بریانكا چۆبرا: لە هۆڵیوود گوڵباران نەكرام

:: PM:12:21:07/12/2019 ‌
لە دیمانەیەكدا لە 18مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مەراكش بۆ فیلم، بریانكا چۆبرای ئەستێرەی سینەمای هیندی و جیهانیی رای گەیاندووە، وێڕای ئەوەی بڕوام بە رەگەزپەرستیی نییە، بەڵام كاتێك رووم لە هۆڵیوود كرد، بە گوڵ پێشوازیی نەكرام.

پێگەی "ئیلاف" بڵاوی كردووەتەوە، ئەو دیمانەیەی لەگەڵ چۆبرا ساز كراوە، لە خولی 18مینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مەراكش بوو كە ئەدیب و راگەیاندكار نەجیب عەبدولحەق دیمانەكەی لەگەڵدا ساز كردووە.

بەهۆی خەڵاتكردنی بووە هاوشانی هونەرمەندان دەرهێنەری فڕەنسی برنار تافرنیە 
ئامادەیی ئەو خاتوونە ئەكتەرەی هیند لەو فێستیڤاڵە، بەهۆی خەڵاتكردنی بووە هاوشانی هونەرمەندان دەرهێنەری فڕەنسی برنار تافرنیە، ئەكتەری مەغریبی مونا فتو و ئەكتەر و دەرهێنەری ئەمەریكایی رۆبێرت ریدفۆرد.

چۆبرا لەو دیمانەیەدا گوتوویەتی، كاتێك لە دنیای بۆڵیوودەوە رووم لە دنیای هۆڵیوود كرد، جێی داخە كە لەوێ گوڵباران نەكرام. راستە من هیندیم و لە تەوقی سەرمەوە تا دەگاتە ژێرپێم، هیندیم، بە سەرجەم شێوەزارەكانی هیند قسە دەكەم و رۆشنبیرم هەر هیندییە، بەڵام لەكاتی نواندندا هەرگیز رەگەزپەرست نەبووم.

بریانكا چۆبرا كە ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری بۆڵیوودە و بە ئەكتەر و گۆرانیبێژێكی جوانی هیند دەناسرێتەوە، لە ساڵی 1982 لە دایك بووە، چاودێران پێیان وایە تەنیا جوانییەكەی نەبووەتە هۆی ئەوەی ببێتە ئەستێرە، بەڵكو دەنگێكی خۆش و ئەكتەرێكی ئەكتیڤ و بوێرە. لە ساڵی 2000دا بووەتە شاجوانی هیندستان. جیا لە بەشداری لە دراماكان، خاوەنی زیاتر لە 40 فیلمی سینەماییە و دەیان خەڵاتی جیهانیی بۆ نواندن و گۆرانییەكانی وەرگرتووە. هاوكات لە هۆڵیووددا بایەخێكی زۆری پێ دراوە و لە چەندان كاری هونەریی تەلەڤزیۆنی و سینەماییدا بەشداریی كردووە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د