ژمارەیەكی بەرچاو كاندیدی كۆنگرەی یەكێتی كشانەوە

:: AM:11:39:08/12/2019 ‌
لە مەڵبەندی یەكی سلێمانی بەشێوەیەكی چاوەڕان نەكراو، ژمارەیەكی زۆری كاندید بۆ ئەندامێتی كۆنگرە كشانەوە و تا ئێستەش هۆكارەكەی نادیارە.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی كانوونی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدانی مەڵبەندی سلێمانی بۆ كۆنگرەی چواری یەكێـتی كشاونەتەوە لە خۆكاندیدكردن.

لە زانیارییەكاندا ڕوون كراوەتەوە، پێشتر لە مەڵبەندی سلێمانی 438 كاندید هەبوون، بەڵام بەشێك لە كاندیدەكان لە پرۆسەكە كشانەوە و ئێستە 363 كاندید بەشداریی پرۆسەكە دەكەن.

ژمارەی كاندیدە كشاوەكان 75 كاندیدە 
سەرچاوەیەكی حزبی بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ژمارەی كاندیدە كشاوەكان 75 كاندیدە و پێشبینی دەكرێت تا سبەی كە رۆژی هەڵبژاردنە، ئەو ژمارەیە زیاتریش بێت بۆ كشانەوە، بەڵام حاڵەتەكە تەنیا لە مەڵبەندی یەكی سلێمانی نییە، لە چەند مەڵبەندێكی تریش ژمارەیەك كاندید لە پرۆسەكە كشاونەتەوە.

پێشتر "وشە" ئاشكرای كردووە كە كادرانی یەكێتی لە ژێر گوشاری زۆر و هەڕەشە و هەوڵی كڕیندان، لەلایەن باڵەكانی یەكێتییەوە بۆ راكێشانیان بەرەو لای خۆیان لە كۆنگرە، بۆیە رەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی كشانەوەی كاندیدەكان بەرگەنەگرتنی ئەو گوشارە زۆرە بێت.
لە ڕۆژی پێنجی كانوونی یەكەم ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جارێكی تر بڕیاری دا كە كۆنگرە لە ئەمساڵدا بكرێت، ئەوەیش بەهۆی زۆربوونی گوشارەكان لەسەر ئەو حزبە و ململانێ‌ ناوخۆییەكانی.

بەستنی ئەو كۆنگرەیەی یەكێتی لە كاتێكدایە پێشتر ئەو حزبە سێ كۆنگرەی ئەنجام داوە، یەكەمین كۆنگرەشی لە ساڵی 1992 بوو.




وشە - رامیار جەواد