له چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی پانێلێكی ته‌ندروستی كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی رۆشنبیری و هونه‌ریی دهۆك به هاوكاری "كومه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی كوردستان و هندستان" سازیان داوه، پزیشكێكی هندستان كه باسێكی خسته ڕوو، تێیدا چه‌ند هۆكارێكی زیادبوونی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی له كوردستان، ئاشكرا كرد.
دكتور روهێت نایه‌ر پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه و وه‌ره‌م، له باسه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه شێرپه‌نجه له هه‌موو دنیا بوونی هه‌یه و تا ئێسته چاره‌سه‌ری 100% نییه. به‌ڵام ئومێدی ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه "پسپۆڕانی بواری ته‌ندروستی هه‌میشه به‌دوای چاره‌سه‌ری نوێ‌دا وێڵن بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه".
به‌گوته‌ی دكتۆر روهێت، "ئێسته له هندستان به باشترین شێوه چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه ده‌كرێت و به‌شی هه‌ره زۆری وڵاتانی دنیا ته‌نانه‌ت وڵاتانی پێشكه‌وتوویش، دێنه هندستان بۆ چاره‌سه‌ریی".
وایه‌ری كاره‌بای مۆلیده، ئاوی پیس، ناڕوونی سه‌رچاوه‌ی خۆراك و بوونی شه‌ڕ، گرنگترین هوكاره‌كانی شێرپه‌نجه‌ن له كوردستان
پزیشكه‌كه ئه‌و زانیارییه‌ی خسته ڕوو كه وڵاته تازه پێگه‌شتووه‌كان زۆرترین رێژه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یان تێدا تۆمار ده‌كرێت، له كاتێكدا كه‌مترین چاره‌سه‌رییان هه‌یه. بۆیه وه‌ك ئه‌و ددانی پێدا نا "خه‌لكی ئه‌و وڵاتانه به‌ده‌ست ئه‌و نه‌خۆشییه و نه‌بوونی چاره‌سه‌ری پێویسته‌وه، ده‌ناڵێنن"
دكتۆر روهێت ماوه‌ی 20 ساڵه له بواری چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه كار ده‌كات و له 120 وڵاتی دنیا نه‌خۆشی بینیوه، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكیشه هاتووه‌ته هه‌رێمی كوردستان و له دهۆك و هه‌ولێر سه‌ردانی چه‌ندان نه‌خۆشخانه و سه‌نته‌ری تایبه‌ت به چاره‌سه‌ركردنی شێرپه‌نجه‌ی كردووه و له هۆكاره‌كانی تووشبوون ده‌كۆڵێته‌وه.
له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی شێرپه‌نجه له هه‌رێمی كوردستان، گوتی، "له هه‌رێمی كوردستان به‌هۆكاری بۆماوه‌یی (ویراسی) چه‌ندان كه‌س نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یان بۆ گوازراوه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته پێش هاوسه‌رگیری پشكنینی پێویست ئه‌نجام بدرێت، هه‌روه‌ها نه‌خۆشییه گوازراوه و ڤایروسییه‌كان یه‌كێكی ترن له هۆكاره‌كانی زیادبوونی رێژه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له كوردستان".
"هه‌روه‌ها له كوردستان زۆر گرنگی به پاكوخاوێنی و خواردن و خواردنه‌وه‌ی خۆماڵی نادرێت، به‌ڵكو زیاتر خواردنه چه‌ور و مه‌ترسیداره‌كانی قه‌ڵه‌وی به‌كار ده‌برێن، به‌شێكی زۆری ئه‌و خواردنانه‌ی له بازاڕه‌كاندا هه‌ن سه‌رچاوه‌یان دیار نییه چۆن دروست كراون، هاوكات گرنگی ئه‌وتۆ به خواردنی سه‌وزه نادرێت" پزیشكه وای گوت.
له پانێله‌دا كه په‌یامنێری "وشه" ئاماده‌ی بوو، دوێنێ شه‌موو، دكتۆر روهێت روونیشی كرده‌وه كه وایه‌ر و ده‌نگ و دوكه‌ڵی مۆلیده‌ی كاره‌با كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر زیادبوونی رێژه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه هه‌یه، جیا له‌وه‌ی جگه‌ره‌كێشان یه‌كێكی تره له هۆكاره‌كانی زیادبوونی ئه‌و نه‌خۆشیه، هه‌روه‌ها له كوردستان بوونی شه‌ڕ و ئاڵۆزی هۆكاری زیادبوونی شێرپه‌نجه‌یه.
دهۆك، نه‌وزاد هلۆری