزار پێشمەرگەن و ساڵی ٢٠١٤ لە هەرێمی كوردستان لە ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان پێك هێنراوە و مەشقیان پێ كراوە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا لە مەترسییەكان، بەڵام پەیەدە بەردەوام ڕێگری لە گەڕانەوەیان كردووە بۆ ڕۆژئاوا بە بیانووی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی،  ئێستە كە لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا دروست بووە، پەیەدە ئامادەیە پێشمەرگەی "ڕۆژ" بگەڕێتەوە ڕۆژئاوا و ئەوەیش دەرفەتێكە بۆ یەكگرتوویی كورد لەو پارچەیەی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی هەسەدە، هەوڵی تەواو دەدات بۆ گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگەی "ڕۆژ" بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و لەو ڕووەوە ئەمەریكاییەكانیش پشتگیریی دەكەن، تا ئێستەیش چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ پەیەدە و ئەنەكەسە كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.
ئەوەی پێشتر پەیەدە لەبارەی پێشمەرگەی "ڕۆژ" دەیگوت بیانوو بووە

سەڵاح دەروێش ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی پێشكەوتنخواز لە سووریا، بۆ "وشە" ئەوە رادەگەیەنێ كە "نزیكبوونەوەی تەواو هەیە لەگەڵ پەیەدە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانمان".

دەروێش زیاتر گوتی، "بەرنامە هەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنەكەسە و پەیەدە دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر كێشەكان بكەن بۆ گەیشتن بە چارەسەر، چونكە هەسەدە داوا دەكات پشتیوانی بكرێت لەلایەن سەرجەم لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستانەوە."

پێشتر لە نێوان ئەنەكەسە و پەیەدەدا سێ ڕێككەوتن كراوە، بەڵام هیچیان ئەنجامیان نەبووە و جێبەجێ نەكراون، بەلای ئەنەكەسەوە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە متمانە بۆ نێوان ئەو هێزانە دەگەڕێنێتەوە.

ئیبراهیم برۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا و سەركردەی "ئەنەكەسە" بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، جێبەجێكردنی ئەو سێ ڕێككەوتنەی لە هەولێر و دهۆك لەگەڵ پەیەدە كردوومانە، گرەنتی كاركردنی پێكەوەییمان دەداتێ و متمانەیش دەگەڕێنێتەوە نێوانمان.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە "ئەنەكەسە"وە وەریگرتوون، پارتەكانی ناو ئەنەكەسە مەرجی بەشداریی كارا لە ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژئاوا و گەڕانەوەی پێشمەرگەی "ڕۆژ"یان داناوە بۆ هاوكاریكردن و گەڕانەوەیان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان. 

لە بەرانبەریشدا بەرپرسانی پەیەدە و هەسەدە نەرمییان نواندووە و ڕایان گەیاندووە گفتوگۆی بەردەوام دەكەن تا دەگەنە ڕێككەوتن و گەڕانەوەی ئەنەكەسە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بە پێشمەرگەی "ڕۆژ"یشەوە.

سلێمان عەرەب نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان، ئەوە دەخاتە روو كە پەیەدە و هەسەدە هیچ كاتێك گفتوگۆیان لەگەڵ ئەنەكەسە ڕەت نەكردووەتەوە، بەڵام دەبێ میكانیزمێك هەبێت، بۆ نموونە چۆن مامەڵە لەگەڵ هێزی "ڕۆژ" بكرێت و پارتەكانی ناو ئەنەكەسە چۆن بێنە ناو ئیدارەی خۆسەرییەوە.

عەرەب ئاماژەی دا، "پەیەدە ئامادەی گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی كێشەكانی نێوان پەیەدە و ئەنەكەسەیە."
بە بڕوای شارەزایانی كاروباری ڕۆژئاوای كوردستان، پەیەدە پێشتر بیانووی بە هێزەكانی پێشمەرگەی "ڕۆژ" و پارتەكانی ناو ئەنەكەسە گرتووە و بە بیانووی دروستبوونی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ نەیهێشت بگەڕێنەوە، بەڵام ئێستە كە خۆی پێویستی پێیانە، ناڵێ گەڕانەوەیان ئەو كێشانە دروست دەكەن.

لوقمان حەسەن شارەزای كاروباری ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا ڕای دەگەیەنێت، ئەوەی ئێستە پەیەدە دەستپێشخەری دەكات بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەی "ڕۆژ" بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، دەرخەری ئەوەیە ئەوانەی پێشتر لەسەر ئەنەكەسە و پێشمەرگەی ڕۆژ دەیگوت، بیانوو بوون و ڕاست نەبوون و پێوەندیی بە تاكڕەویی هەبووە.

لوقمان بۆ "وشە" زیاتر گوتی، "لە هەموو حاڵەتەكاندا گەڕانەوەی پێشمەرگەی "ڕۆژ" بۆ ڕۆژئاوای كوردستان گرنگیی سیاسیی و سەربازیی بەرچاوی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، چونكە ئەوان هێزێكی مەشقپێكراو و ئامادەن بۆ خزمەتكردن و بەرگریكردن لە ڕۆژئاوای كوردستان."

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال




وشە - وشه‌