حه‌سه‌ن رووحانى سه‌رۆك كۆمارى ئێران ئه‌مڕۆ له به‌رده‌م په‌رله‌مان ئاشكراى كرد، رووسیا به پێنج ملیار دۆلار هاوكارى ئێران ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى بارى ئابوورییه‌كه‌ى سووك بكات.
ئه‌مڕۆ حه‌سه‌ن رووحانى سه‌رۆكى ئێران له به‌رده‌م په‌رله‌مانى وڵاته‌كه‌ى ره‌شنووسى بودجه‌یه‌كى خسته‌ڕوو كه به "بودجه‌ى به‌رگرى" ناوى برد، ئه‌مه‌یش دواى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له دامركاندنه‌وه‌ى ئه‌و خۆپێشاندانانه دێت كه له دژى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى سووته‌مه‌نى سه‌رانسه‌رى ئێران گرتبووه‌وه.
رووسیا پێنج ملیار دۆلار به ئێران ده‌دات
به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى ئاژانسى فرانس پرێس، حه‌سه‌ن رووحانى له به‌رده‌م په‌رله‌مانى وڵاته‌كه‌ى گوتوویه‌تى، رووسیا به پێنج ملیار دۆلار به‌شدار ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى بارى ئابوورى ئێران سووكتر بكات، چونكه ئابوورى ئێران له پاشه‌كشه‌دایه به هۆى زیادبوونى هه‌ڵاوسان و زیادبوونى نرخى كه‌لوپه‌لى هاورده‌كراو، چونكه به‌هاى دراوى ئه‌م وڵاته به رێژه‌یه‌كى زۆر كوشنده دابه‌زیوه.
له مانگى ئایارى ساڵى 2018 ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێران كشایه‌وه، كه له ساڵى 2015 له‌گه‌ڵ چه‌ندان وڵاتى واژوویان كردبوو. دواتر ئه‌مه‌ریكا به چه‌ند قۆناغێك سزاى خسته سه‌ر ئێران، له قۆناغى یه‌كه‌م چه‌ندان سزاى خسته سه‌ر كه‌رتى ئابوورى و دارایى ئێران، له قۆناغى دووه‌م كه له مانگى تشرینى دووه‌مى 2018 كۆمه‌ڵێك سزاى تر له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه خرایه سه‌ر كه‌رتى وزه‌ى ئێران، به ئامانجى ئه‌وه‌ى ئاستى هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێران بگاته به خاڵى سفر.
هه‌رچه‌نده تا ئێسته روون نییه قه‌باره‌ى ئه‌و زیانانه چه‌ند به ئابوورى ئێران كه‌وتووه، به‌ڵام به‌رپرسانى باڵاى ئێران دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، وڵاته‌كه‌یان به‌رده‌وامه له ناردنه ده‌ره‌وه‌ى نه‌وت به شێوازى تایبه‌ت، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و شێوازانه‌یش ئاشكرا ناكه‌ن.
رووحانى له به‌رده‌م په‌رله‌مان گوتى، بودجه‌ى ئه‌مساڵ به‌رزكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كه‌رتى گشتى له خۆ ده‌گرێت به رێژه‌ى 15% و دواتریش گوتى، "بودجه‌كه بودجه‌ى به‌رگرى و خۆڕاگرییه به‌ڕووى سزاكان".
دواتریش له به‌شێكى قسه‌كانى گوتى، "به دنیا راده‌گه‌یه‌نین ئێمه وێڕاى سزاكان وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ین به تایبه‌تى ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به نه‌وته‌وه هه‌یه".
وه‌ك سه‌رۆك كۆمارى ئێران ئاشكراى كردووه، هه‌شت تریلیۆن و 845 ملیار ریال بۆ هاوكارى خه‌ڵكى ئێران ته‌رخان كراوه تا به‌سه‌ر ئه‌سته‌مییه ئابوورییه‌كان زاڵ بن، ئه‌مه‌یش ده‌كاته 36 ملیار دۆلار به نرخى ئه‌مڕۆى تمه‌ن.
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له بودجه‌كه‌دا باسى وه‌به‌رهێنانى رووسى كراوه به بڕى پێنج ملیار دۆلار كه ئێسته كارى بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام حه‌سه‌ن رووحانى ورده‌كاریى زیاترى له‌سه‌ر ئه‌م پاره‌یه‌ى ئاشكرا نه‌كرد.
حه‌سه‌ن رووحانى ددانى به چه‌ندان كێشه‌ى ئابوورى وڵاته‌كه‌ى نا و گوتى، "ئێمه ده‌زانین له‌ژێر سزاكان خه‌ڵك رووبه‌ڕووى ئه‌سته‌مى ده‌بێته‌وه و ده‌زانین به‌هاى كڕینى پاره‌ى خه‌ڵك دابه‌زیوه، جگه له‌مانه‌یش هه‌نارده و هاورده‌مان، له‌گه‌ڵ حه‌واڵه‌كردنى پاره و گۆڕینه‌وه‌ى دراوه‌كان رووبه‌ڕووى چه‌ندان كێشه بوونه‌ته‌وه".
حه‌سه‌ن رووحانى له كۆى قسه‌كانى دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كاریان له‌م بودجه‌یه ئه‌وه‌یه بارقوڕسى خه‌ڵكى ئێران كه‌م بكه‌نه‌وه له‌ڕووى بژێوییه‌وه.
له ناوه‌ڕاستى مانگى رابردوو خۆپێشاندانێكى سه‌رانسه‌رى له ئێران رووى دا به هۆى به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى سووته‌مه‌نى له ئێران، دواتر ئێران به هێز خۆپێشاندانه‌كانى سه‌ركوت كرد. وه‌ك ئاژانسى فڕانس پرێس ئاماژه‌ى بۆ كردووه، تا ئێسته ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران ژماره‌ى قوربانییه‌كانى خۆپێشاندانه‌كانى ئاشكرا نه‌كردووه.
به‌ڵام رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ڵێ، به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه 208 كه‌س له خۆپێشانده‌ران به‌ده‌ست هێزه ته‌ناهییه‌كانى ئێرانه‌وه كوژراون، به‌ڵام ئێران سه‌رله‌به‌رى ئه‌م زانیارییانه ره‌ت ده‌كاته‌وه.
سندووقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى پێشبینى ده‌كات ئه‌مساڵ ئابوورى ئێران به رێژه‌ى 9.5 % دابكشێ. وه‌ك تێبینى ده‌كرێت، به‌هاى دراوى ئێرانى به رێژه‌ى 40% له به‌رانبه‌ر دراوه‌كانى تر كه‌مى كردووه. وه‌ك ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بییه ئاماژه‌ى بۆ كردووه هه‌نارده‌ى نه‌وتى خاوى ئێران به رێژه‌ى 80% كه‌مى كردووه.
رووحانى ته‌واوى ره‌شنووسى بودجه‌ى ئێرانى ئاشكرا نه‌كرد
ئاژانسى فڕانس پرێس ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، له وتاره‌كه‌ى ئه‌مڕۆى حه‌سه‌ن رووحانى ته‌نیا ئاماژه‌ى بۆ چه‌ند به‌شێكى ره‌شنووسى بودجه‌ى ساڵى نوێ كردووه كه له كۆتایى مانگى ئادارى داهاتوو "2020" ده‌خرێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، له‌م ماوه‌یه‌شدا په‌رله‌مانى ئێران تاوتوێى ده‌كات به‌رله‌وه‌ى بڕیارى له‌سه‌ر بدات.
رووحانى دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، له‌م بودجه‌یه هێنده‌ى بكرێت ئێران پشتى به نه‌وت نه‌به‌ستووه. رووحانى ده‌ڵێ "پێویسته په‌رله‌مانتاران بزانن پێوه‌ره‌كانى ئه‌م بودجه‌یه‌مان به‌گوێره‌ى سیاسه‌تى ئه‌وپه‌ڕى گوشارى ئه‌مه‌ریكا و به‌رده‌وامبوونى سزاكان دانراوه".
له دواى كشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى، ئێران چه‌ندان جار هه‌وڵى داوه رێككه‌وتنه‌كه رزگار بكات، به‌ڵام تا ئێسته له هه‌وڵه‌كانى سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.